قەزای دەشتی هەولێر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-18-00:23:00 - کۆدی بابەت: 9441
قەزای دەشتی هەولێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەزای دەشتی هەولێر بە (ئینگلیزی: District Of Erbil countryside) ناوچەیەکە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە ناحیەکانی دارەتوو، قوشتەپە و کەسنەزان پێکهاتووه‌، هه‌روه‌ها سێ گوندیش له‌ خۆ ده‌گرێت، ژمارەی دانیشتووانی ١٣٠٥٤٨ کەسن.

قەزای دەشتی هەولێر وەکوو گوندێكی سەرەكی لە سنووری پارێزگای هەولێر سەر بە ناحیەی عینكاوە بووە، لە سەردەمی خۆیدا لە بەر چڕوپڕی دانیشتووانەكەی دێر زەمانەوە خەریكی ئاژەڵداری و كشتوكاڵی بوون لەلایەن خاوەن مۆڵكەكانەوە توانیبوویان كەوا بە هۆی كارێزەوە ئاوێكی سازگار بۆ خۆیان دابین بكەن كە سەرچاوەكەی لە كانی گەنی و پونگینە و بنەسڵاوە بوو كە ژمارەی دانیشتووانی ١٠٠٠ هەزار كەس دەبوون چەند تیرەیەك لە خێڵی بلباس و نانەكەلی و مەنتك لەو ناوچەیەدا ژیاون.

قەزای دەشتی هەولێر لە ڕووی جوگرافییەوە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، ڕێژەی دانیشتووانی ئێستا نزیكەی ١٣٠٥٤٨ كەس دەبن، زۆربەی فەرمانگە حكوومیەكان لە ناوەندی قەزاکەن.

مێژووی قەزای دەشتی هەولێر

سەرەتای مێژووی قەزای دەشتی هەولێر بۆ ساڵی ١٩٨٧ دەگەڕێتەوە، كە لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعس كرایە كۆمەڵگەی زۆرە ملێ‌ و زۆربەی خەڵكەكەی لە پاشماوەی ئەنفال و دەركراوەكانی  گوندەكانی  سنووری پارێزگای كەركووك و هەولێر بوون كە نزیكەی ٤٠٠٠ خێزان دەبوو،  لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس ئەم كۆمەڵگایە پەرەی پێدرا تا لە ساڵی ١٩٩٧ بە بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا بە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بنەسڵاوە و دواتر سنوورەكەی زیاتر فراوان بوو تا لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو بە قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر و سێ‌ ناحیەش لە خۆ دەگرێت دارەتوو، كەسنەزان و قوشتەپە.

بۆچوونەکانی ڕەچەڵەكی ناوی بنەسڵاوە 

 یەکەم بۆچوون لە سەردەمی زۆر كۆندا ئەم گوندە خەڵكەكەی لەسەر ئایینی كریستیانی بوون گەورەكەیان ناوی (صلیوە) بووە، پاش تەمەنێكی زۆر ئەو كەسایەتییە دەمرێت، پاشان كوڕەكەی جێگای دەگرێتەوە و خەڵكانی دەوروبەر كە دوور دەبن لەو ڕووداوە و ئاگادار نابن دەپرسن، دوای مردنی (صلیوە) كێ‌ كاروباری ئەو گوندەی گرتۆتە ئەستۆ و پێیان دەڵێن (أبن صلیوە) ئەو  (أبن صلیوە)ـەیە واتە كوڕی (صلیوە) بە تێپەر بوونی كات بۆتە بنەسڵاوە.

بۆچوونی دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوچەی بنەسڵاوە كە هەر دوو گوندی بنەسڵاوەی گەورە و بنەسڵاوەی بچووك دەگرێتەوە كارێزگەلێكی زۆری لێ‌ هەبووە واتە سەرچاوەی ئاوی زۆر بووە.  كاروانەکانی ڕێگای كۆیە و ناوچەی خۆشناوەتیش بەو گوندەدا هاتوچۆیان كردووە ، لە كۆنیشدا بەم كارێزانە گوتراوە (سەر ئاو) هەر كاروانێك لە سەرەوە هاتووە وتوویانە با لادەین بۆ سەر ئاو، ئەم (سەر ئاوە) بە درێژای كات و تێپەڕبوونی كات بووەتە (بنەسڵاوە)، خەڵكی ئەو گوندە كە نزیكەی ١٠٠ ماڵ دەبوون وەكوو زۆربەی گوندەكانی دیكەی كوردستان بژێوی ژیانیان لە سەر كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووە تاكوو ساڵی ١٩٨٧، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ وەكوو هەموو گوندەكانی كوردستان بەعسیەكان خاپووریان كرد و خەڵكەكەشیان گواستەوە كۆمەڵگای بنەسڵاوە كە ئێستا بە قەزای دەشتی هەولێر ناسراوە.

جوگرافیای قەزای دەشتی هەولێر

قەزای دەشتی هەولێر دەكەویتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر كە نزیكەی ١٠ كیلۆمەتر لە ناوەندی شار دوورە، ناحیەی كەسنەزان دەكەوێتەوە باكووری سەر ڕێگای سەرەكی کۆیە  ناحیەی دارەتوو دەكەوێتە باشووری و ناحیەی  قوشتەپەش دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای و هاوسنوورە لەگەڵ قەزاكانی كۆیە، شەقڵاوە، ناوەندی هەولێر، مەخموور و خەبات. ناوچەكانی بەرز و نزمی زۆری تێدایە و بەردەڵانە و زەوی كشتوكاڵی تێدایە بۆ چاندنی گەنم و جۆ ئاوی باران بەكاردێت. زستانان سارد و باراناویە، جار جار بەفری لێ‌  دەبارێت، هاوینان گەرم و وشكە، ماوەی بەهاری كەم و كورتە، گەرم وتۆزاویە.

لە ڕووی ئابوورییەوە

لە ناوچەی دەشتی هەولێر بەشی زۆری بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەلدارییەوە خەریکە بەشێكی تری كاری بازرگانی و بەشێكیش فەرمانبەر و موچە خۆرن. لە ڕووی سامانی ئاژەڵەوە بە مەڕ، بزن، مانگا، گۆلک دەوڵەمەندە. خاوەنی بەروبوومی گەنم، جۆ، گەنمەشامی، سامانی ئاژەڵی، میوە و سەوزە، هەنگوینە. لە ڕووی سامانی سروشتییەوە خاوەنی کانگای چەو و لمە.


سەرچاوەکان



729 بینین