ناوهڕۆك
ناساندن
ڕاڤەی هێما و ژمارەکانی کۆمپیوتەر (بە عەرەبی: وصف رموز وأرقام الكمبيوتر، و بە ئینگلیزی: Description of computer symbols and numbers) لە ناو کۆمپیوتەردا هەریەکە لەو هێما و ژمارانەی هەمانە بۆ مەبەستێک و واتایەکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت و هەریەکەو پێناسەیەکی تایبەتی هەیە و بە زاراوەیەک دەناسرێتەوە.
ناساندنی هێماکان
١- هێمای پەیژە، هاش Sign #
لە هەندێک لە زمانەکانی بەرنامەداڕشتندا بە هێمای ژمارە (Number sign) ناودەبرێت.
٢- هێمای دۆلار Sign $
- وەکوو لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت (dollar sign) ئاماژەیە بە دراوی دۆلار.
- ئاماژەیە بۆ ژمارەی شانزەیی (Hexadecimal)، بۆ نموونە (4E0$) واتە ژمارە (4E0) لە سیستەمی ژمارەی شانزە.
- لە سیستەمی لینێکسدا وەکوو پێشگر بۆ ناوی گۆڕاو (Variable) لە شێڵدا (Shell)بەکاردەهێنرێت.
٣- ئالوول، هێمای ئیمەیل (At sign)@
- هێمای ئالوول کە لە ئینگلیزیدا بەرانبەرە بە وشەی (at) لە کوردی بەرانبەرە بە ("لە")، بەشێوەیەکی گشتی لە ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیدا (Email) بەکارهێنراوە. کاتێک دەنووسین (sumaya@zkurd.org) واتە ناونیشانی سومەیە لە زکورد. هێمای (@) بێجگە لەو واتایە جیاکەرەوەی ناوەکەیە لە ناوی دۆمەین و ساڵی ١٩٧١ بۆ یەکەمین جار لەلایەن (Roy Tomlinson) بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراوە.
- لە (Twitter)دا بۆ دەستنیشانکردنی ناوی ئەندامان بەکارهێنرا، کاتێک دەنووسین (kurditgroup@) واتە ئەندامێکی تویتەر بەناوی (kurditgroup).
٤- ئەستێرە-خاڵ-ئەستێرە *.*
لە کارکردنی فایلەکاندا، ئاماژە بۆ هەموو فایلێک (file) دەکات، بێگوێدانە ناو و جۆری درێژکراوەکەی. ئەم ئاماژەیە لە گەڕان بەدوای فایلەکاندا دەبینرێت.
ناساندنی ژمارەکان
١- 1GbE (Gigabit Ethernet)
پێوانەییەکی (ئێسەرنێتە)، کە توانای گواستنەوەی (یەک گێگابت/چرکە)ی هەیە. لە بەستنەوەی خێرادا بەکاربراوە، لەپەیوەندی خاڵ بۆ خاڵدا بەتوانای دوو ئاڕاستەی (full duplex) کار دەکات و لە دەوروبەری (CSMA/CD) هاوبەشیشدا لە ڕێگەیی تۆپە (hub)وە بەیەک ئاڕاستەی کار دەکات.
٢- 10GbE (10 Gigabit Ethernet)
پێوانەیەکی ئیسەرنێتە، کە (١٠گیگابت/چرکە)دا دەگوێزرێتەوە. ئەم پێوانەییە تەنها بە دوو ئاڕاستە کار دەکات و پشتیوانی (CSMA/CD) ناکات.
٣- 10/100Ethernet
توانستی ڕایەڵی ناوخۆییە کە هەموو دامەزراوەیەک هەیەتی و بەکاری دەهێنێت، ١٠ ئاماژە بۆ (١٠ مێگابیت/چرکە)دا و ١٠٠ ئاماژەیە بۆ (١٠٠مێگابیت/چرکە)دا دەکات، هەردوو ڕێژەکە بەرفراوان بەکارچوون لە ڕایەڵەدا. کۆمپیوتەرە کۆنەکان و ڕایەڵە کۆنەکان بە (١٠مێگابیت/چرکە)کاردەکات، و کۆمپیەتەرە نوێیەکان و ڕایەڵە نوێیەکان بە (١٠٠مێگابیت/چرکە) کار دەکات.
٤- ٧/٢٤ 24/7
واتە هەموو کاتێک و بە بەردەوامی، ٢٤ کاژێر و ٧ ڕۆژ لە هەفتەدا.
٥- دوو دووریی، دوو ڕەهەندی 2D
یان (2Dimensional) بە واتای دوو دووریی یان دوو ڕەهەندی دێت. لێرەدا هەموو تەنێک بینایی دوو دووری (پانی، بەرزی) هەیە. (D2) شێوازێکە لە وێنەی دوو ڕەهەندیدا باکارهێنراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لاسایی سێ ڕەهەندی (D3) پێ بکرێتەوە.
٦- 2D Computer Graphics
مەبەست لەو وێنەسازییانەیە کە لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە واتە (بەشێوەی دیجیتاڵ) لەسەر بنچینەی دوولا-دوو ڕەهەندی- (two-dimensional) دروست دەکرێت.
٧- ناوبەستنی سێ دووری (٣ ڕەهەندیی) 3D API
ناوبەستێکی بەرنامەداڕشتنە بۆ دروستکردنی داوانامەی ٣دووری و هەروەها وێنەسازی ٣دووری باکاردەبرێت.
٨- 3D Computer Graphics
مەبەست لەو وێنەسازییانەیە کە لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە واتە (بەشێوەی دیجیتاڵ) لەسەر بنچینەی سێ لا (three-dimensional) دروست دەکرێن. زانیاری لەسەر هەرسێ دووریەکە ( پانی، بەرزی، قوڵی) لە وێنەکەدا هەڵدەگرێت.
٩- 3D Matrix
هەموو ئەندامێک لە ڕیزدا، کە سێ دووری هەبێت بە سێ گۆڕاوی جیا هەردانەو بۆ لایەکی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
١٠- 3D visualization
ئاماژە بۆ تەکنۆلۆجیایەک دەکات کە دەتوانێت سێ ڕەهەندی ڕاستەقینە لە کۆمپیوتەر، فیلم و تەلەفیزیۆندا نیشان بدات و بە چاپی بگەیەنێت.
١١- 64bit computer
بە کۆمپیوتەرێک دەوترێت کە یەکەی ناوەندی چارەسەرەکەی (CPU) لەسەر ٦٤بیت کار بکات.
١٢- 7-bit ASCIl
لە بنەڕەتدا بە (کۆدی ئاسکی) دەوترێت، کە تەنها ٧ بیتی بەکارهێناوە بۆ نواندنی ١٢٨ نووسەی جیاواز، کە لە سفرەوە تا ١٢٧ زنجیرە کراون.
١٣- 8-bit computing
ئاماژەیە بۆ یەکەی ناوەندی چارەسەر کە ٨بیت وەکو یەکەیەک بەکاردەهێنێت لە چارەسەرکردنی دراوەکاندا. یەکەم کۆمپیوتەری کەسی لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک: (Apple II، Z80) بەم شێوەیە بوون، هەموو ئەو جۆرانەش کۆچیان کرد بۆ ١٦بیت و پاشان بۆ ٣٢بیت، ئەمڕۆش ٦٤بیتیش بەربڵاووە.