منداڵی تاقانە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-01-21:30:00 - کۆدی بابەت: 9243
منداڵی تاقانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بوون بە منداڵی تاقانە دۆخێکی ناوازەیە لە خێزاندا، منداڵە تاقانەکان بەبێ ئەوەی هیچ خوشک و برایەکیان هەبێت، بە ئاسانی هەموو سەرنجی دایک و باوک و سەرچاوە دارایی و مەعنەوییەکانی خێزانەکە بەدەست دەهێنن، منداڵی یەکەم بۆ ماوەیەکی کەم ئەزموونی ئەم دۆخە دەکات و منداڵی تاقانەش بۆ تەمەنێک.

تایبەتمەندییەکانی منداڵی تاقانە

  1. متمانە بەخۆبوونی باشیان هەیە: بەڵگە هەیە ئەو منداڵانەی کە خوشک و برایان نییە متمانە بەخۆبوونێکی باشتریان هەیە، ڕەنگە بۆ هەندێک کەس خراپ دەربکەوێت، بەڵام ئەو گرنگییە زۆرەی کە بە منداڵانی تاقانە دەدرێت، یارمەتیان دەدات هەست بە باشتربوونی خۆیان بکەن، کاتێک پێویست ناکات سەرنجی دایک و باوکیان لەگەڵ کەسانی تر هاوبەشی پێ بکەن هەستێکی بەهێزیان بۆ دروست دەبێت.
  2. هەستکردن بە سنووری تایبەتی: کاتێک منداڵ ناچار نییە ژوورەکەی لەگەڵ منداڵێکی تر بەش بکات، هەست بە تایبەتی خۆی دەکات، ئەوان بە بەراورد بەو منداڵانەی کە خوشک و برایان هەیە، گۆشەگیرترن و پێویستیان بە تایبەتمەندی و شوێنی زیاترە، بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت کە ناتوانن کەلوپەلەکانیان هاوبەشی پێ بکەن، تەنها پێویستیان بە شوێنی زیاترە.
  3. لە خوێندندا باشتر پێش دەکەون: توێژینەوەکان ئەوە دەرناخەن کە منداڵە تاقانەکان زیرەکترن لەو منداڵانەی خوشک و برایان هەیە، بەڵام کاتێک باس لە سەرکەوتنی ئاستی بەرز دەکرێت، منداڵە تاقانەکان هێز و توانای زیاتر نیشان دەدەن، یەکێک لە تیۆرییەکان ئەوەیە کە ئەو دایک و باوکانەی تەنها یەک منداڵیان هەیە کات و پارەی زیاتر بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەیان تەرخان دەکەن، چونکە پێویست ناکات کاتەکانیان لە نێوان منداڵەکاندا دابەش بکەن، هەروەها دایک و باوک چاوەڕوانی زیاتر لە منداڵەکەیان دەکەن.
  4. سەربەخۆیی: منداڵە تاقانەکان ئاستێکی بەرزتر لە سەربەخۆیی نیشان دەدەن، چونکە خوشک و برایان نییە کە پشتی پێ ببەستن واباشترە دایک و باوک بە بەشداری پێکردنی منداڵەکەیان لە گروپەکانی یاریی بەکۆمەڵدا، کۆمەڵایەتیبوونی پێویست بە منداڵەکەیان بدەن، منداڵە تاقانەکان فێر دەبن چۆن بە تەنیا بن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، هاوڕێکانیان دەپارێزن، بەڵام چێژ لە تەنیاییش وەردەگرن.
  5. زیاتر حەز لە گروپی بچووک دەکەن بۆ هاوڕێیەتی: بەپێی ئەوەی کە منداڵە تاقانەکان، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەستیارن، لەبری دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێکی گەورە، زیاتر مەیلیان هەیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی هەڵبژێردراو و زۆر باشدا کات بەسەر بەرن.
  6. زیاتر ڕێکخراون: منداڵە تاقانەکان زیاتر گرنگی بە وردەکاری و ڕێکخستن دەدەن لە کەلوپەلەکانیاندا، ئەگەر دایک و باوک زیاد لە پێویست نازیان پێ نەدەن، بەخێرایی لەبارەی ژیانەوە فێر دەبن و ڕەفتاری گەورەکان هەڵدەگرن.

سوودەکانی منداڵی تاقانە

  1. بەدەستهێنانی هەموو خۆشەویستییەکی دایک و باوک: کاتێک منداڵی تاقانەیت، هەموو خۆشەویستی و سەرنجی دایک و باوکت بەتەنیا بەدەست دەهێنیت و ڕکابەرێک بۆ خۆت نابینیت.
  2. خۆشگوزەرانی زیاتر: منداڵی تاقانە تەواوی تێچووی خۆشگوزەرانی خێزانەکە وەردەگرێت، بڕیار نییە دایک و باوک پارەی منداڵەکانی تر بدەن، هەر لەبەر ئەمەش ڕەنگە منداڵی تاقانە کەمێک تەمبەڵ بێت، چونکە هەموو شتێک کە دەیەوێت ئاسانتر پێی دەدرێت، خێزانەکەش دەتوانن زیاتر پێویستییە داراییەکانی منداڵەکە دابین بکەن.
  3. یاری زیاتر: منداڵی تاقانە، یاری زیاتری بۆ دەکڕدرێت و کەمتر هاوبەشیش بە کەلوپەلەکانی دەکات.
  4. سەربەخۆیی زیاتر: ڕەنگە منداڵێکی تاقانە کەمێک تەنیا بێت بەهۆی نەبوونی خوشک و براوە، بەڵام ئەم تەنیاییە وا دەکات زیاتر سەربەخۆ بێت، گەشە بکات و زیاتر پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  5. منداڵی تاقانە دەبێتە خاوەنی هەموو کاتە بەتاڵەکانی دایک و باوک: دایک و باوک هەموو شتێکی پێدەدەن کە لە توانایاندا بێت.

کێشە و زیانەکانی منداڵی تاقانە

  1. خووگرتن بە چاودێری بەردەوامی دایک و باوکەوە: منداڵی تاقانە لە خێزانەکەدا، خوو دەگرێت بە بەڕێوەبردن و بەردەوام چاودێریکردنی دایک و باوکی، خەمی هیچ شتێکی نییە و هەموو شتێک لەلایەن دایک و باوکییەوە دابین دەکرێت.
  2. فشارێکی زۆر لەسەر دایک و باوک: نەبوونی یارمەتی خوشک و برا گەورەکان بۆ چاودێریکردنی منداڵ، دەتوانێت فشارێکی زۆر بخاتە سەر دایک و باوک و بیانخاتە دۆخێکی سەختەوە.
  3. وابەستەبوونی دایک و باوک: دایک و باوک بەتوندی وابەستەی منداڵی تاقانە دەبن بەو پێیەش منداڵ لە تەمەنی منداڵی، تەنانەت لە تەمەنی هەرزەکاری، گەنجی و گەورەییدا دەبێتە قوربانی ئەم وابەستەییە، ئەو دایک و باوکانەی کە ساڵانێکی زۆرە بەم منداڵە دڵخۆشن، ناتوانن جێی بهێڵن و ژیانێکی سەربەخۆ پێکبهێنێت.
  4. بەرپرسیارێتی قورس: لەگەڵ گەورەبوونی منداڵی تاقانە و زیادبوونی تەمەنی دایک و باوک، بەرپرسیارێتییەکی قورس بەسەر ئەو منداڵەدا دەسەپێندرێت کە ئێستا گەورە بووە.
  5. فشاری زۆر لەلایەن دایک و باوکەوە: لەوانەیە دایک و باوکی منداڵێکی تاقانە فشارێکی زۆری لەسەر دروست بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێی جۆراوجۆر و کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە.

ئایا هەبوونی یەک منداڵ واتای ئەوەیە منداڵەکە تەنیایە؟

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ترسی دایک و باوک لە جێهێشتنی منداڵەکەیان بەتەنیا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی منداڵبوونی زیاتر، ئەو دایک و باوکانەی کە ترسیان هەیە منداڵەکەیان بەتەنیا و گۆشەگیری بمێنێتەوە، بە لەدایکبوونی منداڵێکی تر، نیگەرانییەکانیان کەم دەکەنەوە، بەڵام توێژینەوەکان دەریدەخەن کە منداڵی تاقانە خۆپەرستتر، تەمبەڵتر و تەنانەت تەنیاتر نییە لە منداڵانی تر، کە لە خێزانە گەورەکاندا پەروەردە دەکرێن، لەڕاستیدا هەندێک منداڵی تاقانە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ گەورەکاندا ڕۆحێکی کۆمەڵایەتی تریان هەیە، لەم ڕوانگەیەوە ناتوانرێت ڕەخنەیان لێ بگیرێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی تاقانە

  1. بڕیار نییە منداڵەکەتان ئاواتەکانی ئێوە بهێنێتە دی: ئەو منداڵی ئێوەیە، نەک هەلی دووبارە ژیانەوە بۆ ئێوە! بۆیە فشاری مەخەنە سەر، لەبری ئەوە ڕێگە بدەن خۆی ئەو ڕێگایەی حەزی لێیەتی هەڵیبژێرێت و ئەزموونی بکات.
  2. تێکەڵی ئەنجامدانی کارەکانی مەبن: بۆ نموونە کاتێک خۆی جێگاکەی ڕێک دەخات و ژوورەکەی پاک دەکاتەوە، بەدوای ئەودا ئەو کارە بەشێوەیەکی باشتر ئەنجام مەدەن، چونکە زیانی پێ دەگەیەنێت.
  3. ئاستی چاوەڕوانییەکانتان کەم بکەنەوە: نابێت ڕێگا بدەیت منداڵەکەت دووبارە و سێبارە گفتوگۆی نەرێنی لەگەڵ خۆیدا بکات، دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی وەک "دەمزانی ئەمەم بەسەر دێت!" "هەمیشە شتە خراپەکانم بەسەر دێت!" ئازاری دەدات و متمانە بەخۆبوونی کەم دەکاتەوە، لەم کاتانەدا یارمەتی بدەن بۆ دووبارە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە، لەگفتوگۆدا لەگەڵ منداڵەکە پێکەوە سەیری لایەنە باش و خراپەکان بکەن، بڵێن کەس ناتوانێت باشترین بێت لەهەموو بوارەکاندا بۆئەوەی متمانەی منداڵەکە لەناو نەچێت.
  4. چێژ وەرگرتن لە ژیان لەبیر مەکەن: منداڵە تاقانەکان بەزۆری داهێنەر و وزەبەخشن، ئامادەن هەر کارێک بکەن بۆ ئەوەی سەربکەون، ڕەنگە منداڵە ١٠ ساڵانەکەت فشارێکی زۆر بخاتە سەر خۆی و بتوانێت بە مەشقی زۆر بکات، لەم دۆخەدا باشتر وایە لەگەڵ منداڵەکەتان قسە بکەن، پێی بڵێن دانانی ئامانج و بەدیهێنانی ئامانجەکان زۆر گرنگە لە ژیاندا، بەڵام شتی تریش هەیە کە لە ژیاندا چێژی لێ وەربگریت.
  5. هەموو کێشەکان چارەسەر مەکەن: لەبەر ئەوەی منداڵەکەتان تەنیایە، چەندین کاتژمێر لەگەڵیدا بەسەر دەبەن، ئەم هاوەڵییە وا دەکات لە ژێر یارمەتی و سەرپەرشتی ئێوەدا کارەکانی خێراتر ئەنجام بدات، بەڵام لە لایەکی ترەوە فێر نابێت بە تەنیا کارەکانی ئەنجام بدات باشتر وایە لە ماڵەوە وەکوو مامۆستایەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، لەتەنیشتی بن بەڵام لە وەڵامی پرسیارەکانیدا، بڵێن نازانین تا فێری کارامەیی چارەسەرکردنی کێشە بێت و پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت، لە داهاتوودا ئەم توانایە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی یارمەتیدەر دەبێت.


سەرچاوەکان



632 بینین