پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-23-17:53:00 - کۆدی بابەت: 9507
پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد (بە ئینگلیزی: Luteinizing hormone test or LH test) پشکنینێکە ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە خوێندا دیاریدەکات، کە لەلایەن ژێرمێشکەڕژێنەوە دەردەدرێت. هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد و هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانە پێکەوە هانی گەشەکردنی توخمە سیفەتە دووەمییەکان دەدەن، هەر لەبەر ئەمەشە زۆرجار لەگەڵ پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانەش ئەنجام دەدرێت. ئەم پشکنینە بە چەند ڕێگایەک بەکاردێت، بەکارهێنانەکەشی لە پیاوان و ئافرەتان و منداڵاندا جیاوازە.

لە ئافرەتاندا

لە ئافرەتاندا پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد بەکاردێت بۆ:

  • دیاریکردنی هۆکاری نەزۆکی
  • یارمەتی دیاریکردنی کاتی هێلکەدانان دەدات، هێلکەدانان ئەو کاتەیە کە دەکرێت دووگیانبوون ڕووبدات.
  • دۆزینەوەی هۆکاری ناڕێکی یان وەستانی سوڕی مانگانە
  • دڵنیابوون لە دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی،  تەمەنی نائومێدی تەمەنێکە سوڕی مانگانە دەوەستێت و توانای دووگیانبوون نامێنێت.

لە پیاواندا

لە پیاواندا ئەم پشکنینە بەکاردێت بۆ:

  • دیاریکردنی هۆکاری نەزۆکی
  • دۆزینەوەی هۆکاری کەمی تۆو
  • دۆزینەوەی هۆکاری لاوازی ئارەزووی سێکسی

لە هەرزەکاراندا

لە هەرزەکاراندا ئەم پشکنینە بۆ دیاریکردنی دواکەوتن یان پێشوەختە ڕوودانی پێگەیشتن بەکاردێت، تەمەنی پێگەیشتن ئەو تەمەنەیە توخمە سیفەتە دووەمییەکان لە هەرزەکاراندا دەردەکەوێت.

کاتێک توخمە سیفەتە دووەمییەکان لە تەمەنی نۆ ساڵی لە کچاندا و پێش تەمەنی دە ساڵی لە کوڕاندا دەردەکەون پێی دەوترێت پێگەیشتنی پێشوەختە، بەڵام کاتێک توخمە سیفەتە دووەمییەکان لە تەمەنی ١٣ ساڵی لە کچاندا و تەمەنی ١٤ ساڵی لە کوڕاندا دەرنەکەوتبن بەم حاڵەتە دەوترێت دواکەوتنی پێگەیشتن .

نیشانەکان

لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی بوونی کێشە لە ژێرمێشکەڕژێن لە پیاوان و ئافرەتاندا پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد ئەنجام دەدرێت، نیشانەکان بریتین لە:

  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • لاوازی
  • کەمبوونی کێش
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن

ئەنجامدان

چۆنییەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە:

  • بەزۆری پشکنینی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە دووەم ڕۆژی سوڕی مانگانەدا ئەنجام دەدرێت، هەندێک کاتیش پزیشک خۆی کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکە دیاری دەکات.
  • سەرەتا خوێن لە قۆڵی نەخۆش وەردەگیرێت.
  • خوێنەکە لەناو ئامێری سەنتەرفیوج دادەنرێت، بەهۆی ئامێری سەنتەرفیوج سیڕەم لە پێکهاتەکانی تری خوێن جیادەکرێتەوە، دواتر سیڕەمەکە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە بەکاردەهێنرێت.
  • بەهۆی ئامێری cobase E411 ڕێژەی هۆڕمۆنەکە لە خوێندا دیاریدەکرێت.

دەستنیشانکردن

بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە ئافرەتاندا ڕەنگە  نیشانەبێت  بۆ ئەم حاڵەتانە:

  • لەتەمەنی پێگەیشتن تاوەکوو تەمەنی توانای خستنەوەی منداڵ لە ئافرەتاندا ڕەنگە نیشانە بێت بۆ بوونی کێشە لە هێلکەدانەکاندا، بەڵام لە تەمەنێکی گەورەتردا دەکرێت نیشانە بێت بۆ دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی.
  • کیسی هێلکەدان: کیسی هێلکەدان نەخۆشییەکی هۆڕمۆنییە، یەکێکە لە هۆکارە باوەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی دووگیانبوون ڕوونەدات.
  • کۆنیشانەی تێرنەر.

ڕێژەی نائاسایی

کەمیی ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە ئافرەتاندا ڕەنگە نیشانە بێت بۆ ئەم حاڵەتانە:

  1. ناچالاکی ژێرمێشکەڕژێن
  2. بوونی کێشەی خواردن
  3. بەدخۆراکی

بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە پیاواندا ڕەنگە نیشانە بێت بۆ ئەم حاڵەتانە:

  1. زیان پێگەیشتن بە نێرە کۆئەندامی زاوزێ بەهۆی چارەسەری کیمیایی، هەوکردن یان زیاد بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان
  2. کۆنیشانەی کڵاینفێلتەر

کەمیی ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لە پیاواندا ڕەنگە نیشانە بێت بۆ هەبوونی کێشە لە ژێرمێشکەڕژێن و ژێرلانک.

بەرزی  ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد لەگەڵ زیادبوونی هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانە لە هەرزەکاراندا نیشانەیە بۆ نزیکبوونەوە لە دەستپێکردنی سوڕی مانگانە یان دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانە لە ئاستی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد پێش تەمەنی نۆ ساڵی لە کچاندا و پێش تەمەنی دە ساڵی لە کوڕاندا ڕووبدات دەکرێت نیشانە بێت بۆ:

  • هەبوونی کێشە لە ناوەندە کۆئەندامی دەمار
  • برینداربوونی مێشک
  • کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد و هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانە لە هەرزەکاراندا  نیشانەیە بۆ دواکەوتنی دەرکەوتنی توخمە سیفەتە دووەمییەکان.


سەرچاوەکان



815 بینین