تەلیسکۆپی جەیمس وێب

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-25-22:03:00 - کۆدی بابەت: 7390
تەلیسکۆپی جەیمس وێب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەلیسکۆپی بۆشاییی ئاسمانیی جەیمس وێب (بە ئینگلیزی: James Webb Space telescope (JWST))، تەلیسکۆپێکی بۆشاییی ئاسمانە کە بەشێوەیەکی هاوبەش لەلایەن دەزگای ناسا،  ئاژانسی بۆشاییی ئاسمانی ئەورووپا (ESA)، ئاژانسی بۆشاییی ئاسمانی کەنەدا (CSA) و ئاژانسی بۆشاییی ئاسمانی ئەمریکا (ASA)ـەوە پەرەی پێدراوە. ئەم تەلیسکۆپە وا پلانی بۆ داڕێژراوە کە تەلیسکۆپی هابڵی ناسا ببەزێنێت، وەک ئەرکێکی بێوێنەی بواری فیزیای ئەستێرەناسی. تەلیسکۆپی جەیمس وێب لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٢/٢٥ لەنێو موشەکی ئاریان هەڵدرایە بۆشاییی ئاسمان، لە میانەی گەشتی ئاسمانیی کۆمەڵەی موشەکی ئاریان (بە ئینگلیزی: Ariane) کە ناسراوە بە گەشتی (Ariane flight VA256) کە دەکاتە دووسەد و پەنجا و شەشەمین گەشتی ئاسمانیی ئاریان.

ئەم تەلیسکۆپە هەستیاری و شیتەڵکردنی تیشکی خوارسوور (بە ئینگلیزی: Infrared light)ـی گەشەسەندوو بەردەست دەخات لەسەروو تەلیسکۆپێ هابڵەوە کە کاری لەسەر تیشکی سەرووبنەوشەیی دەکرد، هەروەها کۆمەڵە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە بوارەکانی ئەستێرەناسی و گەردوونناسیدا دەڕەخسێنێت، وەکوو دۆزینەوەی هەندێک لە دوورترین ڕووداو و شوێنەکان لە گەردووندا، بۆ نموونە، دروستبوونی یەکەمین گەلەئەستێرەکان و تایبەتمەندیی ورد لەبارەی بەرگەهەوای ئەو هەسارانەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرن و دەکرێت ژیانیان تێدا بکرێت (بە ئینگلیزی: Potentially habitable exoplanets). 

ئەم تەلیسکۆپە هەستیارترین و بەهێزترین تەلیسکۆپی جیهانە لە ساڵی ٢٠٢١ و چاوەڕێ دەکرێت دەرگایەکی نوێ بەڕووی گەردوونناساندا بکاتەوە.

زانیاری لەسەر تەلیسکۆپەکە 

دروستکەر Northrop Grumman لەگەڵ Ball Aerospace & Technologies
جۆر Korsch telescope
تیرە ٦٫٥ مەتر
درێژیی تیشکۆ ١٣١٫٤ مەتر
ڕێژەی تیشکۆ ٢٠,٢/f
ڕووبەری کارکردن ٢٥٫٤ مەتر دووجا 
درێژی شەپۆڵەکان ٠٫٦ بۆ ٢٨٫٣ مایکرۆمەتر (تیشکی پرتەقاڵی بۆ ناوەڕاستی خوارسوور)
بارستایی هەڵدان ٦ تەن و ١٦١٫٤ کیلۆگرام
هێز ٢ کیلۆوات
ئامێرەکان
  • FGS-NIRISS
  • MRIR
  • NRICam
  • NRISpec
موشەک
ئاریان ٥
شوێنی هەڵدان
ناوەندی بۆشاییی ئاسمانی گویەن (بە ئینگلیزی: Guiana Space Centre)

دروستکردن 

دوای دروستکردن و هەڵدانی تەلیسکۆپی هابڵ بۆ بۆشایی ئاسمان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، لە ساڵی ١٩٩٦ بیرۆکەی دروستکردنی تەلیسکۆپی جەیمس وێب هاتە مێشکی زانایانی ناسا و وەک پێشنیازێک ناویان لێنا تەلیسکۆپی بۆشاییی ئاسمانیی نەوەی داهاتوو (بە ئینگلیزی: NGST). لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا دوای پەرەپێدانی زیاتر بە دیزاینی تەلیسکۆپەکە ناویان گۆڕی بۆ جەیمس وێب بە ناوی دووەمین بەڕێوەبەری دەزگای ناسا (بە ئینگلیزی: James Edwin Web). 

دوای چەندین ساڵ لە گەشەپێدان و دروستکردنی تەلیسکۆپەکە و چەند ساڵێک لە دواخستنی هەڵدانی تەلیسکۆپەکە، لە کۆتاییدا دوا تاقیکردنەوە بۆ تەلیسکۆپەکە ئەنجامدرا کە بەهۆی کەشتییەکی ئاسمانییەوە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٩/٢٦ تەلیسکۆپەکە کالیفۆڕنیای بەجێهێشت، کەناڵی پانامای تێپەڕاند و لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٢/١٠ گەیشتە هەرێمی گویەنی فەڕەنسی (بە ئینگلیزی: French Guiana) تا کاتی هەڵدانی لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٢/٢٥.

لە سەرەتای دەستکردن بە پڕۆژەکە تێچووی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یەک ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکە دانرابوو بەڵام دوای زیاتر لە بیست ساڵ کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تێچووەکەی بە نزیکەیی گەیشتە ١٠ ملیار دۆلار و بە یەکێک لە پڕتێچووترین پڕۆژەکان دادەنرێت.

ئەرکی تەلیسکۆپەکە

تەلیسکۆپی جەیمس وێب دوای ٢٧ خولەک و ٧ چرکە لە هەڵدانی، لە موشەکی ئاریان جیا دەبێتەوە و ماوەی مانگێکی پێویستە بۆ ئەوەی ١,٥٠٠,٠٠٠ (ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار) کیلۆمەتر لە زەوییەوە ببڕێت و له خولگەکەی خۆیدا جێگیر ببێت کە خولگەی لاگرانژ ئێڵ دووە (بە ئینگلیزی: Lagrange L2) لە کۆمەڵەی خۆر و زەویدا. 

تەلیسکۆپەکە دوای شەش مانگ دەست دەکات بە کارکردن و ماوەی پێنج ساڵ بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی دانراوە بەڕووکەش و ئامانجی مانەوەی لە بۆشاییدا دە ساڵە بۆ تەواوبوونی هەموو ئەرکەکانی. 

ئامانجی تەلیسکۆپی جەیمس وێب بەهۆی لێکۆڵینەوە لە تیشکی خوارسوور دێتە دی لەجێی لێکۆڵینەوە لەو تیشکانەی لە بەشە بینراوەکەی شەبەنگی ڕووناکین وەکوو تیشکی سەرووبنەوشەیی کە لە تەلیسکۆپەکانی تردا دەبینران وەکوو تەلیسکۆپی هابڵ. جەیمس وێب توانای بینینی کۆمەڵێک تیشکی ڕووناکی هەیە، لە تیشکی پرتەقاڵی بە درێژی شەپۆڵی ٠,٦ مایکرۆمەتر تاوەکوو تیشکی خوارسوور بە درێژی شەپۆڵی ٢٨٫٣ مایکرۆمەتر. 

ئامانجەکان

- گەڕان بەدوای تیشکی یەکەمین گەلەئەستێرە و ئەستێرەکان کە لە گەردووندا دروست بوون لەدوای بیگ بانگەوە (بیردۆزی بیگ بانگ لەبارەی ئەوەیە کە بەر لە چەندین ملیار ساڵ، گەردوون لەدوای تەقینەوەیەکی مەزنەوە بەدی هاتووە).

- لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە دروستبوون و گەشەکردنی گەلەئەستێرەکان.

- تێگەیشتن لە دروستبوونی ئەستێرەکان و کۆمەڵە هەسارەیییەکان.

- لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵە هەسارەیییەکان و سەرچاوە و بنەڕەتی ژیان.

پێشبینی دەکرێت کە تەلیسکۆپی جەیمس وێب کارێکی بێوێنە ئەنجام بدات و نهێنی سەرەتای دروستبوونی گەردوون ئاشکرا بکات، زانیاری بەردەست بخات لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر و ئەستێرە و گەلەئەستێرە کۆن و دوورەکان و دۆزینەوەی هەسارەی تر کە ژیانیان تێدا بکرێت.


سەرچاوەکان



1174 بینین