ناوهڕۆك
سەرەتا
خواردنی ئاژەڵی ماڵی (بە عەرەبی: طعام الحيوانات الأليفة، بە ئینگلیزی: Pet Food) بریتییە لە خۆراکی تایبەت و دیاریکراو بە ئاژەڵە ماڵییە بێزیانەکان، لە سەردەمی ئێستادا ڕێژەی ئەو ئاژەڵانەی کە لە ماڵەکاندا بەخێو دەکرێن ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە جۆر و شێواز و تامی جیاواز و هەمەجۆری خۆراکی ئەو ئاژەڵانە لە بازاڕەکاندا هەن، پێکهاتەکەی بەپێی جۆری ئاژەڵەکە دەگۆڕێت، هەندێک لەو خۆراکانە لە ئاڵفی وشککراوی تایبەت پێکهاتووە، هەندێکی تر لە گۆشتی خاوی لەقوتوونراو دروستکراوە، بەشێکی تریش لە دانەوێڵە و سەوزەی وشککراوە پێکهاتووە، هەر یەک لەم جۆرانە پێویستە پێکهاتە خۆراکییەکەی کامڵ بێت، واتا چەوری، ڤیتامینات، پڕۆتینات و کانزای پێویست بۆ لەشی ئاژەڵەکە دابین بکات.
جۆرەکانی خواردنی ئاژەڵی ماڵی
خواردنی وشک و نیمچە تەڕ
ئەم جۆرە خواردنە گەرم دەکرێت و بە شێواز و قەبارەی جۆراوجۆر دروست دەکرێت، پاشان پڕۆسەی وشککردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت بۆ ڕزگاربوون لە ڕێژەی شێ و هەر ڕێژەیەکی تەڕیی کە تێیدا بێت، ئەم جۆرە خۆراکە لەلای ئاژەڵانی ماڵی زۆر پەسەند و بڵاوە، هەروەها پێکهاتەی خۆراکی زۆر بەرزە و سوودی بۆ ئاژەڵەکە زۆرە.
خواردنی تەڕ
ئەم جۆرەیان لە پلەی گەرمی و دۆخی هەڵمی دیاریکراو و تایبەتدا دروستدەکرێت، جیاوازی نێوان ئەم جۆرە و جۆری یەکەم لە ڕێژەی شێدایە، خواردنی وشک ڕێژەی شێیەکەی 10%ـە، بەڵام خواردنی تەڕ ڕێژەی شێ و تەڕی تێیدا 70% بۆ 80%ـە، هەروەها پێکهاتەی خۆراکی جۆری وشک بەرزترە لە جۆری خۆراکی تەڕ و سوودەکەی زیاترە.
خواردنی کاڵ و پێنەگەیشتوو
هەندێک لە خاوەن ئاژەڵە ماڵییەکان سەرەڕای بوونی خواردنی بازرگانی و دەستکرد و تەندروست و ئامادەکراو، بەڵام ئەوان خواردنی کاڵ و پێنەگەیشتوو دەدەنە ئاژەڵەکانیان، ژمارەیەک لە کۆمەڵەی ڤێتێرنەرییەکانی جیهان نموونەی کۆمەڵەی ڤێتێرنەری ئەمریکی و کۆمەڵەی ڤێتێرنەری بەریتانی و کۆمەڵەی پزیشکی ڤێتێرنەری کەنەدی، هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکانی ئەو خواردنانە بۆ تەندروستی گشتی ئاژەڵان، چونکە هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەسەر سوود و گرنگی خۆراکی خاو و پێنەگەیشتوو بۆ ئاژەڵان دەرنەکەوتووە.
جۆری خۆراکی ئاژەڵی ماڵی بەپێی جۆری ئاژەڵەکە
خۆراکی ئاژەڵە ماڵییەکان لە شوێن و مارکێتەکانی تایبەت بە ئاژەڵانی ماڵی دەفرۆشرێت، جۆری خۆراکەکە بەندە بە جۆری ئاژەڵەکەوە، خۆراکی سەگی ماڵی جیاوازە لە خۆراکی پشیلەی ماڵی، جیاوازترە لە خۆراکی باڵندە، هەروەها ئەو پێکهاتانەی نموونەی گۆشت کە لە دروستکردنی خواردنی ئاژەڵی ماڵیدا بەکاردەهێنرێت، بۆ خۆراکی مرۆڤ گونجاو نییە و زیانی هەیە.
خۆراکی ماسی
خۆراکی ماسی پێویستە هەموو پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکانی لەشی ماسییەکە دابین بکات نموونەی کانزا و ڤیتامینەکان، نزیکەی 80%ـی بەخێوکەرانی ماسی خۆراکی ئامادەکراو بۆ ماسییەکانیان بەکاردەهێنن، کە لە شێوەی چپس، وردە دەنکۆڵە و دەنکە حەب بەردەستن، هەندێک لەو خۆراکانە چەند پێکهاتەیەکی تایبەتی بۆ زیادکراوە نموونەی بێتاکارۆتین و چەند هۆڕمۆنێک کە یارمەتی جوان دەرکەوتن و تۆخبوونی ڕەنگی پێستی ماسییەکە دەدەن.
جۆرەکانی خۆراکی ماسی:
ـ خواردنی وشک: خۆراکی وشکی ماسی بریتییە لە خۆراکی ئامادەکراو، زۆر بەربڵاوە و لە هەموو شوێنێک بەردەستە، زۆرێک لە بەخێوکەران ئەم جۆرە خۆراکە بەکاردەهێنن.
ـ ئاڵف: ئاڵفی ماسی جیاوازە لە ئاڵفی ئاژەڵەکانی تر، بەشێوەی توێکڵ بەردەستە و دەکرێتە نێو حەوزی ماسییەکەوە، دەکەوێتە سەر ئاوەکە چونکە کێشی زۆر کەمە، هەروەها دەوڵەمەندە بەو پرۆتینانەی کە یارمەتیدەرن لە گەشە و خێراکردنی جووڵەی ماسییەکە.
ـ خۆراکی دەنکۆڵەی ورد: ئەم جۆرە خۆراکە بە شێوەی دەنکۆڵەی بچووک و ورد هەیە، دەوڵەمەندە بەو ڤیتامینانەی کە بۆ لەشی ماسییەکە پێویستن، شێوە و جۆرەکەی لە جۆری ئاڵفەوە نزیکە و دەکەوێتە سەر ئاو.
خۆراکی باڵندە
زۆرترین جۆری خۆراکی باڵندە کە بەربڵاوە دانەوێڵەی دەنکۆڵەی وردە، دوو جۆری سەرەکی هەیە کە پێکهاتوون لە:
ـ خواردنی سروشتی: ئەم جۆرەیان لە تۆو و ناوکی ڕووەکی سروشتی پێکهاتووە، نموونەی ناوکی گوڵەبەڕۆژەی ڕەش، تۆوی ڕووەکەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە قەڵەو کردن و گەشەکردنی باڵندەکان.
ـ خواردنی دەستکرد و بازرگانی: ئەم جۆرەیان کۆمەڵێک تۆوی وشککراوەی چەند ڕووەکێکە لە یەک تێکەڵەدا و چەند پێکهاتەیەکی کیمیایی تێدایە، بە شێوە و قەبارە و تامی هەمەجۆر و جیاواز بەردەستن و یارمەتی گەشەی باڵندەکە دەدەن.
خۆراکی پشیلە
پشیلە لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانە، بەشێکی زۆری خۆراکە دەستکردەکانی پشیلە بڕێکی زۆر گۆشتی تێدایە، هەروەها بڕێکی دیاریکراوی ڕووەکیش لەخۆدەگرێت و چەند جۆرێکی هەیە:
ـ خواردنی وشک: ئەم جۆرەی خۆراکی پشیلە زۆر بڵاوە و نرخێکی هەرزانی هەیە، هەروەها پێکهاتەی خۆراکی بەرز و سوودبەخشە و زۆرێک لە پێکهاتە گرنگەکانی لەشی پشیلە دابین دەکات، سوودی زۆری بۆ بەهێزکردنی ئێسک و ددانی پشیلە هەیە، ڕێژەی شێ لەم جۆرە خۆراکەدا کەمە لە نێوان 6% بۆ 10%ـە، بۆیە ئەگەری تێکچوون و کەڕوولێدانی بەراورد بە جۆرەکانی تر کەمترە، لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە هەندێک جۆری بڕێکی زۆر لە نیشاستە و ڕیشاڵ لە خۆدەگرێت، بۆیە بەکارهێنانی بەشێوەیەکی بەردەوام و بە بڕێکی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی وشکبوونەوە و سکچوون لە پشیلەکاندا.
ـ خواردنی نیمچە تەڕ: گۆشت و بەرهەمەکانی پێکهاتەی سەرەکی ئەم جۆرە خواردنەن، ڕێژەی شێ تێیدا 35%ـە، بڕی خوێ و شەکری لە جۆری یەکەم زیاترە، هەروەها پێکهاتەی کیمیایی و ڕەنگیشی تێدایە.
ـ خواردنی لەقوتوونراو: ڕێژەی شێی 75%ـە، ئەم جۆرە خواردنە زۆر پەسەندە لەلای هەندێک جۆری پشیلە و نرخیشی بە بەراورد بە دوو جۆرەکەی تر گرانترە، ڕەنگاوڕەنگە و شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە و بۆ ماوەیەکی زۆردەکرێت هەڵبگیرێت و بەکاربهێنرێت، بەڵام زۆر بەکارهێنانی لە ڕادەی پێویست دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە پشیلەدا.
خۆراکی سەگ
سەگ ئاژەڵێکی گۆشتخۆرە و خۆراکی تایبەتی خۆی هەیە، پێویستە خواردنەکانی هەموو پێکهاتە خۆراکییەکان بۆ لەشی دابین بکات، دوو جۆری هەیە کە بریتیین لە:
ـ خواردنی وشک: ئەم جۆرە خواردنە پێکهاتەی خۆراکی گرنگی تێدایە نموونەی پرۆتینات، ڤیتامینات، کاربۆهیدرات، چەوری، خوێ، کانزاکان، گۆشتی وشککراوە، هەموو ئەم پێکهاتانە ڕێژەکەیان بە وردی دیاریکراوە و شێوە و قەبارەیان هەمەجۆرە. ئەم جۆری خۆراکە سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی سەگەکان هەیە و سوودبەخشە بۆ ئێسک و ددانی سەگەکان، بەڵام نرخیان زۆر گرانە و بڕێکی زۆر لە ڕەنگ و ماددە کیمیاییەکانی تێدا بەکارهێنراوە، هەروەها بۆ ماوەیەکی زۆر دەکرێت بمێننەوە و هەڵبگیرێت.
ـ خواردنی لەقوتوونراو: ئەم جۆرە خواردنە تێکەڵەیەکی هەمەجۆر لە گۆشت، کاربۆهیدرات، برنج، ڤیتامینات، خوێ و چەند تامێکی جۆراوجۆر پێکهاتووە، سوودی زۆری بۆ تەندروستی سەگ هەیە و بە ئاسانی پێشکەش و ئامادە دەکرێت، بەڵام بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی درێژ سەگەکان ئاڵوودە دەکات، جگە لەم خواردنە هیچ خواردنێکی تر ناخۆن، هەروەها نرخی هەندێک جۆری گرانە.
ئەو خۆراکانەی بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان زیانبەخشن
ـ ماجییە چوارگۆشەکان کە بەهارات و پیاز و سیر لە پێکهاتەکەیدا هەیە
ـ خواردنی منداڵان نموونەی سریلاک و خۆراکە هاڕاوەکانی تایبەت بە مناڵان، ئەو جۆرە خۆراکانە زیانی زۆر بە چەند جۆرێکی ئاژەڵی ماڵی دەگەیەنن.
ـ مێوژ و ترێ دەبنە هۆی ژەهراوی بوونی هەندێک جۆری سەگ و پشیلەی ماڵی.
ـ پیاز و سیر، یان هەر خۆراکێک کە ئەو دوو پێکهاتەیەی تێدا بێت، چونکە زیان بە خڕۆکە سوورەکانی هەندێک جۆری ئاژەڵی ماڵی دەگەیەنن.
ـ چوکلێت و قاوە و ئەو خواردنەوانەی کە کافایینایان تێدایە، دەبنە هۆی ژەهراوی بوونی هەندێک جۆری سەگ و پشیلەی ماڵی.
ـ پەنیر و شیر و بەرهەمەکانی زیانبەخشە بۆ ئەو ئاژەڵانەی کە هەستیاری لاکتۆزیان هەیە.
ـ ئەڤۆکادۆ ماددەی بیریسینی تێدایە کە دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە بۆ چەند جۆرێک ئاژەڵی ماڵی نموونەی سەگ.