سەلەمەندەری پڵنگی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-13-14:21:00 - کۆدی بابەت: 7972
سەلەمەندەری پڵنگی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەلەمەندەری پڵنگی (بە ئینگلیزی: Tiger salamander)، گیانەوەرێکی زەمینەییە و لە کۆمەڵەی وشکاوەکییەکاندا پۆلێندەکرێت، نشینگەکەی بە شێوەیەکی گشتی دەکەوێتە ناوچە تەڕەکانی ئەمریکای باکوورەوە، جێگەی ژیانکردنیشی ناوچە شێدار و ڕووبار و جۆگەکان دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە گیانەوەرێکی هەستیارە بۆ گۆڕانکارییەکانی ژینگە و ئاستی ترشی ئاو بەڵام توانای بەرگەگرتن و لە ژیاندا مانەوەی هەیە، ژیانکردنی ئەم سەلەمەندەرە بە تەنهایە واتە کۆمەڵە پێکناهێنێت لەگەڵ ئەندامەکانی تردا تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت، هیچ زانیارییەک نییە دەربارەی ژمارەی تاکەکانی بەڵام باوەڕ وایە کە مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە و لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نییە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە پێستێکی پیاڕۆی کونیلەدار داپۆشراوە کە دەتوانێت بە هۆیەوە هەناسەدەدات، هەروەها ماددەی لینج لە کونیلەکانییەوە دەردەدات بە مەبەستی شێدارکردنەوەی جەستەی، لە هەمان کاتدا کونیلەکانی زیانی هەیە و دەکرێت هاوکاربێت لە پیسبوونی ناوەکی، سەلەمەندەری پڵنگی کۆمەڵێک ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، ڕەش، ڕەساسی، زەرد و سەوز، رەنگە بنچینەییەکی پێستی کاڵە بە پەڵە و خاڵی رەش پڕبووەتەوە لەبەر ئەمەش ناوی پڵنگی پێدراوە چونکە دەرکەوتنێکی وەک پێستی پڵنگی هەیە، هاوشێوەی سەلەمەندەرەکانی تر توانای دروستکردنی بەشێکی درێژەوەبووی هەیە لە جەستەیدا کە وەک پەلەکانییەتی بەڵام ڕەنگێکی جیاوازی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە جەستەی، گیانەوەرێکی قەبارە بچووکە و کێشی جەستەی لە نێوان ١١٣-٢٢٧ گرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ١٥-٢٠ سانتیمەتر دەبێت، سەری ئەستوورە و لەمۆزێکی خڕ و کورتی هەیە، ئەم وشکاوەکییە بچووکە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ١٦ کیلۆمەتر ببڕێت.  

خۆراک

گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە و هەریەک لە بۆقی بچووک، مێروو، کرم، ماسی و تەنانەت سەلەمەندەرەکانی تر دەخوات، سەلەمەندەری پڵنگی ڕۆژەکی نییە و چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات، زۆرینەی کاتەکانی بە نوقم بووی لە ئاودا یاخود لە لانەکەیدا بەسەر دەبات، لانەکەشی لە نزیک سەرچاوە ئاوییەکانەوە دروستدەکات و تەنها بۆ خۆراک و یەکگرتن دەردەکەوێت، هەر بۆیە بینین و دۆزینەوەی سەلەمەندەرەکان قورس و ئەستەمە، لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک کیسەڵی ئاوی و ڕاکۆنەکان، بەڵام ڕاوکردنی ئاسان نییە چونکە لە ئەو ڕژێنەی کە لە نزیک کلکیدایە دەتوانێت ژەهر دروستبکات و ڕاستەوخۆ بیگرێتە دژمنەکانی، هەندێک لە گیانەوەرەکانیش بەهۆی ڕەنگەکەیەوە تێدەگەن کە ژەهراوییە و هەوڵی ڕاوکردنی نادەن، هەرچەندە ژەهرەکەی کوشندە نییە بەڵام دەبێتە هۆی سوتانی ئەو ناوچەیەی پێست کە بەریدەکەوێت.

زۆربوون

لە وەرزی زۆربووندا سەلەمەندەرەکان بەهۆی کونیلەکانی پێستیانەوە ماددەی کیمیایی دەردەدەن وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی بۆ یەکگرتن و بانگکردنی هاوبەشێک، کاتی یەکگرتنیش لە نێوان کۆتایی زستان و سەرەتای بەهار دەبێت، هەوڵدانی نێرینەکان بۆ گەیشتن بە مێینەکان بە ڕادەیەک شەڕانگێز دەبێت کە تەنانەت دوای ئەوەی نێرینە و مێینەیەک بوون بە جووت ئەوا هێشتا نێرینەیەکی تر هەوڵی تێکدانی یەکگرتنەکە دەدات و تۆوەکانی خۆی دەهاوێژێت بۆ مێینەکە، دوای دۆزینەوەی هاوبەش نێرینەکە سەری دەکێشیت بە مێینەکەدا، پاشان لە ڕێگەی دەرچەی هەوایەوە تۆوەکانی دەردەدات و مێینەکەش کۆیدەکاتەوە، تەنها دوای دوو ڕۆژ مێینەکە بە جارێک نزیکەی ١٠٠ هێلکە دادەنێت لەسەر گژوگیا و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە، دایک و باوکەکە هیچ پارێزگاری و پاراستنێک دابین ناکەن بۆ بێچووەکان، دوای چوار هەفتە بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، گەشەسەندنیان بە دوو قۆناغ دەبێت یەکەمیان کرمۆکەیە پاشان گۆڕان و بوون بە پێگەیشتووە، لە سەرەتادا لە شێوەی کرمۆکەی بچووکدا و لەسەر گیانەوەرە بچووکەکانی ناوچەکەیان دەژین، پاشان دوای ٢-٥ مانگ بە قۆناغی گۆڕاندا تێدەپەڕن و شێوە پێگەیشتووەکەیان وەردەگرن، لە نزیکەی تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی سەلەمەندەری پڵنگی لە سروشتدا لە نێوان ١٠-١٥ ساڵ دەبێت، بەڵام هەندێک حاڵەت تۆمارکراوە کە سەلەمەندەر بە دیلکراوی ٢٥ ساڵ ژیاوە.  

گرنگیپێدان و ماڵیکردن

ئەگەر کەسێک بیەوێت کە سەلەمەندەرێک ماڵی بکات ئەوا دەبێت پێویستییەکانیشی دابینبکات، بەم شێوەیە:

  • گرنگترین خاڵ دابینکردنی جێگەیەکە کە زۆر نزیکبێت لە نشینگەکەیەوە.
  • لە قۆناغی کرمۆکەیدا پێویستی بە مەلەوانگەیەکە کە قوڵییەکەی بگاتە ١٥ سانتیمەتر.
  • فلتەری ئاوی زۆر ئاست بەرزی پێویستە بۆ گونجاندنی ئاوەکەی.
  • کۆمەڵێک بەردی لێک دوور هەبێت لە جێگەی مانەوەیدا بۆ ئەوەی خۆی تێدا حەشاربدات.
  • لە قۆناغی گۆڕاندا دەبێت بڕی ئاوی مەلەوانگەکەی کەمبکرێتەوە.
  • ڕێژەی شێ بگاتە %٧٠.
  • لە شەو و ڕۆژێکدا دەبێت جێگەکەی ١٢ کاژێر ڕووناک بێت و ١٢ کاژێری تر تاریک بێت.
  • خاوێنکردنەوەی ناوەکی هەموو دوو مانگ جارێک، بە بێ پاککەرەوە و تەنها بە بەکارهێنانی ئاوی گەرم.
  • دابینکردنی خۆراکی جیاواز بە گوێرەی قۆناغی کرمۆکەیی و پێگەیشتن.


سەرچاوەکان



464 بینین