پەرتووکی شازادە بچکۆلەکە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-11-02:18:00 - کۆدی بابەت: 8209
پەرتووکی شازادە بچکۆلەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شازادە بچکۆلەکە (بە ئینگلیزی: the little prince، بە فارسی: شازدە کچولو، بە عەرەبی: الأمير الصغير، بە فەڕەنسی: Le Petit Prince)‏ پەرتووکێکە لە نووسینی ئانتوان دو سانت ئێگزیوپێری نووسەر و فڕۆکەوانی فەڕەنسی، کە لە چەشنی ڕۆمانە، باس لە بەسەرهاتی کوڕێکی بچووک دەکات لە هەسارەیەکی بچووکەوە، بۆ یەکەم جار لە مانگی چواری ساڵی ١٩٤٣ بە زمانی ئینگلیزی لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئێگزیوپێری لە ساڵی ١٩٤١ دەستی بە نووسینی پەرتووکەکە کردبوو و بە بۆیەی ئاوی و پێنووس وێنەکانی کێشا، ئەم بەرهەمە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکامی ئەو، بۆ زیاتر لە ٣٠٠ زمان وەرگێڕدراوە و زیاتر لە ١٤٠ ملیۆنی لێ فرۆشراوە، یەکێکە لە سەرکەوتووترین، پڕفرۆشترین و پڕخوێنەرترین پەرتووکەکانی مێژوو، لە تەواوی جیهان هەواداری زۆری هەیە و نازناوی باشترین پەرتووکی سەدەی ٢٠ـی پێ دراوە، تا ئێستا زۆر بەرهەمی هونەری جیاوازی لێ وەرگیراوە وەک (پورتووکی دەنگی، پەرتووکی ئەلکترۆنی، شانۆ، ئۆپێرا، دروستکردنی بوکەڵە و ئەنیمەیشن). چیرۆکەکەی بەشێوەیەک نووسراوە کە خوێنەر بە هەرجارێک خوێندنەوەی خاڵێکی نوێی بۆ دەردەکەوێت، لەبەر ئەوە زۆربەی ڕەخنەگران و مامۆستایانی زانکۆ پێشنیار دەکەن کە چەند جارێک بخوێنرێتەوە لە چەند کاتی جیاوادا، شازادە بچکۆلەکە تەنها چیرۆکێکی سادە نییە، فەلسەفەیەکی ژیانە کە بە هەرجارێک خوێندنەوەی شتێکی نوێی لێ تێدەگەین.

کورتەی چیرۆکی شازادە بچکۆلەکە

چیرۆکی پەرتووکی شازادە بچکۆلەکە دەربارەی کوڕێکی بچووکە کە لە هەسارەیەکی بچووکدا بەناوی B612 لەگەڵ گوڵێکی سوور و دوو بورکانی ناچالاکدا دەژی، کوڕەکە ئاشقی گوڵەکە دەبێت، بەڵام گوڵەکە بە لوتبەرزییەوە قسەی لەگەڵد دەکات، کوڕەکە لە گوڵەکە بێتاقەت دەبێت و دەست بە سەفەرێکی دوور و درێژ دەکات، لەم سەفەرەدا بۆ حەوت هەسارەی تر دەڕوات.
لە هەسارەی یەکەم پاشایەک دەناسێت، کاتێک قسە لەگەڵ پاشاکە دەکات تێدەگات هەندێک کەس لە ژیاندا پێیان وایە مافی ئەوەیان هەیە زیاتر لە کەسانی تر بژین.
لە هەسارەی دووەمدا بە لەخۆڕازییەک ئاشنا دەبێت و تێدەگات کە هەندێک کەس بەتەواوی لە خۆیان ڕازین و بەردەوام ڕەخنە لەوانی تر دەگرن و لێیان ڕازی نین.
لە هەسارەی سێیەمدا، مەیخۆرێک دەبینێت کە هەمیشە بەداخە بۆ ڕابردوو و نیگەرانی ڕووداوەکانی داهاتووە بەو شێوەیە لەبیری کردووە کە دەبێت بیر لەو ساتەی ئێستاشی بکاتەوە.
لە هەسارەی چوارەمدا بازرگانێک دەناسێت، بازرگانێک کە هەموو ژیانی سەرقاڵی کارەکەی بووە، خەریکی کارکردنە و چێژ لە ژیانی وەرناگرێت.
لە هەسارەی پێنجەمدا لامپاداگیرسێنەرێک دەناسێت، لامپاداگیرسێنەرەکە لەو کەسانەیە کە هەمیشە کارێک ئەنجام دەدەن، بەبێ ئەوەی بیر بکەنەوە ئەو کارە باشە یان نا.
لە هەسارەی شەشەمدا پیرەمێردێکی جوگرافیناس دەناسێت کە هەمیشە سوود لە توانا و دانایی خۆی وەردەگرێت.
لە کۆتاییدا هەسارەی حەوتەم، واتا دەگات بە زەوی لەسەر زەوی مرۆڤەکان هەست بە تەنهایی دەکەن، چونکە هەمووان بەدوای بەدەستهێنانی سەروەت و هێز و ناوبانگەوەن. 
ئەم چیرۆکە لەسەر زمانی فڕۆکەوانێک دەگێڕدرێتەوە کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لە بیابانێک لە ئەفریقا شازادە بچکۆلەی ناسیوە و چیرۆکی سەفەرەکەی بۆ گێڕاوەتەوە.

هەندێک خاڵی سەرنج ڕاکێش

⁃ ئێگزیوپێری بۆ نووسینی ئەم پەڕتوکە ئیلهامی لە ژیانی خۆی وەرگرتووە، فڕۆکەوانەکە خودی ئێگزوپێرییە لە تەمەنی پێگەیشتوویی و شازادە بچکۆلەکەش لە تەمەنی منداڵییەکەی دەچێت.
⁃ ئێگزیوپێری لە ساڵی ١٩٣٩ فڕۆکەکەی لە بیابانی (Sahara) کەوتە خوارەوە، ئەم ئەزموونەی بۆ نووسینی کتێبەکەی بەکارهێناوە.
⁃ ئیلهامی گوڵە سوورەکەی لە کانسوێلۆی هاوسەری وەرگرتووە، دەڵێن کە کانسوێلۆ ژنێکی میزاج توند بووە و ڕەبۆی هەبووە، هەر لەبەر ئەوەشە کە گوڵە سوورەکە لە چیرۆکەکەدا دەکۆکێت.
⁃ ئێگزیوپێری هیچ کات نەیتوانی چاپی فەڕەنسی پەرتووکەکەی ببینێت، چاپی فەڕەنسی پەرتووکەکە کاتێک بڵاوکرایەوە کە ئێگزیوپێری بە شێوەیەکی گوماناوی لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیەوە مردبوو.
⁃ وێنەکانی ناو پەرتووکەکە لەلایەن خودی ئێگزیوپێرییەوە کێشراون.

چەند نموونەیەک لە دیالۆگی نێو کتێبەکە

  • گرنگی بە بڕی زۆر نەدەین

کەسانی پێگەیشتوو زۆر وابەستەن بە بڕ و ژمارەوە، کاتێک پێیان دەڵێی هاوڕێیەکی نوێم پەیداکردووە، هیچ کات لێت ناپرسن دەنگی هاوڕێکەت چۆنە، خۆشترین یاری بەلایەوە چییە، لە بەرانبەردا دەپرسن تەمەنی چەندە؟ باوکی دەوڵەمەندە؟ بەڕاستی ئەوان پێیان وایە ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ ناسینی کەسەکان.

  • بە قسەکانیان بڕیار لەسەر کەسەکان نەدەین، بەڵکوو سەرنجی کارەکانیان بدەین

گوڵەکەی من، منی پڕ کرد لە بۆنی خۆشی خۆی، خۆشی و چێژی گەڕاندەوە بۆ ژیانی من، من نابێت بەجێی بهێڵم، من دەبوو بزانم کە ڕۆحێکی شیرین و هەستیار لەپشت هەموو یارییە گەمژانەکانیەوە هەیە.

  • پەیوەندییەکان بایەخ دەدەن بە ژیانمان  

ـ ماڵیکراو بە واتای چی دێت؟
ڕێوییەکە وتی: ئەوە شتێکە بە گشتی پشتگوێ خراوە، من پێم وایە واتا دروستکردنی پەیوەندی
ـ پەیوەندی؟! 
ڕێوییەکە وتی: بەڵێ، بۆ من تۆ تەنها کوڕیکی بچووکیت وەکوو سەدان هەزار کوڕی بچووکی تر، من هیچ پێویستم بە تۆ نییە، هەروەها تۆش پێویستت بە من نییە و لای تۆ من تەنها ڕێوییەکم وەکوو سەدان هەزار ڕێوی تر، بەڵام ئەگەر تۆ ماڵیم بکەیت ئەوا پێوستمان بە یەکتر دەبێت، دەبیت بە تەنها کوڕ لە جیهاندا بۆ من، منیش دەبمە تەنها ڕێوی لە جیهاندا بۆ تۆ، ئەوکاتە بۆ من تەنانەت دەنگی پێی تۆ لەگەڵ دەنگی پێی ئەوانی تر جیاواز دەبێت.

  • لە ژیاندا ناتوانین بابەتە گرنگەکان بە چاو ببینین، تەنها دەتوانین بە دڵ بیانبینین 

  • کات وادەکات شتێک بەنرخ ببێت


سەرچاوەکان



1133 بینین