پارتی ناوچە دیموکراتیکەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-05-22:35:00 - کۆدی بابەت: 8516
پارتی ناوچە دیموکراتیکەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان یان دەبەپە (بە کورمانجی: Partiya Herêman a Demokratîk، بە تورکی: Demokratik Bölgeler Partisi) کە لە پێشوودا بە ناوی پارتی ئاشتی و دیموکراسی یان بەدەپەیش دەناسرا، پارتێکی سیاسیی باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیایە کە ھاوکات لەگەڵ داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی دامەزرا. دەبەپە لەسەر ئەگەری داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی لە ٣ی ئایاری ٢٠٠٨ دامەزرا. لە یەکەمین کۆنگرەی ئاساییی دەبەپە (سێیەم کۆنگرەی بەدەپە)، کە لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ لە ئامەد بەڕێوە چوو، شارەداری پێشووی گمگم، دەمیر چەلیک وەکوو سەرۆکی گشتیی دەبەپە ھەڵبژێردرا.

بەدەپە پێشتر و لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی تێکەڵیی و هەماهەنگی و نزیکییەکەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان داخرا و خرایە لیستی تیرۆر. لە نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ زیاتر لە ٧,٥٠٠ ئەندامیان دەستگیرکرا.

ئایدۆلۆژیا

دەبەپە بیرکردنەوەیەکی چەپڕۆ بەڕێوەی دەبات و وەک چاودێرێکی سۆسیالیزمی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت. جارێک داوای لە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە چەکەکانیان دابنێن. یارمەتی تورکیای داوە بۆ بەشداری لە یەکێتیی ئەورووپا. هاوکاری هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزەکانی کردووە و دژی یاسای دژایەتی هاوڕەگەزخوازان وەستاوەتەوە. هەروەها دەیەوێت حکوومەتی تورکیا دان بە کۆمەڵکوژیی گەلی ئەرمەنیدا بنێت.

هێما و نیشانە

ھێمای ئەم پارتە بریتییە لە دارێکی بەڕوو لە سەر زەمینەیەکی زەرد. بەڕوو لە فەرھەنگی کوردەواریدا نیشانەی خۆڕاگری و سووربوون و سەربەرزییە.

پەرلەمان

لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١ کوردەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دیموکراسی (بەدەپە) کە لە ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ پێکھاتبوون، توانیان بە ڕێژەی ٦%ی دەنگەکانی ھەڵبژاردن، ٣٦ کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن.

پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوڵتان کشاناک بەشێوازی ھاوبەش سەرۆکی ئەم پارتە بوون. لە سێیەمین کۆنگرەی دەبەپە لە ڕێکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠١٤ ھاوکات بە گۆڕینی ناوی پارتەکە بە «پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان» یان «دەبەپە»، ھاوسەرۆکانی پارتیەکەش گۆڕدران و ئەمینە ئاینا و کامێران یوکسەک بوون بە ھاوسەرۆکانی تازە.


سەرچاوەکان



188 بینین