فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-23-22:47:00 - کۆدی بابەت: 9973
فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ (بە ئینگلیزی: Child social stress، بە عەرەبی: ضغوطات الأجتماعية للطفل)، منداڵان دووچاری فشاری کۆمەڵایەتی، ترس و نیگەرانییەکی زۆر دەبن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەت ئەو بارودۆخانەی کە زۆر لە بەرچاون و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، وەکوو نانخواردن لە شوێنە گشتییەکان، وەڵام دانەوەی وانەکان لە پۆلدا، ژەنینی ئامێرێکی میوزیک لەبەردەم خەڵکدا. ئەم منداڵانە بەگشتی ترس و نیگەرانییەکی زۆریان هەیە لەوەی کە بکەونە ژێر وردبینییەوە.

نیشانەکانی فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵان

نیشانەکانی فشاری کۆمەڵایەتی لە تەمەنی پێش قوتابخانە

  • لە ڕووبەڕووبوونەوەی شتە تازەکان دەترسن.
  • بەخێرایی هەستیان دەجووڵێت و زۆر دەگرین و بیانوو دەگرن.
  • بەزۆری بەدایک و باوکیانەوە پەیوەستن و ناتوانن بەباشی قسە بکەن.
  • شەرمن و گۆشەگیرن.
  • لە چاوپێکەوتن و کات بەسەربردن لەگەڵ منداڵانی تردا کێشەیان هەیە.

نیشانەکانی فشاری کۆمەڵایەتی لە منداڵانی قوتابخانەدا

  • ژمارەیەک هاوڕێی سنووردار و کەمیان هەیە.
  • لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانەی کە دەکرێت ببنە جێگەی سەرنج دوور دەکەونەوە، وەکوو قسەکردن بە تەلەفۆن، پرسیارکردن یان وەڵامدانەوە لەپۆلدا.
  • نیشانە جەستەییەکانی وەکوو سەرسوڕان، سک ئێشە، دڵ تێکەڵهاتن و لەرزین لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکاندا.
  • لە قسەکردن لەگەڵ منداڵی تر و گەورەکانیش دەترسن.
  • لە ئەنجامدانی چالاکییە بەکۆمەڵەکانی وەکوو وەرزش و مۆسیقا خۆیان دەدزنەوە.
  • لە ڕۆیشتن بۆ میوانی دەترسن.
  • شەرمن و شڵەژاون.

نیشانەکانی فشاری کۆمەڵایەتی لە نەوجەواناندا

  • بێدەنگ، گۆشەگیر، ناچالاکن و بەزۆری لە ئەنجامدانی کارەکاندا دوو دڵن.
  • ترسێکی زۆریان هەیە لە شکاندنەوەیان.
  • حەزناکەن وەڵامی تەلەفۆن بدەنەوە، لەوانەیە هەندێک خووی توڕەیی وەکوو یاریکردن بە قژیان یان بەردەوام جوڵاندنی دەست و قاچیان هەبێت.
  • بەگشتی لە وانەکانی قوتابخانەدا لاوازن.
  • هیچ کاتێک دەستپێکەری گفتوگۆ نین و هێواش و بەلەرزەوە قسە دەکەن.

شەرمنی لە منداڵانی توشبوو بە فشاری کۆمەڵایەتی

زۆربەی منداڵان بەشێوەیەکی ئاسایی کەم ڕوو و شەرمنن، بەڵام دەتوانن پەیوەندی هاوڕێیەتی بەردەوامیان هەبێت و ژیانێکی کاریگەر و خۆشیان هەبێت. شەرمنی کاتێک دەبێت بە کێشە، کە ڕێگر بێت لە ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە، وەکوو قسەکردن لە پۆلدا و چوون بۆ میوانی، یان ڕێگری بکات لە دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی بەردەوام و هاوڕێی نزیک لە منداڵدا ئەگەر شەرمنی لەم ئاستەدا بێت دەبێت گرنگی پێ بدرێت و لەبارەیەوە کارێک بکرێت.

هۆکارەکانی دەرکەوتنی فشاری کۆمەڵایەتی لە منداڵدا

کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆرهەن کە دەکرێت ببنە هۆی دەرکەوتنی فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ. لێرەدا هەندێک لەو هۆکارانە باس دەکەین:

  1. هۆکارە بۆماوەییەکان: فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر بۆماوەیی بێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو منداڵانەی کە فشاری کۆمەڵایەتییان هەیە، بە ئەگەرێکی زیاتر دایک و باوکێکیان هەیە کە کێشەی فشاری کۆمەڵایەتییان هەیە.
  2. لاساییکردنەوە و فێربوون لە دایک و باوکەوە: سەرەڕای ئەوەی کە منداڵان دەتوانن فشاری کۆمەڵایەتی لە باوانەوە بە بۆماوەیی وەربگرن، تاڕادەیەکی زۆریش لاسایی فشاری کۆمەڵایەتی دایک و باوکیان دەکەنەوە و لێیانەوە فێردەبن. ئەو دایک و باوکانەی کە لە شوێنە گشتییەکان دوور دەکەونەوە، کەم ڕوویی و گۆشەگیریەکی زۆر لەخۆیان نیشان دەدەن، زیاتر ئەم ڕەفتارانە فێری منداڵەکانیان دەکەن، فشاری دایک و باوک دەبێتە هۆی دروستبوونی فشار لە منداڵدا، وادەکات کە خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکان. 
  3. شێوازی پەروەردە: ئەو دایک و باوکانەی کە ڕێکاری پەروەردەیی زۆر توند دەگرنەبەر، کۆنتڕۆڵکردنێکی زۆریان بۆ منداڵ هەیە و زیاد لە پێویست منداڵ سەرزەنشت دەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن، متمانە بەخۆبوون و سەربەخۆیی کەمتر بە منداڵەکەیان دەدەن، ئەم جۆرە شێوازی پەروەردەیە زیاتر منداڵ تووشی فشاری کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەها چاودێریکردنی زیاد لە پێویستی منداڵ و بەردەوام پاراستنی لەلایەن دایک و باوکەوە، دەکرێت منداڵ زۆر هۆگر بکات و لەبەرانبەر توانا و کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکانی لێکدانەوەی نەرێنی هەبێت فشارێکی زیاتر نیشان بدات لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا. 

ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ

منداڵانی تووشبووی فشاری کۆمەڵایەتی لە ڕیزی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دانانرێن، بەڵام پێویستە فێرکاری و ڕاهێنانی تایبەت لەگەڵیان ئەنجامبدەن. ئەگەر منداڵەکەتان فشاری کۆمەڵایەتی هەیە، دەتوانن بەم ڕێگایانە یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشەکەی ببێتەوە:

فێرکاری ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان

منداڵ ئامادەبکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە کۆمەڵایەتییە ترسێنەرەکان، لە شوێنە گشتییەکاندا، دەتوانن لەماڵەوە بە نواندن و ڕاهێنانی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتی منداڵ بدەن کەم کەم ڕووبەڕووی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان ببێتەوە، دروستکردنی پەیوەندی بە چاو، زەردەخەنەکردن، هەروەها فێریان بکەن کە چۆن بەڕێزەوە وەڵامی پرسیارەکانی کەسانی تر بدەنەوە، باشترە کە ئەم فێرکارییانە بە یاریکردن و بەرجەستەکردنی ڕۆڵە جۆراوجۆرەکان بێت.

کارکردن لەسەر بیرکردنەوەکانی منداڵ

پرسیار لە منداڵ بکەن دەربارەی بیرکردنەوەکانی دەربارەی ئەنجامی هەر ڕووداوێک، بۆ نموونه بۆ منداڵێک کە ترسی هەیە لە پرسیارکردن لە پۆلدا و پێشبینی دەکات کە گاڵتەی پێدەکەن، یارمەتی بدەن کە بیرکردنەوەکەی شیبکاتەوە، بۆ نموونە لێی بپرسن ئەگەری ئەوە چەندە کە بەڕاستی کەسانیتر گاڵتەی پێبکەن؟ چی بەڵگەیەک بوونی هەیە بۆ ئەوە؟ بەبێ بڕیاردانی نەرێنی لەسەری یارمەتی بدەن تا بیرکردنەوەکانی بگۆڕێت و هەستێکی باشی بەرانبەر بەخۆی هەبێت.

فێرکاری ڕەفتاری

هاوکاری منداڵ بکەن کە تاقیکردنەوەی هەڵسوکەوت بکات، بۆ نموونە هانی منداڵ بدەن کە لە پۆلدا پرسیارێک بکات، پاشان بزانێت پێشبینییەکانی دەربارەی کاردانەوەی هاوپۆلەکانی تاچەند ڕاست بوون؟ یان دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ ئەو بارودۆخانە بدۆزنەوە کە منداڵ دەتوانێت تێیاندا لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەکانیدا سەرکەوتوو بێت.

بە شەرمن ناوی مەبەن

هەوڵبدەن دووربکەونەوە لە سەرزەنشتکردنی منداڵ یان ناوهێنانی لەناو خەڵکدا بەوەی کە " ئەو منداڵێکی شەرمنە". لەجیاتی ئەم کارە نیگەرانی و ترسەکانی پشتڕاست بکەنەوە، دڵنیای بکەنەوە کە دەتوانێت ترسەکانی خۆی لەناو ببات، بەتایبەتی لە کۆڕەکاندا مەڵێن" کچەکەم کەمێک شەرمنە"، ئەمە فشاری کۆمەڵایەتی ئەو زیاتر دەکات، لەجیاتی ئەوە هانی بدەن کە قسە بکات و مەبەستەکانی ڕوون بکاتەوە.

خاڵە گرنگەکان

  • ڕۆژانە بارودۆخێک بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن کە لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی پەیوەندی هەبێت.
  • زۆربەی منداڵان لەوە دەترسن کە گاڵتەیان پێبکەن و لەبەر ئەوەش دووردەکەونەوە لە قسەکردن، پێیان بڵێن تەنها ئەوەندە بەسە کە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوەی کەسانیتر چێژ وەربگرن.
  • بە بەردەوامی ئەم ڕستەیە بۆ منداڵ دووبارە مەکەنەوە کە دەبێت لە بێگانەکان بترسێت و لێیان دووربکەوێتەوە، ئەم ڕستانە فشاری کۆمەڵایەتی منداڵ زیاتردەکەن.
  • منداڵەکانتان فێربکەن باسی ئەو شتانەتان بۆ بکەن کە نیگەرانی کردوون و مێشکی سەرقاڵ کردوون.
  • منداڵان هەڵسوکەوتی دایک و باوکیان هەڵدەگرنەوە، کەواتە ئێوە چەندێک لەناو کۆمەڵگادا کاریگەر و خوێنگەرم بن، منداڵەکانتان بەهەمان ئەندازە لاسایی ئێوە دەکەنەوە.

چارەسەری فشاری کۆمەڵایەتیی منداڵ

فشاری کۆمەڵایەتی منداڵ ئەگەر بە ڕادەیەکی زۆر بێت و لە ژیانی ڕۆژانەیدا کێشەی بۆ دروست بکات، وا باشترە کە بۆ چارەسەر، سەردانی پسپۆڕێکی دەروونناس بکرێت. فشاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هۆکاری دروستبوونەکەی چارەسەر دەکرێت، بە کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانی منداڵ و خێزانەکەی، کارکردن لەسەر ئەو شێوازانەی دایک و باوک بۆ پەروەردەی منداڵ بەکاری دەهێنن، هەروەها بە کارکردن لەسەر ڕەفتارەکانی منداڵ چارەسەر دەکرێت. لەکاتێکدا کە فشاری کۆمەڵایەتی بەڕادەیەکی زۆر بێت، چارەسەری دەرمانی وەکوو دەرمانەکانی دژە فشار بەکاردێت.


سەرچاوەکان



575 بینین