تابلۆی دروستبوونی ئادەم

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-30-21:29:00 - کۆدی بابەت: 10078
تابلۆی دروستبوونی ئادەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تابلۆی دروستبوونی ئادەم (بە ئینگلیزی:  Adam's creation painting، بە عەرەبی: لوحة خلق آدم) تابلۆیەکی فرێسکۆیە (فرێسکۆ تەکنیکێکی وێنەکێشانی سەر دیوارە) لەلایەن وێنەکێشی ئیتاڵی مایکڵ ئەنجێلۆ لە ساڵی ١٥٠٨-١٥١٢ دروستکراوە. ئەم تابلۆیە لەسەر بنمیچی پەرستگای سیستین لە ڤاتیکان نەخشێنراوە. ئەم وێنەیە دروستبوونی ئادەم بەو جۆرەی لە پەرتووکی ئینجیلدا باسکراوە ڕوون دەکاتەوە.

مێژووی تابلۆکە

لە ساڵی ١٥٠٥ مایکڵ ئەنجێلۆ لەلایەن پاپا جولیۆسی دووەمی تازە هەڵبژێردراو بۆ ڕۆما بانگهێشت کرا. مایکڵ ئەنجێلۆ ڕاسپێردرا بە دروستکردنی گۆڕی پاپا کە چل پەیکەری تێدابێت و لەماوەی پێنج ساڵدا تەواو بکرێن. لەم ماوەیەدا چەند پەیکەرێکی دروستکرد و دووان لە پەیکەرەکانی بە ناوەکانی (کۆیلەی یاخی) و (کۆیلەی مردوو) لە مۆزەخانەی لۆڤەرن. لە هەمان ماوەدا مایکڵ ئەنجێلۆ خەریکی وێنەکێشانی دروستبوونی ئادەم بوو لە سەرەتادا ڕاسپێردرا بۆ وێنەکێشانی ١٢ پێغەمبەر بە شێوەیەکی سێگۆشەیی بەجۆرێک لەگەڵ سەقفی پەرستگاکەدا بگونجێت، مایکڵ ئەنجێلۆ پاپای قایلکرد ئازادی بداتێ و ڕێگەی بدات شتێکی جیاواز و ئاڵۆزتر بکێشێت، پێشنیازی تابلۆی دروستکردنی ئادەمی کرد و لەماوەی چوار ساڵدا توانی تەواوی بکات.

تابلۆکە زیاتر لە ٥٠٠ مەتر دووجایە، زیاتر لە ٣٠٠ شێوە لەخۆ دەگرێت، لە بەشی ناوەڕاستی وێنەکەدا نۆ ڕووداو کە لە پەرتووکی (پەیدابوون)ـەوە وەرگیراون کە بەسەر سێ گرووپدا دابەشکراون وێنە کێشراون. وێنەی ئادەم، ئادەم و حەوا لە بەهەشتی عەدەن یەکێكە لە بەناوبانگترین وێنەکانی سەر سەقفەکە.

پێکهاتە و لێکدانەوەی تابلۆکە

لە تابلۆکەدا خوا وەک پیاوێکی بەساڵاچووی ڕیش سپی وێناکراوە، لەناو عەبایەکی سوڕاوەدا پێچراوە، ئادەم لە بەشی چەپی خوارەوە بە تەواوی ڕووتە. قۆڵی ڕاستی خوا درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی پریشکی ژیان لە پەنجەی خۆی بە ئادەم بسپێرێت، قۆڵی چەپی ئادەم لە ڕوویەکی ئاوێنەیی خواوە درێژ دەبێتەوە وەک بیرهێنانەوەیەک کە مرۆڤ لە وێنە و هاوشێوەکانی خواوە دروست دەبێت. سەبارەت بە ناسنامە و واتای دوانزە شێوەکەی دەوروبەری خوا چەند گریمانەیەک داڕێژراون. بەپێی لێکدانەوەیەک کە بۆ یەکەم جار لەلایەن ڕەخنەگری هونەری ئینگلیزی (واڵتەر پاتێر) لە ساڵی (١٨٣٩-١٨٩٤) پێشنیاز کراوە و ئێستا بە شێوەیەکی بەربڵاو پەسەند کراوە، ئەو کەسەی لەلایەن باڵی چەپی خواوە پارێزراوە حەوا دەنوێنێت، ئەم لێکدانەوەیەش بۆ دەرکەوتنی مێینەیی و سەرنجدانی شێوەکە بەرانبەر ئادەم دەگەڕێتەوە. یانزە شێوەکەی تریش ڕوحە لەدایکنەبووەکانی وەچەکانی ئادەم و حەوا (هەموو ڕەگەزی مرۆڤایەتی) دەنوێنێت. ئەم لێکدانەوەیە بەتایبەتی لەلایەن کڵێسای کاسۆلیک تووشی بەرەنگاری بووەوە. بە شێوەیەکی گشتی باوەڕ وایە تابلۆی دروستبوونی ئادەم باس لە بەخشندەیی خوا دەکات کە مرۆڤی لە وێنەی خۆی دروستکردووە.

شیکردنەوە

چەندین گریمانە بۆ لێکدانەوەی تابلۆکەی ئادەم هەن و زۆربەیان شارەزایی مایکڵ ئەنجێلۆ لە توێکاری جەستەی مرۆڤ دەردەخەن.

وێناکردنی مێشکی مرۆڤ

لە ساڵی ١٩٩٠ دکتۆر فرانک مێشبێرگەر لە ڕۆژنامەی پزیشکی ئەمریکادا تێبینی کرد کە ئەو وێنە و شێوە کەسیانەی لە پشتی خواوە وێناکراون، وا دەردەکەون کە وێنەیەکی وردی توێکاری مێشکی مرۆڤ بێت، قەراغەکان لە تابلۆکەدا لەگەڵ کەندەک و چاڵوچۆڵییەکانی بەشی ناوەوە و دەرەوەی مێشک، قەدی مێشک، پلی پێشەوەی مێشک، خوێنبەری سەرەکی و ژێرمێشکەڕژێن هاوتەریب دەبن.

وێناکردنی پڕۆسەی لەدایکبوون

لە لایەکی ترەوە ئەوە تێبینی کراوە کە ئەو جلە سوورەی لە دەوری خوا وێنە کێشراوە شێوەی منداڵدانی مرۆڤ دەنوێنێت، ئەو ملپێچە سەوزەی لە تابلۆکەدا دەردەکەوێت وا بیردەکرێتەوە لە وێنەی ناوکەپەتک کێشرابێت. لە ساڵی ٢٠١٥ گرووپێک لە توێژەرانی ئیتاڵی وتارێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا وێنەکانی جلە سوورەکەی پشتی خوا و وێنەی مناڵدانی مرۆڤ یەکتری دەبڕن و لەیەکتر دەچن، ئەمە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێشە کە دیمەنی ئافراندن وەک نواندنێکی لە لەدایکبوونی جەستەی مرۆڤ پێشکەش دەکات.

وێنەکێشانی پەراسوو

دێیڤس کامپۆس تێبینی ئەوەی کرد کە لای چەپی قەدی ئادەم پەراسوویەکی زیادەی شاراوەی تێدا وێنە کێشراوە، بەهۆی ئەوەی مایکڵ ئەنجێلۆ شارەزایی زۆری لە توێکاری جەستەی مرۆڤدا هەبووە، ئەم پەراسووە زیادەیەی بە ئەنقەست وێنە کێشاوە و ئاماژه به پەراسووی حەوا دەکات. کامپۆس پێشنیازی ئەوە دەکات دروستکردنی ئەم پەراسووە زیادەیە ڕێگایەک بووە تاکوو مایکڵ ئەنجێلۆ بتوانێت باس لەو بۆچوونەی خۆی کە ئادەم و حەوا لەهەمان کاتدا دروستبوون بکات، ئەمەش دژی بۆچوونی کاسۆلیکییەکان بووە کە باوەڕیان وابووە حەوا لەدوای ئادەم دروست بووە. چەندین بەڵگە هەن باس لەوە دەکەن مایکڵ ئەنجێلۆ لەگەڵ زۆربەی نەریتە کاسۆلیکییەکان ناکۆک بووە. بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا خەڵکی زۆر کەم توانیویانە دەربارەی توێکاری جەستەی مرۆڤ بزانن نەیانتوانیوە لە واتای ئەو پەراسووە زیادەیە تێبگەن و مایکڵ ئەنجێلۆش توانیویەتی بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە باس بکات.


سەرچاوەکان

552 بینین