ناوهڕۆك
سەرەتا
مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکو مێژوویەکی نوێی هەیە، وە بێگومان بە هاتنی ئەم جۆرە یارییانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵ بەجۆرێکی بەرچاو درووست کردووە، هەندێجار ئەکرێت بڵێین: ئەم یاریانە بۆمەبەستی فێربوونی زمان و فێربوونی ژمارە و جیاوازییەکان بەکاردێت.
ئەوەی زۆر گرنگ بێت لێرەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەکاربەرە ئەلیکترۆنییەکان، بەجۆرێک ئالودەی کردوون، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی منداڵ و گەنجان و هەندێ جار گەورەکان کاریگەری نەرێنیان بەشێوەیەکی بەرچاو درووستکردووە.
ڕێکخراوی (WHO) لەساڵی ٢٠١٥ زیانەکانی ئەم یارییەی بەڕەسمی ناساند.
جۆن دیوی دەڵێت: ئامانج لەپەروەردە کەڵەکە و پێدانی زۆری کەرەستە و زانیاری نییە، بەڵکو ئامانج لە پەروەردەی درووست لە گرنگیدان و شکۆفەداندا دەردەکەوێت.
هۆکارەکانی ئالودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان؟
- نەبوونی هۆشیاری درووستی دایک و باوک.
- خراپی باری ئابووری و نەبوونی هەلی کار .
- لاوازی پەیوەندی دایک وباوک بوونی کێشە و کێشمەکێشی دایک و باوک.
- لاوازی و بۆشایی سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک و باوک.
- ئاسانی و سادەیی و زۆری ئەو ئامێرانەی کەئەم جۆرە یارییانەی پێ ئەنجام دەدرێت، وەک: (مۆبایل ـ تابلێت ـ ئایپاد ـ لاپتۆپ ـ کۆمپیوتەر).
- بوونی چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم کەس و کاری.
- نەمان و سوک تەماشاکردنی یارییە کلاسیکەکانی وەک هەڵماقۆ و پەت پەتێن و تۆپ قاڕێن و چاو شارکێ..هتد.
- پێشەنگ بوونی دایک و باوک لە بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن خودی دایک و باوکانەوە، بووەتە هۆکاری لاسای کردنەوەی منداڵان.
- بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، دایک و باوک وەک چەکێک بۆ کپکردنەوە و لە جووڵەخستنی منداڵ، ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچاربکەن ئامێر و یارییە ئەلیکترۆنی یەکان بەکاربهنێنن.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان
- گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی
- تووڕەیی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی یارییە ئەلیکترۆنی یەکان توندوتیژی تێدایە بۆیە ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەر لەڕێگەی پرۆسەی کارلێک و کارتێکردنی لەڕووەکانی (کوشتن ـ ئازارـ دەنگی بەرزوناسروشتی ـ جوێن ـ وێرانی ...).
- تێکەڵ بوونی دوونیایی واقع بە دوونیای فەنتازی وخەیاڵ
- پەک خستن وتەمبەڵ کردنی پروسەی خوێندن ،چونکە منداڵ هێندە چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێت نیو هێندە حەزی بۆدەرس و کۆشش کردن نابێت .
- نەخەوتن ،کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی دۆپامین دەبێت کە دۆپامین لە سێ بەشی یەکەمی شەو دەڕژێت ،کاریگەر دەبێت بۆگەشەی مێشک و جەستە.
- قەڵەوی ،بەهۆی نەمان ولاوازی جوڵە و مانەوە لەماڵدا منداڵ گرفتی کێش زیادی بۆدرووست دەبێت .
- تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگ خەوتنەوە منداڵ درەنگ دەخەوێت ،بۆیەک وەک قەرەبویەک بۆماوەی ئەو خەوە ،درەنگ بێدار دەبێت ،بەوهۆیە ژەمی خواردنی بەیانی کەژمێکی سەرەکی یە لەدەست دەچێت .
- زیانی جەستەی (لاوازی چاو ـ ئازاری مل و خێرایی لێدانەکانی دڵ ).
- خەمۆکی ،بەهۆی زۆر مانەوە و زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە خەم و پەژارەیی و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و دڵ تەنگی ڕوودەکاتە منداڵ یان گەنجی بەکاربەر.
- نەمانی تەرکیز ،بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە منداڵ ئاگایی لەچواردەوری خۆی نامێنێت .
- گەشەی مێشک لاوازدەکات ،لەبەرئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێت ،بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت ،بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوارتەمەنی ۲ساڵ نابێت بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن .
- گەشەی زمان دوا دەخات ،توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کەبەشێک لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن هۆکارێکی سەرەکی یارییە ئەلیکترۆنی یەکانە .
- باوەڕ بەخۆبوونی منداڵ لاواز دەکات و توانای پشت بەخۆبەستن کەم دەکاتەوە ،منداڵێکی شەرمن ولاواز دەرووست دەکات .
- گێچەڵی سێکسی ،بەهۆی ئەوەی لەکاتی یارییە ئەلیکترۆنی یەکان ڕیکلامی سێکسی دێتە سەر شاشەکە ،منداڵ ناهوشیارانە کلیک لەسەر ئەو ڕیکلامە دەکات و بەو جۆرە دووچاری لادانی سێکسی دەبێت .
- لەئایندە دا کەسی ئالودە بەیارییە ئەلیکترۆنی یەکان ناتوانێت هیچ کارێک بکات وسەرکەوتونابێت ، چونکە ئارامی وخۆڕاگری لەسەر هیچ کارێک بۆدرووست نابێت ،کارەکە زوو جێ دەهێڵێت .
چارەسەر چییە؟
- سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ئای پی ماڵ یان مۆبایل.
- چاودێری کردن و تابزانرێت منداڵ بەچ یارییەکەوە سەرقاڵە.
- نەدانی هەل و چێژی ئەو یارییانە، سەرقاڵکردنیان بەشتی بەسودی دیکە.
- پرسیاری لێ بکە لەناوەڕۆکی یارییەکە.
- هەوڵ بدرێت یاری دەستی پێچەوانەی شاشەکان بکڕدرێت بۆیان.
- هاندان و پاداشت لەبەرامبەر کردنی یاری تر، تا یارییە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوێتەوە.
- بەشداری پێ کردن بە کاری تر کە گونجاوبێت لەگەڵ تەمەنی و گەشتکردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارک و جێگا وەرزشییەکان.
- بۆمنداڵ ڕوون بکرێتەوە کە ئینتەرنێت تەنها بۆ یاری کردن نییە، بەڵکو بۆگواستنەوەی زانیاری و ئاسانکردنی پەیوەندییەکانە.
- فێربکرێت یاری دەبێت لەگەڵ منداڵ بگونجێت نەک مۆدە.
- منداڵ نابێت حەزی لەهەرچی بوو ئێمەی دایک و باوک بۆیان جێبەجێ بکەین، بەڵکو فەلسەفەی ژیانی خێزان لە پەروەردەیە نەک تەنها بەخێوکردن.
- پتەوکردنی و بەهێزی خۆشەویستی دایک و باوک.
- ببە بە هاوڕێی منداڵەکەت، گرنگی و هاوبەشیان پێ بکەن، تا بۆشایی سۆزداریان بۆ درووست نەبێت لەو ڕێگایەوە وەک جیگرەوەیەک یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەڵبژێرێت.
- هانبدرێن لەگەڵ منداڵانی تر تێکەڵ بکرێن، تا بۆشایی حەز بۆ ئەو جۆرە یاریانە درووست نەبێت.
سەرچاوەکان
7331 بینین