گرێبەستی زیرەک

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2023-02-15-23:24:00 - کۆدی بابەت: 11022
گرێبەستی زیرەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرێبەستی زیرەک (بە ئینگلیزی: smart contract، بە عەرەبی: عقد ذكي) وەک هەر گرێبەستێکی ئاسایی وایە، کە کۆمەڵیک مەرجی تێدایە کە دوولایەن ڕێکدەکەون لەسەری، بەڵام بە پێچەوانەی گرێبەستێکی ئاسایی، مەرجەکانی گرێبەستی زیرەک وەک کۆدێک جێبەجێ دەکرێن کە لەسەر بڵۆکچەین کاردەکات.

گرێبەستە زیرەکەکان ڕێگەدەدەن بە ئەنجامدانی مامەڵە و ڕێککەوتنی متمانەپێکراو لە نێوان دوو لایەن یان چەند لایەنێکی جیاواز بەبێ ئەوەی پێویست بە بوونی دەسەڵاتی ناوەندی، سیستەمێکی یاسایی، یان میکانیزمێکی جێبەجێکردنی دەرەکی هەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەی گرێبەستە زیرەکەکان لەسەر بڵۆکچەین کاردەکەن، ئاسایش و متمانەپێکردنێکی بێ سنوور پێشکەش دەکەن.

وشەسازی

گرێبەستی زیرەک بۆ یەکەمجار لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا لەلایەن نیک سزابۆ (Nick Szabo)وە پێشنیارکرا، کە ئەم زاراوەیەی داهێنا و پاشان بەکاریهێنا بۆ ئاماژەکردن بە "کۆمەڵێک بەڵێن و مەرج، کە بە شێوەی دیجیتاڵی دیاریکراون و نووسراون، هەروەها ئەو پڕۆتۆکۆڵانەی کە لایەنەکان بەڵینیانداوە بە ئەنجامدانی".

گرێبەستە زیرەکەکان چۆن کاردەکەن؟

گرێبەستە زیرەکەکان بە پەیڕەوکردنی کرداری سادەی "ئەگەر/کاتێک...ئەوا..." کاردەکەن کە بە شێوازی کۆد لەسەر بڵۆکچەین نووسراون و تۆڕێک لە کۆمپیوتەرەکان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کردارەکان کە داوایانلێکراوە، کاتێک دەزانێت کە مەرجە پێشوەختە دیاریکراوەکان جێبەجێکراون، کە ئەو کردارانە دەکرێت ناردنی پارە، تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل یاخوود ناردنی ئاگادارکردنەوەبێت. کاتێک ئەم مامەڵەیە ڕودەدات بڵۆکچەینەکە نوێدەبێتەوە و زانیارییە نوێیەکان تۆماردەکرێن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە مامەڵەکە ناگەڕێندرێتەوە و دەستکاری ناکرێت، هەروەها تەنها ئەو لایەنانەی کە ڕێگەیانپێدراوە دەتوانن زانیارییەکانی ئەم مامەڵەیە ببینن.

لە گرێبەستی زیرەکدا دەکرێت چەندین مەرج هەبێت کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بەکارهێنەرەکە، هەروەها دڵنیابوونەوەی لە ئەنجامدانی داواکارییەکەی.

گرێبەستی زیرەک دەتوانرێت لەلایەن پڕۆگرامەرێکەوە دابڕێژرێت و بنوسرێت، بەڵام تادێت ئەو ڕێخراوانەی کە بڵۆکچەین وەک بازرگانی بەکاردەهێنن هەستاون بە دروستکرنی قاڵب، ڕووکاری وێب و چەندین پێداویستی تری ئۆنلاین، بەمەبەستی ئاسانکردنی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی گرێبەستی زیرەک.

سوودەکانی گرێبەستی زیرەک

خێرایی کارایی وردبینی

لە گرێبەستی زیرەکدا کاتێک دەبینرێت کە مەرجەکان گونجاو و لەبارن ئەوا دەستبەجێ گرێبەستەکە جێبەجێ دەکرێت، چوونکە گرێبەستە زیرەکەکان بەشێوازی دیجیتاڵین و هیچ کەرەستەیەکی فیزیکی وەک کاغەز بەکار نایەت، بۆیە کات بەفیڕۆ ناچێت بۆ دڵنیاکردنەوە و گەڕان بەدوای هەڵەکان کە زۆرجار لە گرێبەستی ئاساییدا ڕوودەدات، هەروەها لەچآو گرێبەستە ئاساییەکاندا کاتێکی زۆر کەمتری پێدەچێت بۆ جێبەجێکردن.

متمانە و شەفافیەت

لەبەر نەبوونی لایەنی سێهەم لە گرێبەستی زیرەکدا، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو مامەڵانەی ئەنجامدەرێت لای ئەو لایەنانەی گرێبەستەکە دەکەن ئاشکرا و دیارن، پێویست ناکات دوودڵی یاخوود بێمتمانەیی هەبێت لەوەی کە ئایا گرێبەستەکە دەستکاری کراوە یان نا.

ئاسایش

مامەڵە تۆمارکراوەکانی ناو بڵۆکچەین بەنهێنیکراون، کە ئەمەش وا دەکات هاککردنی زۆر قورس بێت، شایانی باسە هەر تۆمارێک لە بڵۆکچەیندا بەستراوەتەوە بە تۆمارەکانی پێشخۆیەوە، بۆیە پێویستە هاککەر یەک زنجیرەی تەواو لە بڵۆکچەینەکە بگۆڕێت بۆ ئەوەی تەنها دەستکاری یەک تۆمار بکات.

پاشەکەوتکردن

لەبەر ئەوەی گرێبەستە زیرەکەکات پێویستی بە ناوەند نییە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکان، بۆیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی خایانراو و تێچوو.


سەرچاوەکان



616 بینین