ناوهڕۆك
ناساندن
سانتیاگۆ (بە ئینگلیزی: Santiago، بە عەرەبی: سانتیاغو)، هەروەها بە سانتیاگۆ دو چیلی ناسراوە، پایتەخت و گەورەترین شاری چیلییە و یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەمریکا. ئەم شارە دەکەوێتە دۆڵی ناوەندی وڵاتەکە و ناوەندی هەرێمی گەورەناوچەی سانتیاگۆیە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی حەوت ملیۆن کەسە و 40%ـی کۆی دانیشتوانی چیلی پێک دەهێنێت. زۆربەی زۆری ناوچەکانی ئەم شارە لە نێوان 500 بۆ 650 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری شاری سانتیاگۆی پایتەخت 641 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2017ـدا 9,821 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
مێژووی شارەکە
سانتیاگۆ لە ساڵی 1541ـدا لەلایەن داگیرکەری ئیسپانی پێدرۆ دو ڤالدیڤیا (Pedro de Valdivia) ـەوە دامەزراوە و لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە وەک پایتەختی کۆماری چیلی خزمەتی کردووە. سەرەڕای ئەو کارەساتانەی کە لە ساڵی 1822 و 1835ـدا بەهۆی بومەلەرزەوە بەسەر شارەکەدا هات، سانتیاگۆ لەگەشەی خۆی بەردەوام بوو. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 1820ـدا بە 46,000 کەس تۆمارکرا و لە ساڵی 1854ـدا گەشتە 69,018 دانیشتوو. لە سەردەمی کۆماریی چیلیدا چەندین دامەزراوە لە شارەکەدا دامەزران کە گرنگترینیان زانکۆی چیلی بوو. لە ئێستادا، سانتیاگۆ ناوەندی سیاسی و دارایی وڵاتەکەیەتی و شوێنی بارەگای ناوچەیی زۆرێک لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێریی ساڵی 2002، ژمارەی دانیشتووان گەورەناوچەی سانتیاگۆ 5,428,590 کەسە. لە سەدەی بیستدا ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیە بوو:
ساڵ | ژمارەی دانیشتووان |
1907 | 383,587 کەس |
1940 | 1,010,102 کەس |
1960 | 2,009,118 کەس |
1982 | 3,899,619 کەس |
1992 | 4,729,118 کەس |
ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی سانتیاگۆ بەدرێژایی مێژوو چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەردا هات، لە ساڵانی سەرەتایدا هەتا سەدەی حەڤدا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانەکەی 2.9% بوو، پاشان هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم ڕێژەیە بۆ کەمتر لە 2% دابەزی. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، لە کاتی قەیرانی ئابووری ساڵانی 1930ـیەکان، بەهۆی کۆچکردنی هاوڵاتیانی کەمپەکانی کانسازی لە باکووری چیلییەوت بۆ سانتیاگۆ دیمۆگرافی شارەکە تەقیەوە و پەرەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی. دیسان بەهۆی کۆچکردن لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ سنووری شارەکە، کە لە نێوان ساڵانی 1940 و 1960ـدا بوو، جارێکی تر ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم کۆچانە و بەرزی ڕێژەی بەپیتی ئافرەتانی شارەکە، لە نێوان ساڵانی 1952 و 1960ـدا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی سانتیاگۆی بەرزکردەوە بۆ 4.9%. بەڵام، لە ساڵی 2000ـەکاندا ڕێژەی گەشە بۆ 1.4% دابەزی. قەبارەی شارەکە بەردەوام فراوانتر بوو؛ لە ساڵی 1960ـدا ڕووبەری سانتیاگۆ 200 کیلۆمەتر دووجا بوو، تا ساڵی 1980 دوو هێندە زیادی کرد و لە ساڵی 2002ـدا گەیشتە 641.4 کیلۆمەتر دووجا. چڕی دانیشتووانی شارەکە 8,464 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
لە ساڵی 1990ـدا، کەمێک زیاتر لە 38%ـی کۆی دانیشتووانی وڵات لە خوار تەمەنی 20 ساڵییەوە بوون، بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2020 ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکەی 26%ـی پیاوان و 16%ـی ژنان دابەزی. هەروەها پێشبینی ئەوەش کرا کە ڕێژەی دانیشتووی خوار تەمەن 20 ساڵ لە ساڵی 2020ـدا زیاتر دادەبەزێت بۆ نزیکەی 26% پیاوان و 16% ژنان. بە پێچەوانەوە، ڕێژەی دانیشتووانی سەرووی 60 ساڵی شارەکە لەو کاتەوە تا ئێستا لە گەشەکردندایە. زیاتر لە 67%ـی بەشداربووانی سەرژمێری ساڵی 2002 لە گەورەناوچەی سانتیاگۆ لەدایکبوون. هەروەها، ناوچەکە ڕێژەیەکی کەمی کۆچبەری هەیە و تەنها 2.11%ـی دانیشتووانەکەی لە دەرەوەی کۆماری چیلی لەدایکبوون. زۆربەی کۆچبەرانی جێگیربووی شارەکە خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتینن، لەنێویاندا پیرۆ و ئەرجەنتین.
ئایین
هاوشێوەی شارەکانی تری وڵاتی چیلی، زۆرینەی دانیشتووانی سانتیاگۆ لە پەیڕەوکەرانی ئایینی کاسۆلیکی پێکهاتووە. لە سەرژمێریی ساڵی 2002ـدا دەرکەوتووە کە 68.7%ـی دانیشتووانی گەورەشاری سانتیاگۆ کاسۆلیکین، لە کاتێکدا پرۆتستانتە ئینجیلییەکان 13.1%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. ئایینە کەمینەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە، گەواهی یهوا، جوولەکە، موسوڵمان و ئۆرتۆدۆکسن. جگە لەوانەش، نزیکەی 10%ـی دانیشتووانی سانتیاگۆ بێ ئایینن یان سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین.
ئابووریی شارەکە
سانتیاگۆ ناوەندی پیشەسازی و دارایی کۆماری چیلییە و 45%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵاتەکە پێک دەهێنێت. هەندێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک ECLAC (کۆمیسیۆنی ئابووری بۆ ئەمریکای لاتین و کاریبی)، ئۆفیسەکانیان لە سانتیاگۆی پایتەختدا هەیە. ئابووریی بەهێز و کەمی قەرزی حکوومەتەکەی هۆکاری ڕاکێشانی کۆچبەرانی ئەورووپی و ئەمریکییە بۆ شارەکە.
کەشوهەوا
بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری سانتیاگۆی پایتەخت کەشوهەوایەکی نیمچە وشکی فێنکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی هاوین (تشرینی یەکەم بۆ ئازار)ـی وشکی گەرم و پلەکانی گەرما لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا بۆ سەروو 35 پلەی سەدی بەرزدەبنەوە، مانگەکانی وەرزی زستان (نیسان تا ئەیلوول)ـیش فێنک و شێدارن؛ بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە 14 پلەی سەدیە و نزمترین پلەی گەرمی نزیکەی سفر پلەی سەدیە. هەروەها، بڕی بارانبارین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری شارەکە کەمێک جیاوازە، لە نزیک ناوەندی شاردا ساڵانە بە تێکڕایی 286.3 مللیمەتر باران دەبارێت و لە ناوچە بەرزترەکانی نزیک زنجیرە چیاکانی ئەندێز ساڵانە بە تێکڕایی 326.1 مللیمەتر باران دەبارێت. لە ناوچەی فڕۆکەخانەی پیوداهیواڵ ساڵانە بە تێکڕایی 276.9 مللیمەتر باران دەبارێت و نزیکەی 80%ـی لە مانگەکانی وەرزی زستان (ئایار تا ئەیلوول)ـدا دەبارێت.
پلەی گەرمی
پلەکانی گەرمی بەدرێژایی ساڵ لە 20 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا 8 پلەی سەدی لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا دەگۆڕێت. پلەی گەرمی لە ڕۆژانی هاویندا بەرز دەبێتەوە و کەشی شارەکە گەرم بۆ زۆر گەرمە، زۆرجار لە کاتەکانی ڕۆژدا پلەی گەرمی دەگاتە سەرووی 30 پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو نزیکەی 38 پلەی سەدیە، لە کاتێکدا کەشی شارەکە لە کاتەکانی شەودا زۆر خۆش و فێنکە، پلەی گەرمی 11 پلەی سەدیە. پلەکانی گەرمی لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا دادەبەزن بۆ کەمێک کەمتر لە 10 پلەی سەدی، هەندێکجاریش پلەکانی گەرما بۆ سفر پلەی سەدی دادەبەزن، بەتایبەتی لە بەیانیاندا. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی مێژوویی 6.8- پلەی سەدیە کە لە مانگی تەممووزی 1976ـدا تۆمارکرا.
كارهساتی سروشتی
سانتیاگۆ دەکەوێتە ناوچەی پشتێنی ئاگریی زەریای هێمنەوە، کە پێکدادان لە نێوان دوو تەبەقی تێکتۆنیک، تەبەقەکانی نازکا و ئەمریکای باشووردا ڕوودەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی بوومەلەرزە. یەکەم بوومەلەرزەی تۆمارکراو کە لە شارەکەی دابێت لە ساڵی 1575ـدا بوو، واتە تەنها 34 ساڵ دوای دامەزراندنی سانتیاگۆ. هەروەها، وێرانکەرترین بوومەلەرزە لە مێژووی شارەکەدا لە ساڵی 1647ـدا ڕوویدا.