ناوهڕۆك
ناساندن
ماسی گاڵتەجاڕ یاخود ماسی هەڵاڵەی دەریا (بە ئینگلیزی: Clownfish or anemonefish، بە عەرەبی: سمکة المهرج)، ڕەگەزێکی ماسییەکانە و نزیکەی ٢٧ جۆری جیاوازی هەیە، کە نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و جێگەی ژیانکردنیشی لەگەڵ هەڵاڵە دەریاییەکانە، لەبەر ئەوەی کە زۆرینەی کاتەکانی لەگەڵ هەڵاڵەی دەریایە پێی دەوترێت ماسیی هەڵاڵەی دەریا، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان پێکەوەیە و پۆلی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، هەروەها پەیوەندییەکەی هاوژیانی هەیە لەگەڵ هەڵاڵەی دەریا.
پێش ئەوەی پەیوەندییەکە ببەستن ماسی گاڵتەجاڕ سەمایەکی ئاڵۆز ئەنجام دەدات، کە بەشێوەیەکی هێواش و نەرم بەرکەوتنی لەگەڵ دڕکەکانی هەڵاڵەکە دەبێت و جێگیر دەبێت، پاشان جەستەی ماسییەکە چینێک لینجی دەردەدات کە بە بڕوای زاناکان دەبێتە هۆی پاراستنی لە پێوەدانەکان، واتە ئەم سەمایە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی بەرگری لەدژی پێوەدانەکانی هەڵاڵە دەریاییەکە، دوای بەستنی پەیوەندییەکە ماسییەکە سوود لە جێگەی ئارام و خۆراکی بەئاسانی بەدەستهێنراو وەردەگرێت، هەڵاڵە دەریاییەکەش خاوێن دەکرێتەوە لەلایەن ماسییەکەوە و مشەخۆرەکانی دووردەخاتەوە، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ژیانی ماسییە گاڵتەجاڕەکان تێکدانی ناوچەی هەڵاڵە و شیلانە دەریاییەکانە.
شێوەی دەرەوەی
دیارترین جیاکەرەوەی ئەم ماسییە ڕەنگییەتی کە سێ گورزەی سپیشی تێدایە، جەستەی بە پوولەکە داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی هەیە وەک پرتەقاڵی، زەرد، سوور، سپی یاخود ڕەش، قەبارەیەکی بچووکی هەیە کە کێشی دەگاتە ٢٥٠ گرام و درێژییەکەشی لە نێوان ١٠-١٨ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها کلکی بازنەییە و لەسەر پشتی پەڕەکەیەکی هەیە کە لە یانزە دڕکی ڕیزبوو دروستبووە، هۆکاری ناونانی ئەم ماسییە بە گاڵتەجار بەهۆی ئەو نیشانە و ڕەنگە تۆخانەیە کە لەسەر ڕووخساری هەیە، شێوازەکەی نزیکە لە ئەو ڕەنگ و نیشانانەی مرۆڤە گاڵتەجاڕەکان بەکاریدەهێنن.
خۆراک
ئەم جۆرە ماسییە بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە هەڵواسراوە زیندووەکان و هەڵواسراوە ڕووەکییەکان، لەناویشیاندا قەوزەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها ئەم ماسییە خۆشی دەبێت بە نێچیری بوونەوەرە ئاوییەکانی تر، کە لەلایەن ماسییە قەبارە گەورەکانەوە ڕاودەکرێت، بەڵام ڕاوکردنەکە بەکەمی ڕوودەدات چونکە ماسی گاڵتەجاڕ زۆرینەی جارەکان لەنێو هەڵاڵە دەریاییەکاندا بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.
تەنها کاتێک کە بۆ خۆراک بچێتە دەرەوە دەکرێت ماسییە شەڕانگێزەکان ڕاویبکەن، هەروەها مرۆڤەکانیش بە مەبەستی خواردنیان ڕاویان ناکەن، بەڵام بەهۆی شێوەی جوان سەرنجڕاکێشیانەوە و وەک هۆکارێکی جوانکاری ڕاودەکرێن، کە ژمارەیەکی زۆریان دەبرێنە مەلەوانگە دەستکردەکانەوە و بۆ نمایشکردن دادەنرێن.
یەکگرتن و زۆربوون
پێش یەکگرتن نێرینەکان لانەی تایبەت دروستدەکەن لە ناو هەڵاڵە دەریاییەکان یاخود لەسەر بەردەکان، پاشان بۆ یەکگرتن نێرینەکان بەشوێن مێینەکان دەکەون کە پەڕەکەکانیان درێژدەکەن و گازدەگرن لە مێینەکە، پاش هاوبەشبوون مێینە بۆ ماوەی چەند جارێک بەسەر لانەکەدا دەڕوات ١٠٠-١٠٠٠ هێلکە دەکات، دواتر نێرینەکەش بەسەر لانەکەدا دەڕوات و تۆوەکەی دەردەدات هەتاکوو هێلکەکان بپیتێن، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان ٦-٨ ڕۆژ دەخایەنێت کە نێرینەکان گرنگییان پێدەدەن.
لە ئەم ماوەیەدا نێرینەکە هەواگۆڕکێ بۆ هێلکەکان دابیندەکات و ئەوانەی خراپ دەبن و هەڵنایەن دووریدەخاتەوە، پاشان هەموو بێچووەکان کە لەدایکدەبن هەردوو کۆئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینەیان هەیە واتە نێرەموکن، هەڵبژاردنی ڕەگەزی ماسییەکە بە گوێرەی ئەو کاتە دەبێت کە پێی گەشتووە لە سوڕی ژیانیدا، کە کۆئەندامی نێرینە بەخێرایی گەشەدەکات، بۆیە زۆرینەی ماسییەکان دەبن بە نێرینە و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە.
بەڵام ماسییە گاڵتەجاڕەکان دەشتوانن ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن، بۆ نموونە پۆلی ئەم ماسییانە لەلایەن مێینەیەکی قەبارە گەورە سەرکرادەیەتی دەکرێت، ئەو ماسییە نێرینەشی کە قەبارەی گەورەترە لە هەمووان دەبێتە هاوەڵی سەرکردەکە، ئەندامانی تری پۆلەکە بە نێرینەی بچووک دەمێننەوە، بەڵام کاتێک بەهەر هۆکارێک مێینە سەرکردەکە دەمرێت، ئەوا نێرینە هاوەڵەکە ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت بۆ مێینە و جێگەی دەگرێتەوە، لەسەرەتای لەدایکبوونیاندا ڕەنگی بێچووەکان وەک شوشەییە و ڕوونە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ڕەنگیان وەردەگرن، بۆ نموونە پێش ئەوەی لە هێلانەکانیان دەربچن و لەگەڵ هەڵاڵە دەریاییەکاندا پەیوەندی بەستن دەبێت ڕەنگ وەرگرن، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی ماسی گاڵتەجاڕ لە نێوان ٦-١٠ ساڵ دەبێت.
جۆرە سەرەکییەکان
- ماسی گاڵتەجاڕی درۆزن
- ماسی گاڵتەجاڕی پرتەقاڵی
- ماسی گاڵتەجاڕی فسۆک
- ماسی گاڵتەجاڕی کلک زەرد
- ماسی گاڵتەجاڕی ئاگرین
- ماسی گاڵتەجاڕی پەمەیی
- ماسی گاڵتەجاڕی لمۆز سپی
- ماسی گاڵتەجاڕی پشت زین
- ماسی گاڵتەجاڕی مارۆنی