دیاری - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-09-18:21:00 - کۆدی بابەت: 8952
دیاری - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

دیاری

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: دیاری

هۆنراوە: دیاری

گریانی زۆر، هەناسەی سارد، ئەشکی خوڕ
خورپەی بزێو، نائومێدی کوتوپڕ

لاڵانەوەی دڵی هەژار، هەناسە
خەمی دەروون، تینی ئاگری تاسە

ئەمانەیەو لەمان، قووڵتر، کە هەستێ
وەکوو گڕێک، لە دەروون، یان لە هەستێ

دیاریی دڵدار، بۆ یارە نازدارەکەی
یا، ڕازی گیان، هی گیانە بێزارەکەی

بەڵام وا من، کچی شۆخ، ئەی جوان و مەنگ
دیاریی خۆمت، بۆ ئەنێرم، ڕەنگا و ڕەنگ

نە ئازارە، نە فرمێسکی دڵ و چاو
نە سوێی برین، نە هەڵڕشتنی زووخاو

دیارێکەی من، وردە، شیرین و تازە
گەرم و گوڕە، وەک شەپۆلی ئاوازە

نەختێ ورشەی ئێوارانی، خۆرەتاو
بەسەر پەڕەی گوڵێکی ئاڵا پژاو

ئەو پرشنگە، وەکوو ورشەی نیگای کاڵ
لەسەر، ڕووی تۆ... ڕوومەتێک ناسک و ئاڵ

لەو کانییەی، ڕەنگی بەشیو، وەک زیوە
دڵۆپ دڵۆپ، لەو شەپۆلەی تەزیوە

وەک شەونمی ئەو دوو لێوە، ناسکە
کە پڕیەتی لە تاسە و لە ترووسکە

هەروا، نەختێک، لە زەردەخەنەی شیرین
هی دەمی گەش، یان کەلی ئاسمانی شین

لەم دیاریانە، لای من، کە ڕەنگینتر بێ
یا، لەمانە، جوانتر، نازەنینتر بێ

بە ڵێنێکە، کە شیرازەی ژیانی
من و تۆیە... هۆنیمەوە بە جوانی

سەرنجی ورد، قوڵپی ئەو ژێر گەردنە
بەژنێکی ڕێک... ئەو چەناکە خرپنە

چپەی نەرمت، لەرەی دەنگت لە گەروو
دڵیان پڕ کرد... لە تاسە و لە ئارەزوو

ئاوازەیەک.. یان، لەرەیەک لە دەنگێ
یا ورشەیەک، لە گۆنای شۆخ و شەنگێ

تەلی هەستیان وەک تۆ نە لەرزانوە
پەریی عەشقیان، لە خەو هەڵنەسانوە


سەرچاوەکان



498 بینین