پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین - به‌روار: 2022-04-09-23:35:00 - کۆدی بابەت: 8192
پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن چییە؟

پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Erythrocyte Sedimentation Rate)، لەناو خەڵکیدا بە پشکنینی ڕۆماتیزم دەناسرێت، جۆرێکی پشکنینی خوێنە کە خێرایی نیشتنی خڕۆکەسوورەکانی خوێن دەپێوێت لە بنکی ئەو تیوبی پشکنینەی نموونەی خوێنەکەی تێدایە، بەشێوەیەکی ئاسایی، خڕۆکە سوورەکانی خوێن تاڕادەیەک بەهێواشی دەنیشن. ئەگەر لە ڕێژەی ئاسایی خێراتر بێت، ڕەنگە دەرخەری هەوکردن بێت لە جەستەدا، کاتێک جەستە تووشی هەوکردن دەبێت، دەست بە دروستکردنی پڕۆتینی نائاسایی دەکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی خڕۆکەسوورەکانی خوێن پێکەوە تۆپەڵ ببن.

ناوەکانی دیکەی ئەم پشکنینە

ESR, SED rate.

ئامانج لەم پشکنینە

ئامانجی سەرەکی ESR دەستنیشانکردنی ئاستی نائاسایی هەوکردنە لە جەستەدا. 

چ کاتێک ESR پێویستە

ئەگەر تۆ نیشانەکانی یەکێک لە حاڵەتەکانی هەوکردنت تێدابوو ئەوا ڕەنگە پزیشکەکەت داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینەت لێ بکات، نیشانەکانیش بریتیین لە:

  • سەرئێشە، بەتایبەت ئەگەر لە نێوچاوان بێت و کاریگەری لەسەر بینین بکات.
  • کەمبوونەوەی کێش.
  • هەبوونی ئازار یان ڕەقبوونی ماسوولکە بەجۆرێک کە زیاتر لە ٣٠ خولەک بەردەوام بێت لە بەیانیاندا.
  • ئازاری مل، ئەژنۆ، یاخود حەوز.
  • نەمانی ئارەزووی خواردن.
  • کەمخوێنی
  • تا 

چۆنییەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

لەڕێگەی سرنجەوە نموونەیەکی خوێن لە دەماری قۆڵی نەخۆش وەردەگیرێت و دەخرێتە تیوبێکی تایبەتەوە، پاشان ئەژماری ئەندازەی نیشتنی خڕۆکەسوورەکانی خوێن دەکرێت لە یەک کاتژمێردا.

ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە

• بۆ ژنانی خوار 50 ساڵ کەمتر لە 20 (mm/hr)
• بۆ ژنانی سەروو 50 ساڵ کەمتر لە 30 (mm/hr)
• بۆ پیاوانی خوار 50 ساڵ کەمتر لە 15 (mm/hr)
• بۆ پیاوانی سەروو 50 ساڵ کەمتر لە 20 (mm/hr)

ئەنجامەکانی پشکنینەکە چیمان پێ دەڵێت؟

• ئەگەر ئەنجامی ESR بەرزبێت، ئەوە ڕەنگە دەرخەری حاڵەتێکی هەوکردن بێت لە جەستەتدا، وەکوو:

تووشبوون بە میکرۆب یاخود هۆکارێکی نەخۆشی

• هەندێک جار ئەنجامی ESR لە ڕێژەی ئاسایی نزمتر دەبێت، ئەمەش لەوانەیە دەرخەری کێشەیەکی خوێن بێت، وەکوو:

  • فەرەیی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (Polycythemia)
  • کەمخوێنی داسی (Sickle Cell Anemia)
  • فرەیی خڕۆکە سپییەکانی خوێن (Leukocytosis)

ئەگەر ئەنجامەکانی پشکنینەکەت لە مەودای ئاساییدا نین، مەرج نییە بەو مانایەبێت کە تۆ حاڵەتێکی تەندرووست هەیە و پێویستی بە چارەسەرە. بەرزبوونەوەی مامناوەندی ESR پێدەچێت دەرخەری دووگیانی، سووڕی مانگانە یاخود کەمخوێنی بێت، تاوەکوو نەخۆشییەکی هەوکردن. هەندێک جۆری دەرمانیش کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانت دەکەن.

لە کۆتاییدا پزیشک ناتوانێت تەنیا پشت بە ئەنجامی ESR ببەستێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکی دیاریکراو، چونکە ئەم پشکنینە بەتەنیا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئاخۆ نەخۆشەکە تووشی هەوکردن بووە یاخود نا، هۆکار و شوێنی هەوکردنەکەمان پێ ناڵێت.


سەرچاوەکان



804 بینین