ناوهڕۆك
ئیدمۆند هالی ١٦٥٦ - ١٧٤٢ ز
ئیدمۆند هالی، زانای نێوداری فیزیا و گەردوونناسی مەزنی ئینگلیز، بە دۆزەرەوەی (کلکداری هالی) شۆرەتی دەرکردووە، بەڵام بایەخە ئەکادیمییەکانی دیکەی ئەو، زۆر لەمە فراوان ترن، کە تەنێ لەو بوارەدا کۆیان بکەینەوە.
کلکداری هالی
ئیدمۆند هالی دوای ئەوەی (کلکدار) دەدۆزێتەوە، وادەی دەرکەوتنەوەشی بۆ دادەنێت، دوای تێپەڕبوونی شانزە ساڵ بەسەر کۆچی دوایی کردنی، جارێکی دیکە کلکدار، لە هەمان ئەو وادەی ئەو بۆی دانابوو، دەردەکەوێتەوە.
هالی، لە ساڵی ١٦٨٢ز، زۆر بە وردی سۆراخی کلکدار دەکات و توێژینەوەی لە مەڕ دەکات. دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو کلکدارەی لە ساڵی ١٥٣١ - ١٦٠٧ز، بینراوە، هەمان ئەو کلکدارە بووە، کە ئەو بینیویەتی. ئەو کلکدارە دەشێ هەموو حەفتا و شەش ساڵ جارێک ببینرێت. ساڵی ١٧٠٥ز، لە توێژینەوەکانی دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بیست و سێ کلکدار هەن. بە گوێریەی پێشبینی زانایانی گەردونناسیی، ساڵی ٢٠٦١ز، کلکداری هالی دیسان دەردەکەوێتەوە.
ئاسمانی باشوور
هالی تانێ کارە فەلەکییەکانی لەسەر کلکدارەکان چڕ نەکردووەتەوە، بەڵکە چەندان توێژینەوەی زۆر گرنگی دیکەیشی هەن، بە نموونە: ئەو، توێژینەوەی دەربارەی ڕێڕەوی هەسارەکان و سووڕی تەواوی مانگ کردووە. ڕێگەیەکی بۆ ژماردنی ڕووبەری نێوان خۆر و زەوی دۆزیوەتەوە. لە تەمەنی بیست ساڵیدا بە یەخت دەچێتە (سانت هیلان)، لەوێ نەخشەی هەسارەکان دەکێشێت، هەڵبەت ئەمەیش بە گوێرەی دەرکەوتنی لە نێو نیوەی گۆی باشوور. ئەو لە پێناوە ئەم گەشتەیدا، لە زانستگەی ئۆکسفۆرد وازی لە خوێندن هێنا. دوای دوو ساڵ توێژینەوە لە دوورگەیەکی دوور، کتێبێک بە نێوی (فەهرستی ئەستێرەکانی باشوور) دەنووسێت. ناکرێ بڵێین ئەم فەرهستە بە یەکەم نەخشەی وردی ئاسمانی باشوور دادەنرێت، بەڵام دەشێ بڵێین: یەکەم ڕووپێوی تەلیسکۆبییە، کە بۆ ئەستێرەکان کراوە.
هالی و شتەکانی دیکە
بەشێک لە زانایان دەڵێن هالی دامەزرێنەری زانستی فیزیای زەوی بووە. لە ساڵی ١٦٧٨ز، نەخشەیەکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ئاڕاستەکانی باسی لەسەر گۆی زەوەی دیاریی کردووە. هەروە توێژینەوەی دەربارەی وشککردنەوەی دەریاچە و پاڵەفتەکردنی خوێی تێیاندا کردووە. هەوڵی داوە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی خۆی دەربارەی زەوی، تەمەنی دەریاچەکان دیاریی بکات. هالی یاسایەکی بیرکاریی دادەنێت، پێوەندیی نێوان بەرزی و فشاری هەوا، ڕوون دەکاتەوە. ئەمە ڕێخۆیشیی بۆ دەکات تاکوو هێندێک گۆڕانکاریی لە ئامرازیی بارۆمەتردا بکات.
هالی لە ساڵی ١٦٩٣ز، توێژینەوەیەک دەربارەی سەرژـێری دانیشتوانی شارێکی ئەورووپی دەکات. هەروەها هالی چەندان توێژینەوەی سەبارەت بە: قەبارەی گەردیلە، ڕووناهی و پێوەندیی بە پەلکەزێڕینەوە کردووە. ئەو دیزاینی چەندان جلوبەرگی نێو دەریای کردووە. یەک لە دەریاوانەکانی دەریای شانشین بووە، بۆیە غەدری لێ دەکەین ئەگەر بڵێین ئەو تەنێ کەسێکی گەردوونناس بووە.
هالی و نیوتن
نیوتن و هالی دۆستایەتییان زۆر بەهێز بووە، یەکەم جار لە زانستگەی کامبریج لە ساڵی ١٦٨٣ز، یەکتر دەبینن. هالی ڕۆڵێکی مەزن لە پەرەپێدانی بیردۆزی (زەوی کێش)ـی نیوتن دەبینێت. نیوتن بۆ دانانی کتێبی (پرەنسیپەکان) لە ساڵی ١٦٧٨ز، هانی دەدات، هەر خۆیشی پێداچونەوە و ڕاستبینی بۆ دەکات. لە هەموو ئەمانە گرنتر، نیوتن کۆمەکی ماددی هالی دەکات تاکوو کتێبەکانی پێ چاپ بکات.