منداڵی یەکەمی خێزان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-06-16-23:30:00 - کۆدی بابەت: 9049
منداڵی یەکەمی خێزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرنگیدان بە تایبەتمەندییەکانی منداڵی یەکەم پێویستە چونکە لەگەڵ هاتنی منداڵی یەکەم هەموو ئەندامانی خێزانەکە دەچنە ناو پڕۆسەیەکی جیاوازەوە، بە شێوەیەکی سروشتیش دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەم، منداڵی یەکەم پێگەی خۆی وەک فەرمانڕەوای خێزان لەدەست دەدات و لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هاوبەشی پێ دەکات، بۆیە لەم کاتەدا ڕۆڵی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا گرنگتر دەبێت، پێویستە دایکان و باوکان هەلومەرجێک لە خێزاندا دابین بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گرفتەکان لە ژینگەی ماڵدا، پەیوەندییەکی بەردەوام و دڵسۆزانە لە نێوان منداڵاندا دروست بکەن، بۆ ئەم مەبەستە زۆر گرنگە کە دایکان و باوکان بنەما گرنگەکانی پەروەردەکردنی منداڵ بزانن و جێبەجێی بکەن.

ڕۆڵی خێزان

لەدایکبوونی یەکەم منداڵ ئەزموونێکی نوێیە بۆ دایک و باوک، لەوانەیە دایک و باوک زۆر توند بن لە پەروەردەکردنی منداڵی یەکەمیان و پابەندی یاساکان بن، یان لەوانەیە زۆر نەرم بن بەهۆی ئەو تامەزرۆییەی کە بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەیان هەیانە، بنەماکانی پەروەردەکردنی منداڵ و خاڵە هەستیارەکانی پەروەردەکردنی منداڵ بە باشی جێبەجێ نەکەن، لە ئەنجامدا لە پەروەردەکردنی منداڵەکەیاندا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەم دایک و باوک بەهۆی ئەزموونی پەروەردەکردنی منداڵی یەکەمیانەوە شێوازی خۆیان دەگۆڕن و بەشێوەیەکی جیاواز دەست دەکەن بە پەروەردەکردنی منداڵی دووەم، منداڵی یەکەم ناچارە بەرگەی ناشارەزیی و ناپێگەیشتوویی دایک و باوکی لە پەروەردەکردنیدا بگرێت.

هاوسەنگی لە پەروەردەکردنی منداڵی یەکەمدا

منداڵی یەکەم جێگای سەرنجی دایک و باوکە، بەگشتی خواستەکانی لەلایەن دایک و باوکەوە جێبەجێ دەکرێت و وای لێدەکات هەست بە بەهایەکی زۆر بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆسە‌یه‌ هەروا بەبێ یاسا و پابەندێتی بێت، منداڵەکە دەبێتە‌ كه‌سێکی برسی ده‌سه‌ڵات، خۆپه‌رست و بێ ئارامی كه‌ ناتوانێت به‌رگه‌ی هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك بگرێت.
دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەم، سەرنجی دایک و باوک بۆی کەم دەبێتەوە و ئەویش منداڵی دووەم بە هۆکاری ئەم کەمتەرخەمییە دەزانێت، لەم خاڵەدا ئیرەیی منداڵی یەکەم سەرهەڵدەدات، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم منداڵانە لە کاتی لەدایکبوونی منداڵی دووەمدا، هەموو منداڵە یەکەمەکان لە پێگەی خۆیاندا هەست بەم گۆڕانکارییە دەکەن، بەڵام تا منداڵەکان زیاتر پەروەردە بکرێن زۆرترین زیانیان پێدەگات، چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی منداڵ لەگەڵ ئەم بابەتەدا بەندە بە ڕەفتار و شێوازی پەروەردەکردنی دایک و باوکەوە
ئەگەر دایک و باوک هەموو سەرنجی خۆیان بدەن بە منداڵی دووەم یاخود هەڵسوکەوتی هەڵەی تر نیشان بدەن، منداڵی یەکەم ئەم هەستی ڕەتکردنەوەیە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و دواتر دەیگوازێتەوە بۆ خوشک یان برا بچووکەکەی، بەڵام ئەگەر دایک و باوکەکە بە باشی ڕەفتار بکەن، منداڵەکان دەبنە هاوڕێی باش بۆ یەکتر و منداڵی یەکەم هەست بە بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتی دەکات بەرامبەر بە برا یان خوشکە بچووکەکەی.

تایبەتمەندییەکانی منداڵی یەکەم

  • سەرکردایەتی و دەسەڵات خواز: دوای لەدایکبوونی منداڵەکانی تر، منداڵی یەکەم پابەند دەبێت بە چاودێریکردنی خوشک یان برا بچووکەکەی، لەم دۆخەدا لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە و ئاگاداریان دەبێت، لەگەڵ گەورەبوونیان، منداڵی یەکەم سەرکردایەتی خوشک و برا بچووکەکانی لە یاری و چالاکییە بەکۆمەڵەکاندا دەکات، بەم شێوەیە گەورە دەبێت، بەجۆرێک کە لە گەورەییدا  بەو توانا سەرکردایەتییەی کە لە منداڵیدا بەدەستی هێناوە، حەزی لە زاڵبوونە بەسەر کەسانی دیکەدا و لەو کارەدا باشە هەروەها هەستی بەرپرسیارێتی زۆر زیاد دەکات.
  • مامۆستا و ڕێنیشاندەر: گەورەترین منداڵی خێزان لە زۆر بابەتدا ڕۆڵی ڕێنیشنادەر دەبینێت، ڕۆڵێک کە پەیوەندی بە گەورەبوونییەوە هەیە دەکرێت ئەمە زۆر بێزارکەر و ماندووکەر بێت، بەڵام دواتر ئەو یەکەم کەسە لە هەموو بابەتەکاندا ڕۆڵی ڕێنیشاندەر بۆ خوشک و براکانی تری لەگەڵ هەموو سەختییەکانی چێژی زۆری هەیە.
  • ڕاهێنەر: منداڵی یەکەمی خێزان هەمیشە نموونەیە بۆ منداڵانی بچووکتر کە دەتوانن راوێژی لەگەڵ بکەن، خوشک و برا بچووکەکان هەست دەکەن کە هەمیشە کەسێک لە پێشیانەوە هەیە کە هەموو شتێک باشتر ئەنجام دەدات.

هەندێکی تر لە تایبەتمەندییە ڕەوشتییەکانی منداڵی یەکەم

  • حەزکردن لە دەسەڵات
  • بەرپرسیار
  • ئەرکی خۆی دەناسێت
  • ورد و هەستیار
  • بە ویژدان
  • پارێزگاریکەر
  • ڕێکخەری باش
  • بە گشتی منداڵی یەکەم مەیلی بۆ ڕابردوو هەیە و ڕەشبینە بەرانبەر داهاتوو

چۆنییەتی مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی یەکەم

  1. ڕێگا بدەن دەربارەی بابەتە تایبەتییەکانی بڕیار بدات ڕێگا بدەن منداڵەکەتان خۆی هەڵبژێرێت کە لە کام خولی وەرزشدا ناوی تۆمار بکات یان ڕاهێنان لە کام ئامێری مۆسیقادا بکات، لەوانەیە حەزی لە مەلەکردن نەبێت، بەڵام لە تێنسدا سەرکەوتوو بێت، بەو پێیەی منداڵی یەکەم مەیلی بۆ سەركەوتن هەیە لە بوارە جیاوازەكاندا، ئەگەر داوای لێبكەیت كارێك بكات، تەنانەت ئەگەر پێشی خۆش نەبێت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ بەدەستهێنانی، کەواتە باشترە ئەو بوارە هەڵبژێرن کە حەزی لێیەتی تاکوو چێژ لە ئەنجامدانی وەربگرێت.
  2. ئەگەر یەکەم منداڵت مێزەکەی سڕیوەتەوە، بەڵام هێشتا پەڵەی پیسی لەسەرە، مێزەکە لە پێش چاوی منداڵەکە پاک مەکەرەوە، ئەم ڕەفتارە زیان بە منداڵەکەت دەگەیەنێت.
  3. یارمەتی منداڵەکەت بدە وێنە تەواوەکە ببینێت هەندێک جار منداڵە یەکەمەکان ئەوەندە سەرنجیان لەسەر تەواوکردنی ئەرکەکانیان دەبێت کە هیچی تر نابینن.
  4. فێری ئارامگرتنی بکەن، منداڵی یەکەم دەبێت یاساکان بناسێت، لەسەرخۆ و بەئارامی فێری بکەن و خۆشتان پابەندی یاساکان بن، بەم شێوەیە فێری ئارامگرتن دەبێت.
  5. فێری بکەن کە هەندێک کات دەبێت واز بهێنێت.
  6. یاسای کەم و کاریگەر دابنێن.
  7. کاتی تایبەت بۆ منداڵی یەکەمتان دابنێن، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکان زۆرن.
  8. شانازی بە منداڵەکەتانەوە بکەن نەک ئەو شتانەی بەدەستی هێناوە، ئەوە شتێکی باشە کە منداڵەکەت یاریزانێکی باش بێت یان گیتارژەن، بەڵام بەشێوەیەک ستایشی بکە تا وا بیر نەکاتەوە بەبێ ئەو شتانەی بەدەستی هێناو خۆی هیچ نییە بۆتان، پێش هەموو شتێک ئەو منداڵە خۆشەویستەکەتانە و شانازی پێوە دەکەن.


سەرچاوەکان



544 بینین