شێوازە هەڵەکان لە پەروەردەکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-13:33:00 - کۆدی بابەت: 13181
شێوازە هەڵەکان لە پەروەردەکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێوازە هەڵەکان لە پەروەردەکردنی منداڵ بە ئینگلیزی (wrong ways of raising children) بە عەرەبی (طرق خاطئة في تربية الأطفال) کۆمەڵێک شێوازی هەڵە هەن لە پەروەردەکردنی منداڵ کە پێویستە بناسرێن و باسبکرێن لێیان دووربکەوینەوە، چونکە هەندێک لە خەڵکی شێوازە هەڵەکانی پەروەردەکردنی منداڵ بەکاردێنن و وا دەزانن ئەمە ڕێگە ڕاست و باشەکانی پەروەردەکردنە، نازانن هەر یەک لەم ڕێگە هەڵانە ئایندەیەکی خراپی دەبێت. یەک لە هەرە خراپترین شێوازە هەڵەکان سوکایەتی کردنە بە منداڵ، وەک ئەوەی پێی بڵێی تۆ: "گەوجی، هیچ نازانیت، یاخود ئازاری بدەیت و بیبەستیتەوە و وەکو ئاژەڵ مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.

شوێنەواری دڵڕەقی لە پەروەردەکردنی منداڵدا

١ – ترس: دڵڕەقیی وا لە منداڵ دەکات ترسنۆک دەربچێت، چونکە ئەوانەی زۆر نزیکن لە منداڵەکەوە بوونەتە سەرچاوەی مەترسی، ئەی دەبێت خەڵکی دیکە چۆن بێت لەگەڵیدا؟ منداڵ بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە.

٢- لە دەستدانی متمانە بەخۆبوون: منداڵ کە دەبینێت هەر شتێک دەکات سەرکۆنە دەکرێت و سزا وەردەگرێت، ئیتر وا گومان دەبات ئەو هیچ شتێک نازانێت و ناتوانێت، ئەمەش وا دەکای کە هیچ متمانەی بە خۆی نەمێنێت.

٣- نەمانی ئارامی: خێزان باوەشی هەرە گەرمی منداڵە، شوێنێکی دیکە نییە بۆ ئەو لەوێ هێمنتر بێت، تامی بەختیاری و خۆشباریی لەوێ دەکات. لە کاتی ماندووبوون هەر لە ئامێزی دایک و باوک و خوشک و برا ئارام دەگرێت.

٤- توندوتیژی: بۆ هەموو کارێک بەرچە کردارێک هەیە، ئەگەر خۆشەویستیی خۆت لە دڵی منداڵەکەتدا چاند، ئەوە لە دواڕۆژدا کەسێکی ئارامی لێ دەردەچێت، بەڵام ئەگەر بە کینەوە پەروەردەت کرد و تۆوی دڵڕەقییت تێدا چاند، دوا ڕۆژ دەبێتە کەسێکی توندڕەو و کەڵکی هیچی نابێت.

٥- دزی: کاتێک منداڵ ئەو خۆشەویستیەیی پێ نەدرا کە دەیەوێت، ئەوە پەنا بۆ تۆڵەکردنەوە دەبات، چ شتێک دایکی و باوکی هەراسان و نیگەران دەکات هەر ئەوە دەکات، بە نمونە دەچێت شتومەک دەدزێت، پارەیان لە گیرفان دەردەهێنیت بە شتی دەدات.

٦- درۆ: بەم شێوەیە دەتوانین باسی درۆ بکەین: کرداری هەڵە + ترس لە سزا = درۆ. منداڵ بۆیە درۆ دەکات چونکە لە سزا دەترسێت، لە دڵڕەقیی دایک و باوک دەترسێت. دەزانێت باجی ڕاستی وتن چەند قورسە، بۆیە پەنا بۆ درۆ دەبات و خۆی ڕزگار دەکات.

٧- ڕاکردن: زۆر لەو منداڵانەی لە ژێر دەستی دایک و باوکیان هەراسانن، یان ڕۆژانە لێیان دەدرێت و سووکایەتییان پێ دەکرێت، پەنا بۆ کۆڵان و شەقام دەبەن. منداڵ لە ماڵ ڕادەکات، چونکە وا هەست دەکات

زۆر نازکێشانی منداڵ

زۆر نازکێشانی منداڵ هیچی کەمتر نییە لە دڵڕەقی. نازکێشانی زۆر، واتا: جێبەجێکردنی هەموو داخوازییەکانی منداڵ زووبەزوو، هەم لە ڕووی ماددی و هەمیش لە ڕووی مەعنەوی. هەرچییەک داوا بەبێ دواکەوتنێک بۆی پەیدا بکرێت. هەر شتێک بکات و بڵێت کەس پێی ناڵێت بۆچی واتکرد؟

پاڵنەرە نەستەکی و نانەستەکییەکانی زۆر نازکێشانی منداڵ

  • لەبەر ئەوە نازای دەکێشن چونکە تاقانەیە.
  • چونکە نەخۆش و بێدەرەتانە.
  • چونکە دوای تەمەنێکی زۆر، خودا پێی بەخشیون.
  • چوونکە دایکی یان باوکی لەدەستداوە.
  • دەیانەوێت لە هەموو منداڵەکانی تر باشتر دەربچێت.

زۆر نازکێشانی منداڵ و شوێنەوارە خراپەکانی

١- زۆر نازکێشان وا لە منداڵ دەکات ببێتە کەسێک کە پشت بە خەڵک ببەستێت و متمانەی بە خۆی نەمێنێت، هەمیشە چاوی لە دەست کەسانی تر بێت، ناتوانێت سادەترین کاریش بکات، چونکە فێری متمانە بە خۆبوون نەکراوە. ڕانەهێنراوە لەسەر برسێتی ئارام بگرێت، داخوازییەکانی ڕۆژێک دوابخرێن هەرچی ویستویەتی بۆی جێبەجێکراوە.

٢- نازکێشانی زۆر، وا لە منداڵ دەکات کە نەتوانێت بەرگەی بەرپرسیاریەت بگرێت، چونکە هەرگیز لەسەر ئەمە مەشقی پێ نەکراوە و ڕانەهاتووە. بۆیە هەندێک منداڵ دەبینین لە قوتابخانە ڕادەکەن، یان کە گەورەبوون لە ئەرکە خێزانیەکانیان ڕادەکەن.

٣- نازکێشانی زۆر،  منداڵ فێری خۆپەرستیی دەکات، منداڵ کاتێک هەموو داخوازییەکانی بۆ جێبەجێ کران، وا دەزانن هەموو شتەکان بەس هی ئەون و مافی هیچ کەسێکی دیکەیان بەسەرەوە نییە، بۆیە هیچ شتێک نادات بە کەس.

٤- هەروەها منداڵ وا لێ دەکای هۆگری دایک و باوکی بێت.

٥- وای لێ دەکات نەتوانێت هیچ بڕیارێکی سەربەخۆ بدات.

٦- دەبێتە کەسێکی گێرەشێوێن، چونکە کەس فێری کاری خراپ و چاکی نەکردووە، جگە لە ناز هیچی دیکەی نەبینیوە.

٧- ناتوانێت پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دروست بکات.

٨- نازکێشانی زۆر، وا لە منداڵ دەکات بێ هیوا بێت، چونکە هەرچی ویستویەتی بۆیان کردووە، شتێک نەماوە بۆی بژیت و هیوایی هەبێت، ئیتر مەلول و غەمگین دەبێت.

فەرامۆشکردن

فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی منداڵ هیچی لە شێوازە هەڵەکانی ڕابردوو کەمتر نییە. مەبەستمان لە فەرامۆشکردن ئەوەیە کە دایک و باوک هەموویان زۆربەی ئارەزوو و داخوازییەکانی منداڵ پشتگوێ دەخەن، لەسەر هیچ ڕەوشتێکی خراپ و لاساریێکیش سزای نادەن، بۆ هیچ کۆشش و داهێنانێکیش سوپاسی ناکەن.

شوێنەوارە خراپەکانی فەرامۆشکردنی منداڵ

١- گێلبوون: فەرامۆشکردنی منداڵ یەک لە دوژمنکارییە هەر دژاوارەکانە، لەگەڵ چەندجار دووبارەبوونەوەی، هەستەکانی منداڵ خامۆش دەکات و بەرەو گێل بوونی دەبات، وای لێ دەکات دڵگەرمی بۆهیچ شتێک نەمێنێت.

٢- نەمانی هەواداری (ئینتیما) بۆ خێزان و کۆمەڵگە: ئەو خێزانەی بایەخ بە منداڵەکانیان نادەن، چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە منداڵەکانیان هەستیان بۆ بجوڵێت و خۆشەویستییان پێ بدەن؟ کاتێک کە خێزانی بچووک کە بریتین لە دایک و باوک سۆز و خۆشەویستییان نەدا بە منداڵ و فەرامۆشیان کرد، ئیتر ناتوانێت متمانە بە خێزانی گەورەش بکات کە کۆمەڵگەیە، بۆیە هەمیشە بە گومانەوە لێی دەڕوانێت.

زۆر چاودێریکردنی منداڵ

جاودێریکردنی منداڵ پێویستە، بەڵام نەک لە سنوور دەربچێت، هەمیشە بە دوایەوە بیت، بەردەوام بانگی بکەیت و بە دەوریەوە هەڵسوڕێیت. چاودێریی زۆری منداڵ واتا: لە جیاتی منداڵ هەموو شتێک بکەیت، بەشداری هەموو کارێکی منداڵەکە بکەیت، هیچ بوارێکی بۆ هەولدان و ئەزموون ۆەیداکردن پێ ڕەوا نەبینیت. هیچ ڕاهێنانێکی دەروونی و جەستەیی بۆ ئایندە ۆێ نەکەیت. دەست بۆ هەر کارێک ببات بەسەریدا هاوار بکەیت، دنیای فروانی لە پێش چاو بۆ تەسک بکەیتەوە.

پاڵنەرە نەستی و نانەستییەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ

١- ترسی زۆریان لە منداڵەکانیان هەیە: هەندێک جار ترس لە منداڵەکانیان لە سنوور دەردەچێت و دەبێتە جۆرێک لە نەخۆشی، بۆیە هەمیسە بە چڕی چاودێری دەکەن.

٢- دڵڕاوکێ: بەشێک لە دایک و باوکان بۆیە هەمیشە چاودێریی منداڵەکانیان دەکەن، چونکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێ دان، ناتوانن بۆ یەک چرکەش منداڵەکانیان بەجێ بهێڵن.

٣- هەندێکجار بۆیە بە توندی چاودێریی منداڵەکانیان دەکەن، چونکە لە منداڵیەوە توشی دەیان گرفتی جۆربەجۆر بوون، نایەنەویت هەمان کێشە بۆ ئەوان دووبارە ببێتەوە.

شوێنەوارە خراپەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ

١-منداڵ توانای بەرگە گرتنی نامێنێت، چونکە هەلی ئەوەی پی نەدراوە بە دەربڕینێکی دیکە هیچ ڕاهێنانێکی پێ نەکراوە.

٢- توانای هیچ هەنگاونانێکی نامێنێت، تەنیا لە ژێر چاودێریکردنی دایک و باوکیدا دێت و دەچێت، لە کەوتن و سەرکەوتن ڕانایێت.

٣- توانای داهێنانی تێدا لاواز دەبێت، چوونکە ئەو هەر لەسەر حازری ڕاهاتووە، نەک خۆ ماندووکردن و داهێنان، نەک نواندنی بەهرە جوانەکانی خۆی.

٤- هەمیشە تووشی شکست دێت، چونکە هیچ ئەزموونێکی پێشتری نییە.

٥- چاودێری زۆری دایک و باوک، منداڵ وا لێ دەکات پشت بە کەسانی تر ببەستێت زیاتر باوەڕ  ومتمانەی بە خۆی نابێت.

٦- منداڵ بەهۆی ئەو چاودێریە زۆرەی دایک و باوک، ترسنۆک و کزۆڵ دەردەچێت، هەمیشە وا دەزانێت کەسێکی بە دواوەیە.

ناڕێکی و دوودڵی لە پەروەردەکردنی منداڵ

دوودڵی و ناڕێکی بە هەڵەترین وخراپترین شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ دادەنرێت.

١-ناڕێکی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ منداڵ، لەسەر ڕافتارێک پاداشتی دەکات لەسەر هەمان رەفتار سزای دەدات.

٢- ناڕێکی لە مامەڵەی دایک و باوک، بە نموونە: باوک پاداشتی دەکات و دایکیش سزای دەدات، باوک بڕیاری داوە کە هەمو ڕۆژێک پێنج دیناری پێ بدات دایک شەش دیانری پێ دەدات.

شوێنەوارە خراپەکانی مامەڵەی ناڕێک

١- نەمانی بەهای دەسەلات لە دڵی منداڵدا: لای منداڵ دایک و باوک نیشانەی دەستەڵاتی یەکەمن، ئەگەر ئەوان دەستەڵات پێشێل بکەن، ئەوە هیچ نرخێکی لەلای منداڵ نامێنێت، سبەی دەستەڵاتی دەوڵەتیش هیچ بەهایەکی لە دڵ و دەروونی ئەو نامێنێیت.

٢- بە مامەڵەی ناڕێکی دایک و باوک، منداڵ تووشی سەرگەردانی و سەرلێشێوان دەبێت، نازانێت کام ڕەفتار ڕاستە و کام رەفتار هەڵەیە.

٣- دەبێتە کەسێکی ڕاڕا، لە نێوان دوو بۆچوونی لێک جیاواز دوودڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



37 بینین