مەرجەکانی فێربوون لەڕوانگەی پەروەردە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-15:24:00 - کۆدی بابەت: 13281
مەرجەکانی فێربوون لەڕوانگەی پەروەردە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەرجەکانی فێربوون لەڕوانگەی پەروەردە بە ئینگلیزی (Conditions of learning from educational)، بە عەرەبی (شروط التربویة للتعليم)، بۆ ئەوەی پڕۆسەی فێربوون ڕوو بدات پێویستە چەند مەرجێک بێتە دی.

مەرجەکانی فێربوون لەڕوانگەی پەروەردە

١- بوونی بەربەست: بوونی بەربەست بە مەرجێکی گرنگ دادەنرێت بۆ فێربوون، مەبەست لە بوونی بەربەست بوونی کەسێکە لەبەردەم بارودۆخێکی نوێ (کێشەیەک بێت یان بەربەستێک) ئەو بەربەستە یان ئەو کێشەیە ڕێگر بێت لە تێرکردنی ئارەزوو و پاڵنەرەکانی کەسەکە، ئەم بارودۆخە وادەکات کەسەکە هەوڵی چارەسەری ئەو بارودۆخە بدات، دۆزینەوەی چارەسەر بە یەکێک لە هۆکارەکانی فێربوون هەژماردەکرێت، بۆ نموونە کاتێک کەسێک بۆ یەکەمجار فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دەبێت، پێویستە کەسەکە بەسەر بەربەستەکانی لە بەردەم لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل زاڵ بێت، واتە کەسەکە پێویستە هەوڵ بدات بزانێت بنەما سەرەکییەکان چین و فێری ببێت تا بتوانێت مۆڵەتی شۆفێری بەدەست بهێنێت. 

٢- بوونی پاڵنەر: پاڵنەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی فێربوون بێگومان پڕۆسەی فێربوون پێویستی بە بوونی پاڵنەرە، بەبێ پاڵنەر فێربوونی تەواو ڕوونادات، واتە ئەگەر کەسەکە ئامانجێکی دیاری کراوی نەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری ئەوا هەرچەندە وروژێنەری جیاجیای هەبێت و هەلی فێربوونی بۆ بڕەخسێت، پڕۆسەی فێربوون ئەنجام نادرێت. 

٣- پێگەیشتن: گەیشتنی تاک بە ئاستێکی باش لە پێگەیشتن مەرجە بۆ فێربوون، چونکە فێربوون بەبێ پێگەیشتن ڕوونادات، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ یان کەمتر فێری نووسین بکەین، ئەوا هەموو هەوڵەکانمان بە سەرنەکەوتووی کۆتایی پێدێت چونکە گەشەی دەماری منداڵ لەم تەمەنەدا تەواو نەبووە، بۆیە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی پەنجەکانی بکات بۆ ئەوەی وشە بنوسێت. بوونی بارودۆخێکی نوێ واتە بۆ ئەوەی پڕۆسەی فێربوون ڕووبدات پێویستە کەسەکە بخرێتە بەردەم ئەزموونێکی نوێ تاوەکو پاڵنەرەکانی بوروژێنێت. 

٤- بەکارهێنان: بریتییە لەو چالاکییانەی کە مرۆڤ پێویستە دووبارەی بکاتەوە تاوەکو پڕۆسەی فێربوون ڕووبدات، چونکە بۆ ئەوەی مرۆڤ فێری ڕەفتارەکە ببێت پێویستی بە دووبارەکردنەوەی ئەو ڕەفتارە هەیە، بۆ نموونە لەبەرکردنی پارچە هۆنراوەیەک پێویستی بە دووبارەکردنەوە هەیە. 


سەرچاوەکان



15 بینین