دەستنیشانکردن لە بواری پەروەردەی تایبەت

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-13:19:00 - کۆدی بابەت: 13179
دەستنیشانکردن لە بواری پەروەردەی تایبەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستنیشانکردن لە بواری پەروەردەی تایبەت بە ئینگلیزی (Diagnosis in the field of special education)، بە عەرەبی (التشخيص في المجال التربية الخاصة)، شێوەیەکە لە شێوەکانی هەڵسەنگاندن، سەرەتای بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە لە بواری پزیشکیدا بوو، دواتر بۆ بواری چارەسەر و ڕێنمایی دەروونی و پەروەردەی تایبەت گواسترایەوە، ئامانج دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی مندالانی خاوەن پێداویستی تایبەتە تا دواتر بە پێی توانا و ئاست و لێهاتوویان پۆلێن بکرێن و هەریەکە و لە شوێنی گونجاوی خۆی دابنرێت، بۆ ئەوەی بەرنامە و پڕۆگرامی گونجاو بۆ بەهێزکردنی خاڵە لاوازەکانیان دابنرێت. دەستنیشانکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کارێکی ئاسان نییە و پێویستە لەلایەن تیمی پسپۆڕ (پزیشکی دەروونی، پزیشکی منداڵ، مامۆستای پەروەردەی تایبەت) دەست نیشان بکرێن، هەندێکجار بە پێی کەیسەکانیش پێویستیان بە ڕاوێژە.

پڕۆسەی پێوان  ودەستنیشانکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت

پرۆسەی پێوانکردن و دەستنیشانکردنی تواناکانی کەسانی خاوەن پێداویستتی تایبەت کارێکی ئاسان نییە، بۆ ئەوەی ئەو دەستنیسانکردنە سەرکەتوو بێت دەبێت لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە بێت کە سەرجەم پسپۆڕییەکان لە خۆبگرێت، پڕۆسەی پیوان و دەستنیسانکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تا گەیشتوەتە ئەم قۆناغەی ئێستای بە چەند قۆناغێکا تێپەڕیوە.

قۆناغەکانی بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی پێوان و هەڵسەنگاندن

١- سەرەتای پڕۆسەکە بە لایەنی پزیشکی دەستی پێکرد، کە بە کۆنترین ئاڕاستەکان دادەنرێت، ئەمەش لە رێگەی پزیشکەوە بە تایبەتیش پزیشکی منداڵ کە بڕیار لەسەر توانا و لێهاتووییەکانی منداڵ دەدات بڕیاری ئەوە دەدات کە ئەو منداڵە منداڵێکی ئاساییە یان منداڵێکی بیرکۆڵە، ئەویش لە ڕێگەی کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکییەوە جەستەیی و جووڵەیی. دواتر ڕاپۆرتێکی بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەنارد کە دەرئەنجامی پشکنینی ئەم لایانانەی خوارەوەی تێدا تۆمارکرابوو.

  • پشکنینی میز بۆ منداڵەکە: بۆ ئەوەی بزانێت تووشی حاڵەتی تێکچوونی پڕۆسەی مژینی خۆراک بووە، واتا میزی منداڵەکەی تێکەڵی چەند دڵۆپێک لە ترشەڵۆکی فیرک دەکرد. ئەگەر ڕەنگەکەی سەوز بوایە ئەوە نیسانە بوو بۆ ئەوەی کە ئەو مندالە تووشی تێکچوونی پڕۆسە مژینەوە خۆراک بووە ئەم کەیسەش یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوونی منداڵ بە بیرکۆڵ و بوون بە خاوەن پێداویستی تایبەت.
  • پێوانەکردنی چوارچێوەی کەلەی سەری منداڵ و بەراوردکردنی بە چوارچێوەی کاسەی سەری منداڵی ئاسایی کە دەکەوێتە نێوان ٣٣سم بۆ ٣٦ سم ئەگەر دەرکەوت لەوە زیاترە نیان کەمترە، ئەو نیشانەی ئەوەیە کە حاڵەتی بچووکی کەللەی سەر یان گەورەیی کەللەی سەری هەیە و ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی بیرکۆڵی.
  • دیاریکردنی ئاستی گەشەی جووڵەی ئاسایی منداڵ و بەراوردکردنی پرەنسیپ و پێوەرە جیهانییەکان، ئەگەر دەرکەوت لە لایەن جووڵەوە(سەر وەرگێڕان، جووڵەی شان و دەست وقاچ و توانای گاگۆڵکێ  ودانیشتن و ڕۆیشتن و ڕاکردن)ی دواکەوتووە وەک پێویست گەشەی نەکردووە و وەک جووڵەی منداڵانی ئاسایی نییە، ئەمەش دەبوو بە نیشانەیەکی تری دواکەوتنی ژیری و بیرکۆڵی لە منداڵەکەدا.
  • پشکنینی گەشەی جەستەیی بە شێوەیەکی گشتی بە تایبەتی درێژی و کێش بۆ ئەوەی بزانێت ئەو منداڵە تووشی حاڵەتی کورتەباڵایی نەبووە لەبەر ئەوەی ئەم کەیسەش یەکێکە لە کەیسەکانی بیرکۆڵی.
  • پشکنین بۆ کار و چالاکییەکانی کوێرە ڕژێنەکان: بە تایبەتیس پەریزادە گلاند ونیشانەکانی وەک پێست وشک هەڵگەڕان و شێوەی قژ و سکی منداڵەکە، چونکە کەمی هۆرمۆنەکانیش کاریگەری خراپیان لەسەر گەشەی عەقڵی هەیە، ڕاپۆرتی پزیشکی پسپۆڕ هەموو دەرئەنجامی پشکنینەکان و مێژووی بۆماوەیی و جینی تێدا رۆمار دەکرێت و لەبەر ڕۆشناییان دەستنیشانی تواناکانی منداڵ و کەیسەکەی دەکرێت.

٢. دیاریکردنی ڕێژەی زیرەکی: یەکێکی تر لەو کەرەستانەی بۆ پێوانەکردن و دەستنیشانکردنی تواناکانی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردەهێنرێت زیرەکی پێوەکانە لە ڕێگەی ئەو زیرەکی پێوانەوە ڕێژەی زیرەکی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاری دەکرێن و شوێنی گونجاو بۆ فێرکردن و ڕاهێنانیان دیاری دەکرێن. یەکەم زیرەکی پێویش کە بۆ مەبەستی پێوانکردن و دەستنیسانکردنی توانا عەقڵییەکان بەکارهێنرا، زیرەکی پێوی (سیمون و بینیە) لە پڕۆسەی پێوانەکردن و دەستنیشانکردن بەکاردەهێنرێت.

٣. پێوان  و دەستنیشانکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی: دوای ئەوەی لەلایەن کۆمەڵناسانەوە ڕەخنە لە دەرئەنجامی زیرەکی پێوەکان گیراو لە ئەو بڕوایەدا نەبوون کە زیرەکی پێوەکان بتوانن بە تەنها کەسانی بیرکۆڵ دەستنیشان بکەن، بۆیە بیر لەوە کرایەوە کە لە پاڵ بەکارهێنانی زیرەکی پێوەکانی وەکو (ستانفۆرد-بینیە) و (وکسلەر) و (گۆنداف)، پێوانی کۆمەڵایەتیش بکرێت لەبەر ڕۆشنایی هەموو لایەنەکان بڕیار لەسەر بیرکۆڵی ئەو کەسانە بکرێت کە گومانی بیرکۆڵییان لێدەکرێت.

٤. پێوان و دەستنیشانکردنی لایەنی پەروەردەیی: نابێت بە تەنها پشت بە لایەنی پزیشکی و ڕێژەی زیرەکی و توانای خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی ببەسترێت بەڵکو دەبێت لە کاتی دەستنیشانکردن و پێوانەکردنی تواناکانی کەسانی بیرکۆڵ توانای فێربوونی زمان و خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری ئەو کەسانە لەبەرچاوبگیرێت.

بە سەرهەڵدانی ئەم ئاڕاستەیە پڕۆسەی پێوانکردن و دەستنیسانکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت گەیشتە دوا قۆناغەکانی گەشەکردن، لەبەرئەوەی ئێستا ئاڕاستەی سەرتاسەری تەواوکاری لە کاتی دەستنیسانکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت پەیڕەو دەکرێت و زۆربەی زانایان پشتگیری دەکەن، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێتی تاک و ڕەهەندەکانی جەستەیی، عەقڵی و کۆمەڵایەتی و هەڵچوونی و ئاکاری لە خۆ دەگرێت و تەنها گرنگی بە یەک لایەنی کەسانی بیرکۆڵ نادرێت.


سەرچاوەکان



34 بینین