ناوهڕۆك
شەپۆلی زێڕ
شاعیر: کامەران موکری
بەرهەم: ئاگر و ژیلە
هۆنراوە: شەپۆلی زێڕ
(ئەوانەی خۆیان ئەفرۆشن بە زێڕ، دڵیان لە زێڕ سارد و سڕترە جوانییان وەک جوانی پەیکەری مەڕمەڕی بێگانە)
چیای ڕەنگین...
داوێنی کەز، نێرگس و گول
گزنگ لەناو کۆشی چەما، ئارامی گرت
ئاسمانی شین...
ئەستێرەی زیوی ڕووی سڕی
شەوبۆیەکی خنجیلانە
لە سێبەرا
پێکەنی سەری هەڵبڕی
بۆ تیشکی خۆری گەرم و گوڕ
دڵۆپی قەڵبەزی وەک چوڕ
چاوی هوزار
شنەی شەماڵ، سروەی نازدار
چەمی بزێو
***
هوزاری چەم
فڕی، فڕی تا هەور و تەم
خۆر، لەناو پەلی درەختا
وەک بگەڕێ بە دوای بەختا
سەرەتاتکێی ئەکرد لە گوڵ
کەوتە شنە شن پۆپی چڵ
بەردی کەنار خۆیان ئەشت
ئاوی خۆر مرواری ئەڕشت
شەونم لە «خۆر ماچ کردنا»
زەرد هەڵگەڕا:
لە چیمەنا پۆری نەرمین
بە لەنجە و لار، ڕەوتی شیرین
چیای ڕەنگین
پەڕەی گوڵاڵەی ناسکۆڵە
شەماڵ هێنابووی، لەو دۆڵە
تاڵ تاڵی گوڵی تەڕی خاو
گەڵای پاراو
خونچەی تەڕ، بە شەونم و ئاو
دایانپۆشیبووم وەک پەری
چرۆ، لە جێی خۆی ئەوەری
چاون لێکنابوو، گوڵی سوور
لە دەورم فەرشی بێ سنوور
پەنجەی هێنا،
کچێکی جوان
نەرم و نیان
پێڵوومی جووڵان بە نەرمی
سەرنجی دامێ بە گەرمی
وتی گیانە،
وتم: ئەی فریشتەی جوانی
(مژدەی خۆشی و کامەرانی)
باڵی ئاڵئان لە گەردنم
گەردنی! ئاڵ وەکوو هەتاو!
پرچی زەردێکی نەرم و خاو
چاوی کانیی هەستی شیرین
پرشنگی وەک ئەستێرەی شین
وتم خۆشم ئەوێی بە دڵ
وەکوو شەماڵ بۆ پەڕەی گوڵ
وتی: کوا بەرگی ڕەنگاوڕەنگ
_: (منی هەژار بەرگم شیتاڵ)
وتی: ئەی گۆرانی و ئاهەنگ
وتم: کسپەی دڵ و دەروون
_: کوانێ ئاڵتوون؟
وتم نیمە. !
_: کوا کۆشکی بەرز و کوا تەلار؟
وتم: کۆشکم وا لەوێوە من هەژار،
پەنجەم درێژ کرد بۆ چەمێک
کوختێکی تاریک و نووتەک
زریکانی و ڕووی وەرگێڕا
ئەو جامە ئەشکەی داینابوو
ۆیاما ماڵی (قڵپ) ڕژا
خۆی هاوێشتە شەپۆلەوە
(شەپۆلی زێڕ)
دڵی کرد بە قوربانی ئەو
لە بیرم چووەوە، بوو بە خەو