ئەنفلۆنزای تەماتە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-28-23:51:00 - کۆدی بابەت: 8830
ئەنفلۆنزای تەماتە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنفلۆنزای تەماتە یان تای تەماتە (بە ئینگلیزی: Tomato flu or tomato fever) یانیش پەتای تەماتە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی ناڕوونە کە لە ویلایەتی کیرالای وڵاتی هیندستان بڵاوبووتەوە، هۆکارەکەی تا ئێستا نەزانراوە و هەموو تووشبووەکانیش منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانن. ناوی ئەنفلۆنزای تەماتە لە سەرەکیترین نیشانەی نەخۆشییەکەوە هاتووە کە بریتییە لە دروستبوونی تلۆق یان پفکەی شێوە تەماتە لەسەر  شوێنە جیاوازەکانی جەستە، تلۆقەکان سەرەتا بچووک و سوورن دواتر کە گەورە دەبن شێوەیان وەکوو تەماتەی لێ دێت، بۆیەش نەخۆشییەکە بە تای تەماتە یان ئەنفلەوەنزای تەماتە ناسراوە، جگە لە بوونی پەڵە و تلۆقی پێست منداڵە تووشبووەکان تووشی وشکبوونەوەی جەستە و هەراسانیی پێستیش بوونە.

نیشانەکان

نیشانەکانی ئەنفلۆنزای تەماتە هاوشێوەی نیشانەکانی تای دانکە (Dangue fever) و چیکونگوینا (Chikunguyna)ـیە. نیشانە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە بریتین لە:

  • تلۆق و پفکەی سووری گەورەی بازنەیی لەسەر بەشە جیاوازەکانی جەستە
  • لیر و هەراسانیی پێست
  • وشکبوونەوەی جەستە
  • تای بەرز
  • ئازاری جەستە
  • هەڵئاوسان و ئازاری جومگەکان

هەندێک لە نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • پەڵە و نەمانی ڕەنگی پێست لە دەست، سمت و جومگەکان
  • لووت ئاوکردن و پژمین
  • کۆکە
  • ئازار و ژانی سک
  • هەستکردن بە ماندوویەتی و شەکەتی

هۆکار

تا ئێستا هۆکاری ئەم تووشبوونە میکرۆبییە (Infection) بەتەواوی دیاری نەکراوە، توێژەرەوەکان هێشتا لە لێکۆڵینەوە دان بۆ دۆزینەوەی ئەو وردەزیندەوەرەی یان ئەو ڤایرۆسەی کە بەرپرسە لەم نەخۆشییە. هەروەها لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکە گوازراوەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، پزیشکەکان داوای خۆپاراستن دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.

ئەنفلۆنزای تەماتە نەخۆشییەکی درمییە؟ 

ئەنفلۆنزای تەماتە تووشبوونێکی میکرۆبیی درمییە کە لەڕێی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، زیاتریش لە منداڵانی قوتابخانەکاندا باوە بەهۆی کەمتەرخەمی لە پاکوخاوێنی. هۆکاری تووشبوونەکە واتا ڤایرۆسەکە دوای تووشکردنی کەسێک و کەمبوونەوەی لە جەستەی ئەو کەسەدا دەتوانێت بۆماوەی چەند هەفتەیەک لە جەستەی کەسەکە بمێننەوە، ئەمەش وا دەکات هەڵگری ڤایرۆسەکە بن و کەسانی تر تووش بکەن.  هەروەها کەسانی پێگەیشتووش دەکرێت لە منداڵانەوە تووشی ڤایرۆسەکە ببن بەڵام هیچ نیشانە و هێمایەکیان تێدا دەرناکەوێت. 

چارەسەر

ئەنفلۆنزای تەماتە نەخۆشییەکی تووشبوونی میکرۆبیی خۆسنووردارکەرە واتا نیشانەکان دوای چەند ڕۆژێک خۆیان دیار نامێنن و چاکدەبنەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی ڤایرۆسەکە تا چەند هەفتەیەک کەسەکە دەتوانێت کەسانی تر تووش بکات. ئەنفلۆنزای تەماتە نەخۆشییەکی دەگمەنە و نوێیە بۆیە هیچ دەرمانێکی تایبەت بە نەخۆشییەکە بەردەست نییە. پزیشکەکان بەپێی نیشانەکانی منداڵەکە چارەسەری دەکەن و دەرمانی دژەتا و ئازارشکێن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان ڕەچەتە دەکەن. 

ڕێگریکردن لە تووشبوون 

باشترین ڕێگە بۆ دامرکاندنەوەی نەخۆشییەکە بریتییە لە وەستاندنی بڵاوبوونەوەی تووشبوونە میکرۆبییەکە (Infection)، چونکە ڕێگریکردن باشترین چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکی هێرشبەری نوێی نەزانراو. بە گشتی خاڵەکانی ڕێگریکردن بریتین لە:

  • دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کەسێکی تووشبوو 
  • تێگەیاندنی منداڵان لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە و خۆبەدوورگرتن لە کەسانی تووشبوو
  • فێرکردنی بنەماکانی پاکوخاوێنی بۆ منداڵ و ڕێگریکردن لەوەی دەست بخەنە دەمیان و پەنجەیان بمژن
  • بەردەوام هێشتنەوەی جەستە بەشێداری، بە خواردنەوەی ئاوی زۆر و شلەمەنییەکان
  • جیاکردنەوەی منداڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکە بۆئەوەی کەسانی تر تووش نەکات
  • جلوبەرگ و کەلوپەلی تایبەتی کەسی تووشبوو جیابکرێتەوە و پاکبرکێتەوە 
  • بەکارهێنانی ئاوی گەرم بۆ شۆردنی دەست و دەموچاو و گەرماوکردن
  • وەرگرتنی خواردنی پڕ لە ماددەی خۆراکی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستە


سەرچاوەکان



751 بینین