سەعیدی کوڕی زەید 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-09-03:01:00 - کۆدی بابەت: 8181
سەعیدی کوڕی زەید 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەعیدی کوڕی زەیدی قوڕەشی (بە عەرەبی: سعید بن زید) یەکێکە لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ و یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتیان پێدراوە، کوڕی مامە و زاوای عومەری کوڕی خەتتاب بووە و خوشکێکی عومەر بە ناوی "فاتیمەی کچی خەتتاب" ژنی سەعید بووە و خوشکێکی سەعییدیش بە ناوی "عاتیکەی کچی زەید" ژنی عومەر بووە، لە سەردەمی نەفامیدا زەیدی باوکی سەعید هەرگیز باوەڕی بە بتپەرستی نەبووە و باوەڕی بە یەکتاپەرستی هەبووە بەڵام پێش ئیسلام کۆچی دوایی کردووە. 

موسڵمانبوونی سەعیدی کوڕی زەید و پێگەی لە ئیسلامدا

سەعیدی کوڕی زەید لە پێشەنگی ئەو لاوانە بوو کە خۆی و فاتیمەی خێزانی باوەڕیان بە ئیسلام هێناوە، لە دوای ئاشکراکردنی باوەڕەکەیان خۆی و هاوسەرەکەی دووچاری ئەشکەنجەی زۆر بوونەوە، تەنانەت خۆی فەرموویەتی: "عومەری کوڕی خەتتاب پێش ئەوەی موسڵمان بێت، لەسەر موسڵمان بوونمان ئازاری من و خوشکەکەی زۆر داوە"، لە دوای کۆچکردن بۆ مەدینە، سەعید لە پێشەنگی کۆچەرانی مەککە بووە.
لە هەموو جەنگە ئیسلامییەکان بەشداری کردووە، جگە لە جەنگی بەدر، چونکە لەو جەنگەدا سەعید لە مەدینە نەبووە و پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بەو و بە "تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا" کردبوو کە هەواڵی کاروانە قوڕەیشییەکانی سەر ڕێگای شامی بۆ بهێننەوە، بۆیە کۆچی وڵاتی شامیان کردبوو و بە زانیاریی ورد و گرنگەوە گەڕانەوە، لە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ لە سەردەمی خەلافەتەکاندا، بەژداری جەنگە یەکلاکەرەوەکانی کردووە، نموونەی جەنگی یەرمووک کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکری سدیق کە لەنێوان موسڵمانان و ڕۆمەکان ڕوویدا و سەعید ڕۆڵێکی کاریگەری لەو جەنگەدا هەبوو، هەروەها بەژداری لە فەتحی شاری دیمەشق کردووە.
بەپێی گێڕانەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ، سەعیدی کوڕی زەید گێڕانەوەی بۆ 48 فەرموودە کردووە، هەروەها لەو دە هاوەڵەی پێغەمبەر ﷺ بوو کە مژدەی بەهەشتی پێدرابوو. 

ڕۆڵی سەعیدی کوڕی زەید لە موسڵمانبوونی عومەری کوڕی خەتتاب

عومەری کوڕی خەتتاب پێش باوەڕهێنانی بە ئیسلام لەگەڵ تازە موسڵمانەکان زۆر توند بوو و دژایەتییەکی زۆری دەکردن، شێواز و چۆنییەتی موسڵمانبوونی چەند بۆچوون و گێڕانەوەیەکی لەسەرە، ڕاستترینیان ئەوەیە کە ڕۆژێک بە تووڕەییەوە عومەر لە ماڵ دەرچووە و شمشێرەکەی هەڵگرتووە وتویەتی پێغەمبەر ﷺ دەکوژێت، بەڵام یەکێک لە بێباوەڕەکانی قوڕەیش تانەی لێداوە و پێی وتووە کە خوشکەکەی خۆت و زاوەکەت موسڵمانبوون ئەوان لە پێشترن بۆ کوشتن، بۆیە عومەر بە خێرایی چووەتە ماڵی خوشکەکەی و لەوێ گوێبیستی "خەبابی کوڕی ئەرت" بوو کە چەند ئایەتێکی لە سوڕەتی "طه" بۆ سەعید و فاتیمە دەخوێندەوە، بۆیە عومەر زۆر پەست بووە و هێرشی کردووەتە سەر سەعید و فاتیمەی خوشکی و برینداری کردن و زۆری لێداون، بۆیە کاتێک ئارام بووەتەوە، سەعید و فاتیمە چەند شتێکیان لەسەر ئیسلام بۆ ڕوون کردووەتەوە و دڵی نەرم بوو و چەند ئایەتێکی تریان بۆ خوێندەوە، پاشان  لە ڕێگەی ئەم ڕووداوەوە عومەری کوڕی خەتتاب باوەڕی بە ئیسلام هێنا. 

کۆچی دوایی

سەعیدی کوڕی زەید لە ساڵی 52ـی کۆچی لە تەمەنی حەفتا ساڵی لە ناوچەی "عەقیق" کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



604 بینین