ساینفێڵد (١٩٨٩)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-10-10:25:00 - کۆدی بابەت: 12842
ساینفێڵد (١٩٨٩)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زنجیرەی ساینفێڵد (بە عەرەبی: سينفيلد، بە ئینگلیزی: Seinfeld) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکییە لەجۆری سیتکۆم. لەلایەن لاری دەیڤد و جێری ساینفێڵدەوە بۆ تۆڕی NBC دروستکراوە. پەخشی زنجیرەکە لە پێنجی تەممووزی ساڵی ١٩٨٩ دەستی پێکرد و تا ١٤ی مایسی ١٩٩٨ بەردەوام بوو. زنجیرەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم بینەراندا تۆمارکراوە. ساینفێڵد بە یەکێک لە مەزنترین و کاریگەرترین سیتکۆمەکان دادەنرێت لە مێژوودا.

چیرۆک

زنجیرەکە باسی ژیانی جێری ساینفێڵد دەکات بە وەشانێکی خەیاڵی و دوور لە ڕاستی. هەروەها سەرنجی زنجیرەکە لەسەر ژیانی تاکەکەسی ئەو کەسایەتییەیە لەگەڵ سێ دانە لە هاوڕێکانی، کە بریتین لە نزیکترین هاوڕێی جۆرج کەستانزا، خۆشەویستی پێشووی ئیڵەین بێنز و دراوسێکەی بەناوی کۆزمۆ کرەیمەر. شوێنی ڕووداوەکان بەزۆری لە شوقەیەکدایە لە باڵەخانەیەک لە مانهاتن، نیویۆرک. چیرۆکی زنجیرەکە وا وەسپ دەکرێت کە "زنجیرەیەکە سەبارەت بە هیچ شتێک"، زیاتر سەرنجی ڕووداوەکان لەسەر ڕووداوە ئاسایییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە. لە ئەڵقەکانی سەرەتادا چەند دیمەنێکی نمایشی کۆمیدی تێدایە بەشێوەیەک کە کەسایەتیی ساینفێڵد بە پێوە دەوەستا و قسە و گاڵتەی خۆشی دەکرد، ڕووداوەکانی ناو ئەڵقەکانی بەکاردەهێنا.

ئەکتەرەکان

  • جێری ساینفێڵد بە کەسایەتی جێری ساینفێڵد
  • جوڵیا ڵوس درایفس بە کەسایەتی ئیڵەین بێنز
  • جەیسن ئەلێکساندەر بە کەسایەتی جۆرج کەستانزا
  • مایکڵ ڕیچاردس بە کەسایەتی کۆزمۆ کرەیمەر
  • وەین نایت بە کەسایەتی نومن

زانیاری گشتی

ژانەر

سیتکۆم، کۆمیدیای ڕەش

دروستکراوە لەلایەن

لاری دەیڤد، جێری ساینفێڵد

دەرهێنان

ئارت وۆڵف و پێنج کەسی تر

ئەکتەرانی بەشداربوو

جێری ساینفێڵد، جوڵیا ڵوس درایفس، مایکڵ ڕیچادس و جەیسن ئەلێکساندەر

ئاوازدانەر

جۆنەثن وۆڵف

زمان

ئینگلیزی

ژمارەی وەرزەکان

نـۆ

کاتی هەر ئەڵقەیەک

٢٢-٢٤ خوولەک

ژمارەی ئەڵقەکان

١٨٠

نمرە

٨،٩/١٠ لە پێگەی IMDB، ٨٩٪ لە پێگەی Rotten tomatoes

خەڵاتەکان

زنجیرەی ساینفێڵد براوەی ٧٤ خەڵاتە و پاڵێوراوی ١٨٦ خەڵاتی ترە. گرنگترین خەڵاتەکان بریتین لە:

١.ساڵی ١٩٩٤ بووە براوەی سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبز.

٢.بۆ ٦٨ خەڵاتی ئێمی پاڵێوراوە و تەنها ١٠ خەڵاتی پرایم تایمی ئێمی بردووەتەوە.

٣.نواندنکار جێری ساینفێڵد پێنج جار پاڵێوراوی باشترین نواندنکاری سەرەکی بووە لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا، بەڵام هیچیانی نەبردووەتەوە.

٤.خانمە نواندنکار جوڵیا ڵوس درایفس حەوت جار پاڵێوراوی باشترین نواندنکاری پاڵپشتی ئافرەت بووە بۆ زنجیرەیەکی کۆمیدی و تەنها یەک جار براوە بووە.

٦.نواندنکار ڕیچاردس پێنج جار پاڵێوراوی باشترین نواندنکاری پاڵپشت بووە بۆ ڕۆڵی کرەیمەر و سێ جار بردوویەتییەوە.

٧.نواندنکار ئالێکساندەر حەوت جار پاڵێوراوی باشترین نواندنکاری پاڵپشت بووە، بەڵام هیچیانی نەبردووەتەوە.

٨.زنجیرەی ساینفێڵد چوار جار بووەتە براوەی خەڵاتی بژاردەی بینەران.

کۆمەڵە زانیارییەک سەبارەت بە زنجیرەکە

١.لەسەرەتادا بڕیار بوو چیرۆکەکە بکرێت بە فیلمێکی یەک کاتژمێر و نیوی کۆمیدی بۆ تۆڕی NBC.

٢.ئاوازدانەر جۆنەثن وۆڵف لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەوەی ئاشکرا کرد، لەبەرئەوەی درێژی و بابەتی قسەکانی ساینفێڵد لە دەستپێکی ئەڵقەکاندا جیاواز بوو، هەر ئەڵقەیەک دەبوو ئاوازی مۆسیقای دەستپێکەکەی جیاواز بێت.

٣.یەکەمین و کۆتا گفتوگۆی زنجیرەکە هەمان شتن. لە ئەڵقەی یەکەمی زنجیرەکەدا جێری ڕەخنە لە جۆرج دەگرێت بەوەی کە شوێنی قۆپچەکانی کراسەکەی ڕێک نییە. لە کۆتا گفتوگۆی کۆتا دیمەنی ئەڵقەی کۆتاییشدا هەمان گفتوگۆ دووبارە دەبێتەوە.

٤.لە ساڵی ٢٠١٤دا جێری ساینفێڵد ئەوەی ئاشکرا کرد، دروشمی "زنجیرەیەک سەبارەت بە هیچ شتێک" هەرگیز مەبەستی ئەوان نەبووە و تەنها گاڵتەیەک بووە لە ئەڵقەیەکدا. لەڕاستیدا زنجیرەکە لەوە زیاترە.

٥.نواندنکار جەیسن ئەلێکساندەر سەرەڕای ئەوەی سکریپتەکەی بەلاوە کارێکی بلیمەتانە بووە، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبووە زنجیرەکە بتوانێت بەردەوام بێت و بینەری هەبێت.

٦.بەدرێژایی زنجیرەکە جێری پەیوەندی لەگەڵ ٦٦ کچدا دەبەستێت.

٧.لەبەرئەوەی لە ئەڵقەیەکی وەرزی سێیەمدا، جەیسن ئەلێکساندەر (جۆرج) هیچ ڕۆڵێکی نەبوو، هەڕەشەی کرد گەر جارێکی تر شتی وا ڕووبدات واز لە ڕۆڵەکەی دەهێنێت.

٨.لاری دەیڤد یاسایەکی دانابوو کە نابێت هیچ یەکێک لە کەسایەتییەکان فێرببن یاخود وانە لە کارە هەڵەکانیان وەربگرن، واتە هیچ گەشەیەکی کەسایەتیی بوونی نەبێت

٩.جێری ساینفێڵد ئۆفەرێکی ١١٠ ملیۆن دۆلاری تۆڕی NBC رەت کردەوە بۆ بەرهەمهێنانی وەرزی دەیەمی زنجیرەکە.

١٠.سپۆیڵ: کەسایەتی سوزن رۆسی دەستگیرانی جۆرج کەستانزا، لەلایەن نووسەرانەوە لابرا و ڕۆڵەکەی بە مردن کۆتایی هات چونکە ئەکتەرەکانی تر ئاسوودە نەبوون بە کارکردن لەگەڵیدا.

١١.کاتێک کەسایەتی کرەیمەر زیاتر ناوبانگی پەیدا کرد، لەگەڵ دەرکەوتنی بینەرە ئامادەبووەکان چەپڵەڕێزانیان دەکرد و ماوەیەکی زۆری دەخایاند، بۆیە کاستەکە سکاڵایان کرد لەوەی کە شێوازی کارەکانیان تێکدەدات. ناچار دەرهێنەرەکان داوایان لە بینەرەکان دەکرد زۆر چەپڵە لێ نەدەن لەکاتی هاتنە ناوەوەی کرەیمەردا.

١٢.نوکتەیەک هەبوو لەناو زنجیرەکەدا سەبارەت بەوەی جێری نازانێت نواندن بکات. ئەمە هەرلە ڕاستیدا مایەی نیگەرانی بوو بۆ بەرهەمهێنەرانی زنجیرەکە، بۆیە پێویستیان بە نواندنکاری ژن و پیاوی پاڵپشتی بەتوانا بوو، وەکوو جەیسن ئەلێکساندەر.

بۆچی ساینفێڵد یەکێکە لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین سیتکۆمەکان؟

سەرەڕای ئەوەی یەکەم ئەڵقەی ئەزموونیی ساینفێڵد لە پێنجی تەمموزی ساڵی ١٩٨٩ پەخشکرا، زنجیرەکە بەردەوام بوو لەوەی ببێتە کاریگەرترین سیتکۆم لە دیرۆکی تەلەڤیزیۆنیدا. ئەمانە کۆمەڵە هۆکارێکن وای کردووە ساینفێڵد یەکێک بێت لە بەناوبانگترینەکان:

١.کاتێک زنجیرەکە لە ساڵی ١٩٨٩دا پەخشکرا، سیتکۆمەکان هێشتا لە چوارچێوەی شێوازی کلاسیکی ساڵانی حەفتاکاندا بوون. ساینفێڵد ئەوەی خستە بەرچاو کە پێویست ناکات سیتکۆمەکان سەبارەت بە بابەتێکی ڕوژد بن و گێڕانەوەیەکی ڕێکیان هەبێت. لەجیاتی ئەوە ساینفێڵد سەرنجی خستە سەر وردەکارییە بچووکەکانی ژیانی چوار کەسی خۆپەرستی شاری نیویۆرک.

٢.ساینفێڵد گرنگی بەوە نەدا کە ئایا کەسایەتییەکان بەلای خەڵكەوە خۆشەویستن یان نا. بەڵکوو وای لە بینەران کرد هاوسۆزیان هەبێت بۆ کەسایەتییەکان بە پیشاندانی خراپترین تایبەتمەندییان. سەرەڕای هەموو ئەمانەش بینەران کەسایەتییەکانیان خۆش ویست.

٣. ساینفێڵد یەکێک بوو لەو زنجیرانەی کە دەرفەتێکی دا بە کەسایەتی مێ تا بتوانێت وەکوو سروشتی خۆی دەربکەوێت و کەسایەتییەکە نەبوو بە چیرۆکێکی لاوەکی خۆشەویستی. ئیڵەینیش وەکوو هەریەکە لە کەسایەتییە نێرەکان کاری جۆراوجۆری دەکرد و ژیانێکی سۆزداری شکستخواردووی هەبوو.

٤.زنجیرەی ساینفێڵد کۆتایی بە سیتکۆمی فرە-کامێرا هێنا. سیتکۆمی فرە-کامێرا ماوەیەکی زۆر ستاندارد بوو لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکاندا. کاتێک سیتکۆمێک وێنەی دەگیرا چەند کامێرایەک لە چەند شوێنێکدا جێگیر دەکران و دیمەنەکان وێنەیان دەگیرا. لەگەڵ بەردەوامبوونی زنجیرەکەدا ساینفێڵد و دەیڤد دیمەنی زیاتری تاک-کامێرایان تۆمار دەکرد.

٥. لە کۆتایی وەرزی حەوتەمدا لاری دەیڤد وازی هێنا لە کارەکەی، ساینفێڵد خۆی بە تەنها دوو وەرزی کۆتایی بەڕێوەبرد. لە کۆتایی وەرزی نۆدا کۆتایی پێهێنا و خۆیشی ئاماژەی پێداوە کە پەشیمان نییە لەو کارەی.


سەرچاوەکان



1392 بینین