ناوهڕۆك
لەسەر شێوەی کۆن
شاعیر: کاکەی فەلاح
بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح
شیعر: لەسەر شێوەی کۆن
لەوەسفی خۆشەویستی تا زمانی لاڵە هەڵبەستم
ئیتر تۆ پێ بزانی، یانەزانی، من چ دەربەستم؟
ئەپرسی: بۆچی جامی دڵ بە نەشئەی بادە مەست نابێ
ئەڵێ: لێوڕێژی بادەی عەشقی تۆم و هەربە تۆ مەستم
ئەگەر باوەڕ بە من ناکەی وەرە سەیری دەروونم کە
لەدنیای خۆشەویستی تا چ دەریایەکی پڕهەستم
لەبەر سۆزی دڵم دوور و نزیکی بۆنییە چاوم
خوڕەی دێ ئاوی سەرچاوەی ئەگەر شادم ئەگەر پەستم
جگە لەو یادە شیرینەت، سەرانسەر تاڵە ژینی من
کەچی ئەتوێتەوە خەم، چوون لەگەڵ ئەویادە پەیوەستم
بەتاجی عەشقی تۆوە شام لەناو بەرگی گەدایی دا
کەبەندەی تۆم و ئازادەی چەرخ، دیلێکی سەربەستم
بەهیوای ئاوڕێکی تۆیە خۆ هەڵبستەکانی من
لەڕێی تەیری نیگایەکتا ئەبێ هێلانە هەڵبەستم
سەرچاوەکان
408 بینین