جانگۆی ئازادکراو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-06-23:09:00 - کۆدی بابەت: 8152
جانگۆی ئازادکراو

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی فیلم

لە ساڵی ١٨٥٨ ڕاوکەرێکی بەخشەری ئەڵمانی بە ناوی (دکتۆر شۆڵتز) کاری کوشتنی ئەو کەسانەیە کە تاوانبارن و دادگای ئەمریکا داوای کردوون و خەڵاتی داناوە بۆ کوشتنیان، لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەیدا بەدوای کۆیلەیەکدا دەگەڕێت بە ناوی (جانگۆ) چونکە دەیەوێت یارمەتی بدات لە ئەنجامدانی ئەرکی دواتریدا، پاشان دەیدۆزێتەوە و دوای ئەنجامدانی کارەکەی (جانگۆ) دەیەوێت هاوسەرەکەی بە ناوی (بڕومهێڵدا) بدۆزێتەوە، چونکە کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ویستوویانە ڕابکەن لە دەست خاوەنەکەیان، دۆزراونەتەوە و هەریەکەیان بە جیا فرۆشراون، (شۆڵتز) پێشنیازی ئەوە بۆ (جانگۆ) دەکات، کە ئەگەر (جانگۆ) ببێت بە هاوبەشی لە کارەکەیدا ئەوا ئەویش یارمەتی دەدات تاکوو هاوسەرەکەی بدۆزێتەوە، دوای گەڕان بۆیان دەردەکەوێت کە (بڕۆمهێڵدا) فرۆشراوە بە سەرمایەدارێکی بەناوبانگ و ناتوانن هەروا بە ئاسانی بیگەڕێننەوە، هەر لەبەر ئەوە پلانێک دادەنێن بۆ ڕزگارکردنی (بڕومهێڵدا).

دەربارەی فیلم

فیلمی (جانگۆی ئازادکراو) (بە ئینگلیزی: Django unchained) لە ٢٥\١٢\٢٠١٢ بۆ یەکەمجار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سینەماکاندا پەخشکرا، ماوەکەی ٢ کاتژمێر و ٤٥ خولەکە، لە دەرهێنان و نووسینی دەرهێنەری بەتوانا (کوێنتن تارانتینۆ)یە، بە ڕۆڵگێڕانی (کریستۆف واڵتز) لە ڕۆڵی (شۆڵتز)، (جەیمی فۆکس) لە ڕۆڵی (جانگۆ)، (لیۆناردۆ دیکاپریۆ) لە ڕۆڵی سەرمایەدارەکەدا بە ناوی (کاڵڤن کاندی)، هەروەها خانمە نوادنکار (کێری واشنتن) لە ڕۆڵی (بڕومهێڵدا)دا. فیلمەکە لە چەشنی درامی و ڕۆژئاواییە، دەربارەی ژیان و ئازادی و خۆشبەختی و تۆڵەسەندنەوەیە، بەپێی ماڵپەڕی IMdb تایبەت بە دەنگدانی بینەران بە فیلم و زنجیرە نمرەی 8.5\10 وەرگرتووە و لە ڕیزبەندی ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو لە پلەی ٥٨ دایە، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار و ٥٨ خەڵاتی ترە، هەروەها پاڵێوراوە بۆ ١٥٨ خەڵاتی تر.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • کاتێک نواندنکار (لیۆناردۆ دیکاپریۆ) کە ڕۆڵی (کاڵڤن کاندی) دەگێڕێت، دەستی بە توندی دەکێشێت بە مێزی نانخواردنەکەدا بە ڕێکەوت بە لەپی دەستی پەرداخێک دەشکێنێت و دەستی خوێنی لێدێت، بەبێ ئەوەی نواندنەکەی تێکبدات (لیۆ) برینەکەی پشتگوێ دەخات و بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵگێڕان، پاشان پێشنیازی ئەوەی کرد کە خوێنەکە وەک پەڵەیەک بدات لە ڕووخساری (بڕومهێڵدا)، دەرهێنەر (تارانتینۆ) و نوادنکار (واشنتن) بیرۆکەکەیان بەدڵ بوو و جێبەجێکرا.
  • ئەو ئەسپەی (جەیمی فۆکس) لە فیلمەکەدا بەکاری دەهێنا ئەسپی خۆی بوو و پێش چوار ساڵ وەک دیاری لەدایکبوون پێی بەخشرابوو.
  • لە چاوپێکەوتنێکدا (تارانتینۆ) ئاماژەی بەوە داوە کە هەردوو دیمەنی شەڕی نێوان دوو کۆیلەکە و هێرشی سەگەکان بۆ سەر کۆیلەکە درێژتر و توندوتیژتر بوون، بەڵام هەستی بەوە کردووە کە بینەر دەتۆقێنێت، لەبەر ئەو هۆیەش هەردوو دیمەنەکەی بڕیوە و کورت کردوونەتەوە.
  • ئەم فیلمە پڕتێچووترین فیلمی تارانتیۆنەیە و تێچووەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربووە.
  • ماوەی وێنەگرتنی فیلمەکە ١٣٠ ڕۆژ بووە، کە ئەمەش درێژترین ماوەیە کە تیایدا (تارانتینۆ) فیلمێکی بەرهەمهێنابێت.
  • کە سەرەتا (کریستۆف) سیناریۆی فیلمەکەی بەدەست گەیشت و خوێندییەوە، هەستی کرد کە لەگەڵ کەسایەتییەکەیدا نەگونجاوە، بۆیە مەرجی ڕازی بوونی بە ڕۆڵگێڕانەکە ئەوەبوو کە کەسایەتییەکەی خاوێن بێت، نابێت ڕۆڵێکی نەرێنی و خراپی هەبێت، (تارانتینۆ)ش بەوە ڕازی بوو.
  • کاتێک سیناریۆی فیلمەکەی نوسیبوو (تاراتینۆ) لە مێشکی خۆیدا نواندنکار (ویڵ سمس)ـی بۆ ڕۆڵی (جانگۆ) دانابوو، بەڵام (ویڵ) بە ڕۆڵگێڕانەکەی ڕازی نەبوو.


سەرچاوەکان



489 بینین