کەی پێویستە بە منداڵەکان بوترێت نەخێر؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-18-01:02:00 - کۆدی بابەت: 10704
کەی پێویستە بە منداڵەکان بوترێت نەخێر؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایک و باوکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قسەی وەک (تکایە دەتوانم؟ "تۆ هەرگیز ڕێگەم پێ نادەیت هیچ کارێک بکەم" ئەوە دادوەرانە نییە، "هەموو کەسانی تر ئەو کارە دەکەن بۆچی تۆ ڕێگەم پێ نادەیت؟) دەبنەوە. دانانی سنوور بۆ منداڵ کارێکی گرانە، ڕەنگە توڕە ببن، بگرین، گلەیی بکەن یان بە جۆرێک داوای ئەنجامدانی کارەکان بکەن کە دایک و باوکان نەتوانن بڵێن نەخێر. هەندێک لە دایک و باوکان تاکوو لەم جەنگە بەدوور بن بە داواکاری منداڵەکانیان ڕازی دەبن، هەندێک دایک و باوکی تر بۆ نائومێدکردنی منداڵەکانیان هەست بە تاوان دەکەن. وتنی نەخێر بەرپرسیارێتییەکی گرنگی دایک و باوکانە. وشەی نەخێر لەلایەن دایک و باوکان وانە گرنگەکانی ژیان فێری منداڵان دەکات.

چەند بارودۆخێک کە پێویستە بە منداڵەکەت بڵێیت نەخێر

  • کاتێک کە ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن کەسانی چواردەوریان ئازار بدات، یاخود ببێتە هۆی شکاندنی کەلوپەلەکانی دەوروبەری. منداڵەکان ڕەنگە کێشەیان لە پێشبینیکردنی ئەنجامە خراپەکاندا هەبێت، لێرەدا بۆ هەڵبژاردنی گونجاو پێویستیان بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی کەسانی پێگەیشتوو هەیە، ئەم جۆرە نەخێرە لەم کارانەدا یارمەتی منداڵەکان دەدات زیاتر بیر لە دەرئەنجامی کارەکانیان بکەنەوە.
  • بڵێ نەخێر بۆ کارێک کە منداڵەکان خۆیان دەتوانن ئەنجامی بدەن. هەندێک جار منداڵان داوا لە دایکان و باوکان دەکەن کارێکیان بۆ ئەنجام بدەن کە خۆیان دەتوانن کارەکە ئەنجام بدەن، منداڵان پێویستە ڕاهێنانیان پێ بکرێت تاکوو لێهاتوو بن و پشت بە خۆیان ببەستن. ئەم جۆرە نەخێرە یارمەتی منداڵەکان دەدات پشت بە خۆیان ببەستن و زیاتر لێهاتوو بن. بۆ نموونە ڕەنگە منداڵان داوا بکەن دایک و باوکیان ئەرکەکانی قوتابخانەیان بۆ ئامادەبکەن، بەڵام گرنگە لەم کاتەدا دایک و باوکان بڵێن نەخێر منداڵەکەیان تێبگەیەنن کە ئەوە ئەرکی ئەوە و پێویستە خۆی ئەنجامی بدات. دەکرێت نیشانی بدەیت چۆن ئەرکەکانی ئامادەبکات و یارمەتی بدەیت نەک ئەرکەکانی بۆ ئامادەبکەیت.
  • منداڵان هەمیشە داواکاری زۆریان هەیە و ڕەنگە داوای هەر شتێک بکەن کە دەیبینن، بەڵام کڕینی هەر شتێک کە منداڵەکان داوای دەکەن شتێکی تەندروست نییە. ئەم جۆرە نەخێرە منداڵەکان فێر دەکات دەتوانن شتێکیان خۆش بوێت بەبێ ئەوەی خاوەندارێتی بکەن.
  • بڵێ نەخێر کاتێک پێویستی کەسێکی تر بەشێوەیەکی کاتی زیاتر گرنگە. بۆ نموونە ڕەنگە منداڵەکەت لە هەمان ڕۆژی لەدایکبوونی داپیرەیدا داوای کات بەسەر بردن لەگەڵ هاوڕێکانی بکات. لەم کاتەدا دەتوانیت بڵێیت "نەخێر تۆ ناتوانیت لەهەمان ڕۆژ لەگەڵ هاوڕێکانت کات بەسەر ببەیت. زۆر خۆش دیارە، بەڵام ئێمە ئاهەنگی لەدایکبوونی داپیرەمان هەیە هەموومان داپیرەمان خۆش دەوێت بۆیە دەمانەوێت دڵنیا ببین کە کاتێکی خۆش لە ڕۆژی لەدایکبوونەکەیدا بەسەر دەبات، دەزانم ئەو بەپەرۆشە بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ تۆدا دەمانەوێت لەگەڵمان بیت". ئەم جۆرە نەخێرە دەبێتە هۆی ئەوەی هەستی بەخشندەیی لە منداڵەکاندا دروست بکات.

دەرەنجام

دایک و باوکان لە ڕێگەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە دەیکەن منداڵەکانیان فێری بەهاکانیان دەکەن، ڕەنگە منداڵەکەت بەدەنگی بەرز ناڕەزایی دەرببڕێت لەسەر بڕیارەکەت. دەکرێت بۆ منداڵەکەتی ڕوون بکەیتەوە بۆچی ئەو بڕیارەت داوە یان هۆکارەکانی بڕیارەکەت چییە، بەڵام وا هەست مەکە دەبێت منداڵەکەت ڕازی بکەیت کە تۆ ڕاست دەکەیت. بۆ نموونە "نەخێر تۆ ناتوانیت مۆبایل بەکاربهێنیت، من پێم وانییە بۆ منداڵانی تەمەنی تۆ گونجاو بێت و نامەوێت کاریگەری لەسەر خوێندن و کات بەسەربردنت لەگەڵ خێزانەکەت هەبێت".

توێژینەوەکان دەریان خستووە باشترین شێوازی مامەڵەکردنی دایک و باوک کە سوودی بۆ منداڵەکان هەبێت، پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە گەرمی و سنووردانان. وەک پێگەیشتوویەک تۆ ئەزموونێکی باشت هەیە کە منداڵەکانت ئەو ئەزموونەیان نییە. تۆ دەتوانیت هێمن بیت، هاوسۆزی منداڵەکەت بکەیت یان بۆی ڕوون بکەیتەوە بۆچی دەڵێی نەخێر، بەڵام لەبەر خاتری منداڵەکەت، لە کاتی پێویستدا لە وتنی نەخێر مەترسە.

منداڵەکەت سوپاست ناکات لەسەر وتنی نەخێر، بەڵام هەندێک کات نەخێر باشترین کارە کە دەتوانیت بۆ منداڵەکەتی ئەنجام بدەیت.


سەرچاوەکان



306 بینین