خۆتەڕکردن

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-10-22:06:00 - کۆدی بابەت: 13144
خۆتەڕکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆتەڕکردن یان میزبەخۆداکردنی منداڵ بە ئینگلیزی (Desk wrapping) بە عەرەبی (تبول اللا ارادي للاطفال)، خۆتەڕکردن کێشەیەکە  کە پەیوەندی زۆری بە گەشەکردنەوە هەیە، واتا تا تەمەنی نەگاتە چوار پێنج ساڵ، شتێکی ئاساییە کە منداڵ بەتایبەتی (شەو) خۆی تەڕبکات، بەڵام ئەگەر منداڵ تەمەنی بوو بە (٧) و (٨) ساڵیش هەر خۆی تەڕکرد و نەیتوانی ماسولکەکانی میزڵدان و ئەندامەکانی ڕزگاربوون لە پاشەڕۆ کۆنترۆڵ بکات، ئەو کاتە پێویستی بە چارەسەرکردن دەبێت وەک چۆن کارێکی ئاسان نییە جیاوازی لە نێوان ڕەفتاری ئاسایی و ڕەفتاری نائاسایی بکرێت، بەهەمان شێوەش کارێکی ئاسان نییە کەتەمەن و ساڵێکی دیاریکراو بۆ ئەوە دابنرێت، ئەگەر منداڵ لەو تەمەنە کۆنتڕۆڵی خۆی نەکرد هەر خۆی پیس کرد، ئەوە واتای ئەوەیە ئەو ڕەفتارە نائاساییەو پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە لەم بارەیەوە ڕای جیاواز لەنێوان زاناکان هەیە.

بۆ نموونە هەندێک لە پزیشک و زاناکان لەوبڕوایەدان کە دەبێت منداڵ لەتەمەنی (٣) ساڵی لە خۆتەڕکردن رزگاری ببێت، هەندێکی تریان دەڵێن تەمەنی سێ ساڵی بچووکە و پێویستە لە  تەمەنی (٤) ساڵی لە خۆتەڕکردن ڕزگاری ببێت (بەتایبەتی لەڕۆژ) لە کاتێکدا هەندێکی تردەڵێن تا تەمەنی (٨) ساڵیش ئاساییە ئەگەر جار نا جارێک لەشەودا خۆی تەڕبکات. بەشێوەیەکی گشتی زاناکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت لەتەمەنی (٥) ساڵی کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی دارهاویشتن بکات، خۆی تەڕ نەکات.  

جۆرەکانی خۆتەڕکردن

خۆتەڕکردنی خۆنەویست، دوو جۆری سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کەمنداڵ لە شەودا خۆی تەڕ دەکات واتا بە ڕۆژ هیچ کێشەی نییە میزبەخۆیدا ناکات، بەڵام لە شەودا لەکاتی خەوتندا لەبەر ئەوەی ئاگای لەخۆی نییە خۆی تەڕدەکات. زۆربەی ئەو منداڵانەی کە میزبەخۆیاندا دەکەن لەجۆری یەکەمن، جۆری دووهەمیان ئەوەیە کە منداڵ لە ڕۆژدا خۆی تەڕدەکات. دەرئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی منداڵانی ئاسایی لە تەمەنی (٢) تا (٣) ساڵی کۆنترۆڵی خۆتەڕکردنی ڕۆژ دەکەن و لە تەمەنی (٤) ساڵیدا کۆنترۆڵی خۆتەڕکردنی شەو دەکەن، لەڕاستیدا خۆتەڕکردنی ڕۆژ زۆر لەخۆتەڕکردنی شەو مەترسیدارترە و ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی بایۆلۆژی و فیسیۆلۆژی

خۆتەڕکردن کێشەیەکە لەناو زۆر لە منداڵاندا هەیە توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ڕیژەی لە (٨٪) منداڵان بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێن، واتە لە سەد منداڵ نزیکەی ٨ بۆ ١٠ منداڵ تووشی خۆتەڕکردن دەبن، تا تەمەنی منداڵ گەورەتر بێت ئەوەندە زیاتر دەتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بکات و لەخۆتەڕکردن ڕزگاری بێت، واتە بەپێی تەمەن و گەورە بوون ڕێژەی تووشبوان بە خۆتەڕکردن بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.   

خۆتەڕکردن لای منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت

دەرئەنجامی هەموو ئەو توێژینەوانەی کەلەسەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراون ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕێژەی خۆتەڕکردن لەناو منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت (بەتایبەت بیرکۆڵەکان) زۆر زیاترە بە بەراورد بە منداڵانی ئاسایی، ئەمەش بووە بە کێشەیەکی گەورە بۆ خێزان و ئەو دام ودەزگایانەی کە مامەڵە لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن. 

ئەوە تاقیکردنەوانەی کە ئەنجام دەدرێت بۆ زانینی حاڵەتەکە

  • پشکنینی میزی منداڵەکە.
  • پشکنینی منداڵەکە بۆ ئەگەری بوونی کرم یاخود نەبوونی.
  • سۆنار بۆ زانین و تێبینی کردنی سک و حەوزی منداڵەکە  تێبینیکردنی لە ئەگەری بوونی حاڵەتی نائاسایی لە سیستەمی میزدا.  

چ کاتێک خۆتەڕکردن مەترسیدارە؟

  • لێدان و سەرزەنشتکردنی منداڵەکە لەبەردەم خوشک و براکانیدا ئەگەر تەمەنی لەنێوان ٣ بۆ ٥ ساڵ بێت و هێشتا کۆنترۆلی میزکردن نەکات.
  •  لەدەستدانی ئەندامی خێزانێک یان خۆشەویستێک، چ بە گەشت یان مردن
  • بەردەوام لە لێدان و سزادانی منداڵەکە، چونکە هەستی ڕەتکردنەوە گەشە دەکات و خراپتر دەبێت.  
  • نەخۆشییەکانی سیستەمی میز: وەک بەرد و هەوکردن، هەوکردنەکانی میز وا لە منداڵەکە دەکات کە زیاتر لە جارێک لە شەودا هەستێت بۆ میزکردن و پاشان ماندوو دەبێت و دەچێتە ناو خەوێکی قووڵەوە بۆ ئەوەی هەست بە میزکردن نەکات.  

چارەسەر 

پێش ئەوەی پەنا بۆ ھیچ ڕێگاو چارەسەرێک ببەین پێویستە ئاگاداری دوو خاڵی زۆر گرنگ بین.

خاڵی یەکەم

ئەوەیە کە دەبێت ئەو کەسەی خۆی تەڕ دەکات (بەتایبەتیش منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت) ئامادەباشی ئەوەی ھەبێت کە ڕێنمایی و ھەنگاوەکانی چارەسەرکردنەکە جێبەجێ بکات، ئەگەر ئامادەباشی نەبێت و نەگەشتبێتە ئەو ئاست و توانایە ئەوا ھیچ چارەسەرێک سودی نییە. بۆ زانینی ئەم خاڵەش کۆمەڵێک نیشانە ھەن کە گرنگترینیان ئەمانەن:  

١. دەبێت لەلای منداڵ کاتی دیاریکراو زانراو بۆ خۆ ڕزگار کردن لە پاشەڕۆ بەتایبەتیش میزکردن ھەبێت.

٢. دەبێت کاتی دیاریکراوو تایبەت ھەبێت کەمنداڵ پاک و وشکە و خۆی تەر ناکات.

٣. دەبێت ئەو منداڵە توانای جووڵەو رۆیشتنی ھەبێت و بچێت بۆ توالێت.  

٤. پێویستە منداڵ توانای ھەبێت کەبە دایک و باوکی بڵێت دەمەوێ بچم بۆ توالێت، ئیتر بە قسەکردن بێت یان بە جووڵە و ئاماژە یان بەھەر شێوازێکی تر کە دایک و باوک و کەسانی چواردەوری لێی تێبگەن.  

٥. پێویستە منداڵ لەلایەنی جووڵەوە توانای ئەوەی ھەبێت کە پانتۆڵ و شۆرتەکەی بھێنێتە خوارەوە و دوای میزکردن ھەڵیان بکێشێتەوە.  

٦. دەبێت منداڵ بەلایەنی کەمەوە ماوەی (٥) خولەک توانای دانیشتنی لەسەر توالێت ھەبێت. 

٧. پێویستە منداڵ لە مانای قسەو رێنماییەکانی دایک و باوک و کەسانی تر وەرە، دانیشە، ھەستە، تێبگات. 

٨. پێویستە منداڵ بگاتە ئەو ئاستەی کە کاتێک خۆی تەڕ دەکات و جلەکانی پیس دەکات ھەست بە ناڕەحەتی و بێزاری بکات. 

خاڵی دووەم

ئەوەیە کە دایک و باوک ھەوڵبدەدەن ھەندێک شێوازی باو بۆ چارەسەرکردنی خۆتەڕکردنی خۆنەویست بەکار بھێنن وەک ئەمانەی خوارەوە:  

١. کەمکردنەوەی شلەکان، واتە ھەر لە ئێوارە تا کاتی خەوتن وردە وردە منداڵەکانیان لە شلەمەنییەکان بێبەش دەکەن.

٢. زوو زوو سەیری دایبی و شۆرتی منداڵەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چ کاتێک خۆی تەڕ دەکات.   

٣. کاتێک منداڵەکەیان خۆی تەڕ دەکات، لەخەو ھەڵی دەستێنن و جل و بەرگ و شوێنی نووستنەکە دەگۆڕن و جلی تری لەبەر دەکەن.  

ئەو شێوازو ڕێگایانەی کە دایک و باوک پەنای بۆ دەبەن ھیچ کاریگەریەکی نییە لەسەر چارەسەکردنی خۆتەڕکردنی منداڵەکانیان، بەڵام پزیشکەکان ھەوڵدەدەن لەڕێگای حەپ و دەرمانەوە چارەسەری خۆتەڕکردنی منداڵان بکەن، بەزۆریش پەنا بۆ دەرمانی (تۆفرانیل) دەبەن ھەرچەندە تا ئێستا وەک پێویست نازانرێت کە چۆن ئەو دەرمانە کار دەکات و چەند کاریگەری لەسەر چارەسەرکردن ھەیە، بەڵام  لەو بڕوایەدان کە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی و زیاترکردنی توانای میزڵدان بۆ گلدانەوەی میز و باشترکردنی ئاستی کارکردنی ماسولکەکانی ڕزگاربوون لە پاشەڕۆو کۆنتڕۆڵ کردنی پرۆسەکە.  


سەرچاوەکان



880 بینین