خانمی مەرگ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-21:50:00 - کۆدی بابەت: 12403
خانمی مەرگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خانمی مەرگ یان لۆدمێلا پاڤیلیچینکۆ (بە عەرەبی: سیدة الموت، بە ئینگلیزی: Lady death) ئەم ناسناوە بریتییە لە ناونیشانی نیشانە شکێنێکی سۆڤێتی بەناوی لۆدمێلا پاڤیلیچینکۆ کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی لە ڕیزی نیشانە شکێنە خانمەکانی سۆڤێت دژی داگیرکاری ئەڵمانیای نازی بەرگری لە وڵاتەکەی کردووە، کە زیاتر بە داستانی سڤاستاپۆل ناسرا کاتێک بە یەک فیشەک توانی تانکەوانێکی ئەڵمانی بکوژێت واتا ئەو شۆفێرەی تانکەکە دەجووڵێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی تەقەکردن لە ئاوێنەی تانکەکە کە ئەستوورییەکەی چەند سەنتیمەترێکە. بە کۆی گشتی ٣٠٩ فاشیستی کوشتووە زۆرێک لە سەرچاوەکان دەڵێن لۆدمێلا هەرگیز هەڵەی نەکردووە لە تەقەکردندا واتا ٣٠٩  فیشەک کە تەقاندوویەتی بێ هەڵە هەموویان ئامانجەکانیان پێکاوە.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی ڕەسەن Людмила Михайлівна Павличенко 
ناوی تەواوی Lyudmila Mikhailovna Belova 
ناسناو خانمی مەرگ
بەرواری لەدایکبوون ١٦-٧-١٩١٦ 
شوێن بێلا سێرکڤا (ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا) لە ئێستادا سەر بە خاکی ئۆکرانیایە. 
مردن ١٠-١٠-١٩٧٤ لە تەمەنی ٥٨ ساڵی 
شوێن مۆسکۆ - یەکێتی سۆڤێت (ڕووسیا
وڵات یەکێتی سۆڤێت
خزمەت سوپای سوور 
ماوەی خزمەت ١٩٤١-١٩٥٣ 
پلەی سەربازی جێدار، لە بواری لێکۆڵینەوە و پلەی ڕائید لە هیزی دەریایی. 
ئەو یەکەی خزمەتی تیادا کردووە پۆلی ٥٤ بەناوی ستێنکا ڕاژین و یەکەی ٢٥ ی نیشانە شکێنان. 
ئەو جەنگانەی بەشداری تێداکردووە
  • جەنگی دووەمی جیهانی ١٩٤١-١٩٤٥ 
  • دوو ڕووبەڕوو بوونەوەش بەناوەکانی (ئۆدێسا و سڤاستاپۆل) ئەمانیش بەشێکن لە جەنگی دووەمی جیهانی. 
خەڵات پاڵەوانی یەکێتی سۆڤێت 
هاوژین
  • Aleksey Pavlichenko
  • Alexei 
  • Kitsenko 
کاری تر ئەندامی کۆمیتەی یەکێتی سۆڤێت بۆ کاروباری سەربازە دێرینەکانی سوپا

سەرەتای ژیان و خوێندن

لۆدمێلا بێلۆڤا لە بەرواری ١٢ـی تەممووزی ساڵی ١٩١٦ لە بێلا سێرکڤا لەدایکبووە. کە دەکەوێتە هەرێمی کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا، کە لەو ساتەدا ئۆکرانیا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانۆڤی ڕووسیا. باوکی لۆدمێلا ناوی میخائیل بێلۆڤ بووە و پیشەی دروستکەری قفڵ بووە و لەدایکبووی پیترۆگراد بووە. دایکیشی ناوی ئێلینا تریفمۆڤنا بێلۆڤا (١٨٩٧-١٩٧٢) خێزانەکەی ماڵیان گواستەوە بۆ کیڤ کاتێک لۆدمێلا تەمەنی ١٤ ساڵ بوو. 

لۆدمێلا کاتێک لە قوتابخانە بوو بەشداری کردبوو لە یانەی نیشانە شکاندن کە هەفتانە دەچوون بۆ شاری یاری کیڤ و لە پاڵ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش ڕاهێنانیان دەکرد لەسەر نیشانە شکێنی. یانەکە پێی دەوترا OSOAVIAKhIM. هەر ئەم یانەیە هۆکاری ئەوە بوو لە داهاتوودا لۆدمێلا هەرگیز هەڵە نەکات بە چەکەکەی دەستی و وردترین نیشانە بپێکێت کە ئەمەش لە سەروو مەحاڵەوە بوو. لەگەڵ ڕاهێنانەکانی توانی باجی sharpshooter بە دەست بهێنێت کە پێی دەوترا Voroshilov Sharpshooter لەگەڵ خەڵاتی marksman. کە هیچ هاوتەمەنێکی خۆی ئەم دوو خەڵاتەی نەبوو لە نیشانە شکێنی. 

هاوسەرگیری یەکەم

ساڵی ١٩٣٢ هاوسەرگیری کرد لەگەڵ ئالێکسی پاڤلیچینکۆ و بوونە خاوەنی کوڕێک بە ناوی ڕۆستیسلاڤ (١٩٣٢-٢٠٠٧) هەر چەندە دهاوسەرگیرییەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و جیابوونەوە و گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکی و ڕۆژانە لە کارگەیەکی گۆشت کاری دەکرد کە گۆشتیان دەکرد بە قیمە و شەوانیش لە قوتابخانە دەیخوێند. لە هەمان کاتدا لە کارگەی Kyiv Arsenal factory کاری دەکرد کە کارگەیەکی بواری میکانیک بوو. لە پاڵ هەموو ئەمانە سەرەڕای ئەوەی لە هاوسەرەکەی جیاببووەوە دەیتوانی پاش ناوی پاڤلیچینکۆ لا ببات بە پێی یاسا بەڵام ڕەتی کردەوە لەبەر کوڕەکەی و تا ئەو کاتەی گیانی سپارد هەر بە (لۆدمێلا پاڤلیچینکۆ) ناسراو بوو. 

ساڵی ١٩٣٧ ناوی نووسی بۆ زانکۆی کیڤ، و لە بەشی مێژوو وەرگیرا، لە هەمان کاتدا خوێندکاران دەبوو بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک خزمەت بە بەشێک لە بەشەکانی سوپای سووری سۆڤێت بکەن. ئەویش وەک هەر خوێندکارێکی تر بەشداری لە یەکەی نیشانە شکێنیدا کرد. لە سەرەتادا گاڵتەی پێ دەکرا کە چۆن کچێک دەتوانێت ببێتە نیشانە شکێن لە دۆخی جەنگدا، بەڵام ئەو گوێی بەم قسانە نەدا و شەش مانگ ڕاهێنانی خۆی کرد و ئەزموونێکی باشی وەرگرت. 

جەنگی دووەمی جیهانی

لە مانگی حوزەیرانی ١٩٤١ پاڤلیچینکا تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو و چوارەم ساڵی بوو لە خوێندنی مێژوو لە زانکۆی کیڤ، لەو ساڵەدا بوو کە ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر سۆڤێت. لۆدمێلا لە ڕیزی دەستەی یەکەمی خۆبەخشانی شاری ئۆدێسا بوو بۆ چوونە ناو سوپا و بەرگری کردن لە وڵاتەکەیان. کاتێک پەیوەندی بە نووسینگەی دامەزراندنەوە کرد داوای کرد کە لە ڕیزی هێزی پیادە دامەزرێت هەرچەندە ئەمە دەستەی نووسینگەکەی شۆک کرد بەڵام لۆدمێلا سوور بوو لەسەر کارکردن لەو بەشەی سوپا.

لۆدمێلا لە پاڵ ٢٠٠٠ کچی تر، چوونە ڕیزی نیشانە شکاندن. کە لە مێژووی جەنگی دووەمی جیهانی دەستەی نیشانە شکێنە ئافرەتەکانی سۆڤێت ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە بەرگری کردن لە سۆڤێت. بەتایبەتیش لە مێژوودا ناوی لۆدمێلا و ڕۆزا شانینا زۆر دەبیستین کە هەردوو نیشانەشکێن بوون و لە هەمان یەکە بوون. لەم ٢٠٠٠ خانمە تەنها ٥٠٠ خانم بە زیندوویی مانەوە بەشێکیان لە ڕیزی پزیشکانی بەرەکانی پێشەوە بوون وەک یاریدەدەری پزیشکی کاریان دەکرد، بەشێکیان نیشانە شکێن بوون، بەشێکی تریان لە خواردنگەی سوپا کاریان دەکرد. 

لۆدمێلا لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێت " هاو پیشەکانم ژیانی ژنانەی خۆیان وەلاناو وەک پیاو دەژیان، بەشێک لەم خانمانە بەهۆی کاری سەخت گۆڕان لە هۆرمۆنی ژنانە ئێسترۆجین و پرۆجیسترۆن ڕوویدا و چیتر نە دەکەوتنە سووڕی مانگانەوە" لە مانگی ئابی ١٩٤١ فەرماندەی یەکەکەی پاڤلیچینکا نیشانە شکێنێکی جۆری Mosin–Nagant مۆدێل ١٨٩١ ی پێدا، ئەمیش بۆی خۆی بسەلمێنێت بۆ فەرماندەکەی دوو ئامانجی زۆر ماحاڵی پێکا کە یەکێکیان شۆفێری تانکێکی ئەڵمانییەکان بوو کەوا تەقەی کرد لە ئاوێنەی تانکەکە کەوا ئەستووری ئەم ئاوێنەیە نزیک بە ١٥ سەنتیمەترە. ئامانجی دووەم تانکەوانی سەر دۆشکەی تانکەکە بوو. 

لۆدمێلا دەڵێت "تەواوی ئامانجەکانم بە یەکەم لێدان کوشتووە" بەم جۆرە بێت ٣٠٩ فیشەک ٣٠٩ کەسی پێ کوشتووە. لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئۆدێسا بە ٢١ مانگ ١٨٧ فاشیستی کوشتووە. کە هیچ کەسێک نەگەیشتووە بەم ژمارەیە لە نێو خانمە نیشانە شکێنەکان، هەر لەبەر ئەمەش بوو ناسناوی "خانمی مەرگ"ی لێنراوە. بەهۆی ئەم پێوانەیەوە پلەی سەربازییەکەی بەرزکرایەوە بۆ سێرجنتی پێشکەوتوو، کە یەکەم خانم بوو ئەم پلەیە وەرگرێت. ساڵی ١٩٤٢ پلەی بەرز کرایەوە بۆ جێدار دوای ئەوەی کۆی ئامانجە پێکراوەکانی گەیاندە ٢٥٧ کوشتن. دواتر تا کۆتایی جەنگەکە ژمارەی کوشتنەکانی گەیاندە ٣٠٩ کوشتن کە لە نێویاندا ٣٦ نیشانە شکێنی فاشیست بوونیان هەبوو! کە یەکەم ئافرەت بوو بگاتە ئەو ڕێژەیە. 

لە مانگی حوزەیرانی ١٩٤٢ بەهۆی تەقینەوەی گولە هاوەنێک لە نزیکیەوە لە جەنگی سڤاستاپۆل بریندار بوو، فەرماندەی سوپای سوور بڕیاریدا لە ڕێگەی ژێر دەریایی بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت تا کاتی چاک بوونەوەی. بەهۆی ئەو برینداربوونە پێشنیارێک لە سەرۆک حزبی کۆمۆنیست "جۆزێف ستالین" پێشنیاری بۆ کرا کە نەگەڕێتەوە بەرەکانی پێشەوە بەڵکو وەک ڕاهێنەر دەست بە کار بێت و گەنجەکان فێری نیشانە شکاندن بکات. 

هاوسەرگیری دووەم

لەو کاتەی لە ڕیزی سوپا بوو بووە هاوڕێی سەربازێکی نیشانە شکێن بەناوی"ئالێکسی کاتاسینکۆ" هاوسەرگیریان کرد، لە جەنگێکدا بەهۆی گولە تۆپەوە بە سەختی بریندار بوو، دواتر بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا و پاڤلیچینکۆ دووبارە بە تەنها مایەوە. 

کارە دبلۆماسییەکانی پاڤلیچینکۆ

لۆدمێلا پاڤلیچینکۆ دوای دوور کەوتنەوەی لە سوپا چەند جارێک وەک نوێنەری سۆڤێت سەردانی وڵاتانی هاوپەیمانانی کردووە یان وەک شاندی یاوەری لەگەڵ نوێنەری سۆڤێت گەشتی گردووە بۆ ئەمریکا و لە کۆشکی سپیدا ماوەتەوە. لۆدمێلا دۆستی نزیکی خانمی یەکەمی ئەمریکا "ئیلینۆر ڕۆزڤڵت" هاوژینی فرنکلین دیلانۆ ڕۆزڤڵت بوو. سەرەتای کارکردنی وەک نێردە بۆ کەنەدا بوو و دواتر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەم گەشتەی بۆ ئەمریکا ڕاستەوخۆ چاوی بە سەرۆک و خانمی یەکەم کەوت، خانمی یەکەم دەیویست پاڵەوانەکانی سۆڤێت ببینێت کە دژی نازییەکان جەنگاون، کاتێک چاوی کەوت بە لۆدمێلا تووشی سەرسامییەکی زۆر بوو کاتێک وتی (لە هێزی پیادە و یەکەی نیشانە شکێنەکان کاردەکەم و ٣٠٩ فاشیستم کوشتووە) ئەم وتەیەی بووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەمریکا و هەموو ڕۆژنامەنووسەکان داوای واژۆیان لێ کرد و وێنەیان لەگەڵیدا گرت. 

لۆدمێلا باسی ئەو ئەزموونەی خۆی کردووە کە لە کۆنگرێسی ئەمریکا گوتاری دا بە زمانی ئینگلیزی دەڵێت: "ڕووسییەکان بە شێوازێکی جیاواز بە ئینگلیزی قسە دەکەن بەڵام لەو کاتەدا نەبوونی وەرگێڕی ڕووسی-ئینگلیزی وایکرد بە ئینگلیزی بدوێم، هەندێک سەرنجیان لەسەر جلوبەرگەکانم بوو دەیان وت لە ئەمریکا ئافرەتان هێندە داپۆشراو نین و بە گاڵتەجاڕی وەسفیان دەکرد هەندێکی تر لەسەر شێوازی ئاخاوتنم بە ئینگلیزی تووشی پێکەنین دەهاتن، بەڵام کاتێک باسی ئەزموونی شەڕکردنی خۆم بۆ کردن هەمووان بە قووڵی گوێیان گرتبوو، کاتێک تەواو بووم هەمووان هەستانە سەر پێ و چەپڵە ڕێزانیان کرد" هەروەها لە شیکاگۆ گوتارێکی تری دا لەبەردەم جەماوەرێکی فراوان وتی "من ناوم لۆدمێلا پاڤلیچینکۆیە، تەمەنم ٢٦ ساڵە و من ٣٠٩ فاشیستم بە نیشانە شکێنەکەی دەستم لەناو بردووە" ئەم گوتارەی پاڤلیچینکۆ هێندە دەنگی دایەوە کە لە ڕادیۆ بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ لە هەموو ویلاەتەکانی ئەمریکا پەخش کرا.

لە درێژەی کارە دپلۆماسییەکانیدا چەندین خەڵاتی پێدرا یەکێک لەوانە Golden scope کە لەو سەردەمەدا نیشانە شکێنەکانی ئەمریکا بەکاریان دەهێنا و لە پێکانی ئامانجەکان سوودیان لەم دووربینە وەرگرتووە، جگە لەوە دەماچەیەکی گرانبەهای لەلایەن خاتوو ئیلینۆر ڕۆزڤڵت پێدرا. کە ئێستا ئەم خەڵاتانە لە مۆزەخانە هەڵگیراون. لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٤٢ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا و چاوی بە خێزانی شاهانەی وڵات کەوت و شاژنی بینی لە کۆشکی بەکینگهام پاڵاس. لە دوای ئەم سەردانە، ئیتر وەک باسمان کرد بووە ڕاهێنەری نیشانە شکاندن و نەگڕایەوە بۆ شەڕ کردن لەسەر دەستی ئەو هەزاران کەس فێری نیشانە شکاندن بوون و نمەرەی باڵایان بەدەست هێنا لە تاقیکردنەوەکان. هەر لەبەر ئەم خزمەتە مەدالیای ئاڵتوونی پاڵەوانی سۆڤێتی بەدەست هێنا لەگەڵ دوو جاریش مەدالیای ڕەوتی لینینی وەرگرتووە.

دوای جەنگ، سەردەمێکی نوێ لە ژیانی پاڤلیچینکۆ

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لە ١٩٤٥ پاڤلیچینکۆ گەڕایەوە بۆ تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ و توانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە مێژوو بە دەست بهێنێت ئیتر دەستی کرد بە کارکردن وەک پسپۆڕی مێژوو وەک یاریدەدەری توێژەر لە بنکەی سەرەکی هێزی دەریایی سۆڤێت دەست بەکاربوو. کە لە نێوان ١٩٤٥-١٩٥٣ خزمەتی کرد. دواتر بووە ئەندامی کۆمیتەی سەربازە دێرینەکانی سۆڤێت وەک ئەندامێکی چالاک ناوی دەرکردبوو. ساڵی ١٩٥٧ ئێلێنۆر ڕۆزڤڵت بە سەردانێکی بۆ سۆڤێت ویستی لە نزیکەوە پاڤلیچینکۆ ببینێت بۆیە سەردانی کرد و بەیەکەوە چوونە سینەما و پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە " ئەو پاڤلیچینکۆیە نەبوو کە بە شانازییەوە باسی دەستکەوتەکانی دەکرد، تاڵەکانی قژی ماش و برنجی بوو، ڕوخسارێکی خەماوی تێدابەدی دەکرا!" مێژوونووسان دەڵێن مردنی هاوسەرەکەی لە کاتی جەنگدا زۆر کاریگەری لەسەری نەبوو بەڵام دوای جەنگ کە تەنها لەگەڵ کوڕەکەیدا ژیانی بەسەردەبرد زۆر نائومێدی کردبوو لە ژیان، بەردەوام مەی دەخواردەوە و ئاڵوودە ببوو بە کهول. هەر ئەمەش بووە هۆی مردنی لە ماوەیەکی کەمدا. 

مردن

لە بەرواری ١٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٤ بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا گیانی لە دەستدا و لە گۆڕستانی Novodevichy Cemetery نێژرا، گۆڕی کوڕەکەشی لە تەنیشت خۆیەتی کە ساڵی ٢٠٠٧ گیانی لە دەستدا. 

شانازییەکان و یادکردنەوەکانی لە دوای مردنی

هونەرمەندێکی کەنەدی بەناوی Woody Guthrie ئاوازی بۆ گۆرانی "خاتوو پاڤلیچینکۆ" داناوە وەک یادکردنەوە بۆ دەستکەوتەکانی ئەم خانمە نیشانە شکێنە. ساڵی ٢٠١٥ فیلمێکی سینەمایی بەرهەم هات بەناوی Battle for Sevastopol کە باسی لاوێتی و جەنگی دووەمی جیهانی و شەڕی سڤاستاپۆل و گوتارەکەی لۆدمێلا پاڤلیچینکۆ دەکات لە کۆنگرێسی ئەمریکا. ساڵی ٢٠١٨ کتێبێک بە زمانی ئینگلیزی لە بارەیەوە بڵاوکرایەوە بەناوی Lady death (خانمی مەرگ) ڕۆمانێک لە ساڵی ٢٠٢٢ بەناوی The Diamond Eye لەلایەن Kate Quinn نووسرا و بڵاوکرایەوە کە بە شێوەیەکی هونەری و ئەدەبی باسی پاڤلیچینکۆ دەکات. 

خەڵاتی ڕێزلێنان

  • مەدالیای ئاڵوونی پاڵەوانی سۆڤێت ساڵی ١٩٤٣ 
  • ڕەوتی لینین ١٩٤٢ و ١٩٤٣ 
  • مەدالیای پاڵەوانی سەربازی ١٩٤٢ و ١٩٥٣ 


سەرچاوەکان



63 بینین