منداڵی کۆتاییی خێزان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-06-30-21:50:00 - کۆدی بابەت: 9234
منداڵی کۆتاییی خێزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵی کۆتایی خێزان یان منداڵی بچووک زیاتر لە منداڵەکانی تر سەرنج و خۆشەویستی خێزان وەردەگرێت، هەروەها دایک و باوک چێژ لە بوونی ئەو لە ماڵەوە وەردەگرن، چونکە دەزانن منداڵێکی تر لەدوای ئەوەوە نایەت، لە بەرانبەردا خوشک و برا گەورەکان منداڵی بچووک بە بەناز دەزانن، بەزۆری کاردانەوەیان بریتییە لە پشتگوێخستن یان هەراسانکردنی بچووکترین ئەندامی خێزانەکە. ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی منداڵی کۆتایی یارمەتی دایک و باوک دەدات کە هۆشیارانەتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و ئارامی لە ماڵەوە جێگیر بکەن.

تایبەتمەندی و کەسایەتی منداڵی کۆتایی

  • منداڵی کۆتایی بە خوشک و برا گەورەکان دەورە دراوە کە پێی وایە دەتوانن هەموو شتێک بکەن، هەر بۆیە پاڵنەرێکی زۆری هەیە بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ خوشک و براکانی و بە خێرایی گەشە دەکات.
  • لەلایەکی ترەوە منداڵانی کۆتایی منداڵی تریان بەدوادا نایەت و بۆ خێزان ئازیزن، بەهەڵە هەڵسوکەوتکردنی دایک و باوک لەگەڵ کۆتا منداڵدا لەوانەیە ببێتە هۆی زۆر وابەستەبوونی، لە ڕاستیدا دایک و باوک بەزۆری لەگەڵ منداڵی کۆتایی نەرمونیان ترن.
  • منداڵانی کۆتایی بەگشتی نەرم و نیانن، ئەم منداڵانە بەئاسانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا دەبەستن.
  • یەکێک لە خەسڵەتەکانی منداڵانی کۆتایی ئەوەیە کە خۆپەرستن، واتا هەمیشە کار بە بۆچوونی خۆیان دەکەن ڕەنگە تەنیا خۆیان قبووڵ بێت.
  • منداڵی کۆتایی بەدوای سەرنجدا دەگەڕێت، واتا ئارەزوو دەکات لە هەموو کۆمەڵەیەکدا سەرنجەکان تەنیا لەسەر ئەو بێت.
  • ئەم منداڵانە بەهۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە وەریانگرتووە بەگشتی متمانەیەکی زۆریان بەخۆیان هەیە.
  • ڕەنگە تووشی تێکچوونی کەسایەتی وابەستە ببن بەهۆی گرنگیدان و پشتیوانی زۆری دەورووبەریانەوە، کە ناتوانن بە تەنیا کارەکانیان ئەنجام بدەن، یان بەهۆی گرنگیپێدانی خێزانەكانیان، دەبنه كەسێك كه بەرگەی بێباكی ناگرن و هەست به شەرمەزاری دەکەن ئەگەر تووشی بێباكی ببن (بۆ نموونه لە قوتابخانه).
  • ئەویش وەکوو منداڵەکانی تر دەبێت پابەندی یاساکان بێت و لە ماڵەوە یاساکان جێبەجێ بکات، چونکە بەزۆری منداڵی کۆتایی گرنگی بە یاسا و ڕێساکان نادات، لەکاتی دروستبوونی شەڕ و ناکۆکی نێوان منداڵەکان، بێلایەن بن و لایەنی منداڵی بچووک مەگرن لەبەرئەوەی بچووکە.
  • منداڵانی کۆتایی دەیانەوێت هەموو سەرنجی دایک و باوک بەدەست بهێنن، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چەندین شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، لە خۆپیشاندان بە بێتاوانی و ستەملێکراوی، هەتا زیرەکی و پیلانگێڕی بۆ منداڵەکانی تر.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی کۆتایی

  1. فێری بکەن سەربەخۆ بێت: زۆرجار منداڵی بچووک بەهۆی تەمەنی بچووکییەوە لە دانانی پلان و بڕیارەکانی خێزاندا بەشداری پێ ناکرێت هەرچەندە کچە چوار ساڵانەکەت بچووکترین ئەندامی خێزانەکەیە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە وەکوو منداڵێکی ساوا مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، فێری بکە کاری خۆی بکات و سەربەخۆ بێت.
  2. کاتێکی تایبەت بدە بە هەر یەکێک لە منداڵەکانت: هەمیشە بچووکترین ئەندامی خێزان زۆرترین گرنگی پێدەدرێت، هەموو منداڵەکان پێویستە کات لەگەڵ دایک و باوکیان بەسەر ببەن، بۆئەوەی پێویستییان بە گرنگیپێدان پڕ بێتەوە.
  3. فێری بکەن بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت: هەرچەند منداڵی بچووکیش بێت، بەڵام ئەگەر منداڵ لە ئەرکەکانی ماڵەوەدا بەشداریتان لەگەڵ نەکات، نەک هەر بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی خوشک و برا گەورەکانیشی ئەرکەکانیان ڕەت بکەنەوە.
  4. لەکاتی پێویستدا بەرگری لێ بکەن: ڕەنگە منداڵە گەورەکان ئازاری منداڵە بچووکەکە بدەن یان بێزاری بکەن، لەم کاتانەدا دەبێت نێوەندگیری بکەن و ڕەفتاری دروست فێری منداڵەکان بکەن.
  5. لەکاتی پێویستتدا پێی بڵێن نەخێر: منداڵی کۆتایی زیاتر خۆویست و کەلـلە ڕەقە، لەبەر ئەوە ئاساییە کە وڕک لە شتێک بگرێت، داوای بکات و بۆی بگری بەڵام دەبێت لەکاتی پێویستدا داواکارییەکەی ڕەت بکەنەوە و پێی بڵێن نەخێر، وەکوو خوشک و براکانی تری مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
  6. هەندێک جار کاتێک منداڵانی تەمەن جیاواز پێکەوە یاری دەکەن، منداڵی بچووک لە یارییەکە دوور دەخرێتەوە، بەشێوەیەکی سروشتی ناتوانێت بە خێرایی گەورەکان ڕابکات، باز بدات و بیر بکاتەوە، ئەم هەستە بۆ منداڵێکی چوار ساڵان زۆر ناخۆشە، لەم دۆخەدا دەتوانیت لە تەنیشتی دابنیشیت و هاوسۆزی لەگەڵ بکەیت، بە زمانێکی سادە دۆخەکەی بۆ ڕوون بکەرەوە و بڵێ بۆ هەمیشە وا نامێنێت.
  7. هەرکاتێک پێویست بوو، پێی بڵێن کە هەڵە دەکات و هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەنەوە، بۆ نموونە ڕەنگە منداڵی بچووک بۆئەوەی نەڕوات بۆ قوتابخانە خۆی نەخۆش بخات، وا دەربخات کە ناتوانێت بڕوات، دەبێت پێی بڵێیت کە کارەکەی هەڵەیە و بیانوو هێنانەوە قبووڵ ناکرێت.
  8. هۆکاری ئەو ڕووداوانەی بۆ ڕوون بکەنەوە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.


سەرچاوەکان

411 بینین