ئەلاباما

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-07-19:51:00 - کۆدی بابەت: 10944
ئەلاباما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئەلاباما یان ئالاباما (بە ئینگلیزی: Alabama، بە عەرەبی: ألاباما)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی تێنسی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ جۆرجیا، لە باشوورەوە لەگەڵ فلۆریدا و کەنداوی مەکسیک و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ میسیسیپی هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٠ـیەم گەورەترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٢٤ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. هەروەها، ئەلاباما بەهۆی بوونی جۆرە باڵندەیەکی بچکۆلەی ئەورووپی لە ناوچەکەدا نازناوی "ویلایەتی سەرزەرە"ـەی لێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەلاباما بە "دڵ یان ناوەندی دیکسی" و "ویلایەتی لۆکە"ـیش ناسراوە. درەختی ئەلاباما جۆرە سنەوبەرێکی گەڵا درێژە و گوڵی ویلایەتەکە كەميليایه. پایتەختی ویلایەتی ئەلاباما مۆنتگۆمێرییە و گەورەترین شاری بەپێی ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەر شاری هانتسڤیلە. سەرەڕای ئەوەش، کۆنترین شاری ویلایەتەکە شاری مۆبایلە، کە لە ساڵی ١٧٠٢ـدا و لەلایەن کۆلۆنیالیستە فەڕەنسییەکانەوە وەک پایتەختی لویزیانای فەڕەنسا دامەزرا. بێرمینگهامی گەورە گەورەترین گەورەناوچە و ناوەندی ئابووریی ویلایەتی ئەلابامایە. ئەم ویلایەتە لە ١ـی کانوونی یەکەمی ١٨١٩ وەکوو ٢٢ـەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی ئارکانساس ١٣٥,٧٦٥ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٣١,٤٢٦ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٤,٣٣٨ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٣,٢٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٣٨,٤ کەس و لە پلەی ٢٧ـی وڵاتدا بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئەلاباما لە ١ـی نیسانی ٢٠٢٠ـدا ٥,٠٢٤,٢٧٩ کەس بوو، ئەم ژمارەیەش لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ٥,١٢٪ زیادی کردووە. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی سروشتییەوە ١٢١,٠٥٤ کەس (کە ٥٠٢,٤٥٧ حاڵەتی لەدایکبوون و ٣٨١,٤٠٣ مردن تۆمارکرا) و ١٠٤,٩٩١ کەسیش بەهۆی کۆچەوە هاتوونەتە ویلایەتەکە. هەروەها ٢,٤٪ـی دانیشتووانی ئەلاباما لەدایکبووی بیانین و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووە ئەفریقییە ئەمریکییەکانی ویلایەتەکە لە پلەی پێنجەمی وڵاتدا بوو بەڕێژەی ٢٥,٨٪ـی کۆی دانیشتووانیان پێکهێنا.

ڕەگەز و نەتەوە

دیمۆگرافێرەکان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە لانیکەم ٢٠-٢٣٪ـی دانیشتووانی ئەلاباما بە ڕەچەڵەک ئینگلیزین و پێشیان وایە کە ڕەنگە لەو ڕێژەیەش زۆر زیاتر بن. لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٠ـدا لە کۆی ٢,٨٢٤,٧١٩ دانیشتوو ١,١٣٩,٩٧٦ کەس لە ئەلاباما ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە ڕەچەڵەک ئینگلیزن، کە بە ڕێژە ٤١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا و گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ئەوکاتە بوون. لە ساڵی ٢٠١١ـدا، ٤٦,٦%ـی دانیشتووانی بچووکتر لە یەک ساڵی ویلایەتەکە لانیکەم دایک یان باوکیان سپی پێستی ناهیسپانی نەبوو. گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ئەلاباما بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٨ بریتین لە:

  • ئەمریکی: ١٣,٤٪
  • ئێرلەندی: ١٠,٥٪
  • ئینگلیزی: ١٠,٢٪
  • ئەڵمانی: ٧,٩٪
  • سکۆتلەندی-ئیرلەندی: ٢,٥٪

سکۆتلەندییە-ئیرلەندییەکان گەورەترین گرووپی کۆچبەری نائینگلیزی بوون کە لە بنەڕەتدا و پێش شۆڕشی ئەمریکا لە دوورگەکانی بەریتانیا نیشتەجێبوون، زۆربەیان لە بەشی باشووری ویلایەتەکە جێگیربوون و دواتر گواستیانەوە بۆ ناوچەکانی باشووری قووڵ.

زمان

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا زۆربەی زۆری دانیشتووانی ویلایەتی ئەلاباما (٩٥,١٪ـی دانیشتووی پێنج ساڵ و سەرووتر) لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد. بەپێی زانیارییەکانی هەمان ساڵ، زمانە نائینگلیزییە قسەپێکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتین لە:

  • ئیسپانی: ٢,٢٪
  • ئەڵمانی: ٠,٤٪
  • فەڕەنسی: ٠,٣٪
  • زمانەکانی چینی، ڤێتنامی، کۆری، عەرەبی، ئەفریقی، ژاپۆنی و ئیتاڵی پێکەوە: ٠,١٪

ئایین

لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠٠٨ـی ئەمریکادا هاتووە کە ٨٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئەلاباما مەسیحیین، لەنێویاندا ٦٪ـیان کاسۆلیکی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ١١ـی دانیشتووان بێ ئایین بوون. ئایینییە پەیڕەوکراوەکانی تری دانیشتووانی ویلایەتەکه بریتین لە ٠,٥٪ مۆرمۆن، ٠,٥٪ جوولەکە، ٠,٥٪ مسوڵمان، ٠,٥٪ بوودی و ٠,٥٪ هیندۆس.

ئەلاباما دەکەوێتە ناوەڕاستی پشتێنەی کتێبی پیرۆز، کە ناوچەیەکە تێیدا زۆرینەی دانیشتووانەکەی پرۆتستانتن. ئەلاباما وەکوو یەکێک لە ئاییندارترین ویلایەتەکانی ئەمریکا دەستنیشان کراوە و نزیکەی ٥٨٪ـی دانیشتووانەکەی بە بەردەوامی لە کڵێساکاندا ئامادەن. زۆرینەی خەڵکی ویلایەتەکە خۆیان بە پرۆتستانتی ئینجیلی دەناسێنن. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، سێ گەورەترین گرووپی ئایینی بریتی بوون لە کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور، کڵێسای یونایتد میتۆدیست و پرۆتستانتی ئینجیلی نائایین. هەروەها ژمارەی مسوڵمانان لە ئەلاباما لە زیادبووندایە و لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٣١ مزگەوت لە ویلایەتەکەدا دروستکران، زۆربەی ئەم مزگەوتانەش لەلایەن مسوڵمانە ئەفریقییە ئەمریکییەکانەوە دروستکران.

تەندروستی

لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی ویلایەتی ئەلاباما ٧٥,١ ساڵی و لە خوار تێکڕای نیشتمانییەوە بوو کە ٧٨,٧ ساڵی بوو. ئەو هۆکارانەی کە دەتوانن ببنە هۆی کەمبوونەوەی تەمەنی چاوەڕوانکراو بریتین لە مردنی دایکان بەهۆی سکپڕی و منداڵبوونەوە، خۆکوشتن و ئەو تاوانانەی بە دەمانچە و چەک دەکرێن.

توێژینەوەیەکی سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستنی نەخۆشی لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ئەوەی دەرخست کە قەڵەوی یەکێکە لە کێشەکانی ئەلاباما، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە ٢٩٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی زۆربەی هەرێمەکان قەڵەون، جگە لە دە هەرێم کە ڕێژەی قەڵەوی دانیشتووانەکانیان لە نێوان ٢٦٪ و ٢٩٪ـدا بوو. هەروەها ویلایەتەکه و بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی، بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی وڵاتیان تێدا تۆمار دەکرێت و زیاتر ١٠٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی ویلایەتەکە نەخۆشی شەکرەیان هەیە.

ئابووری

ئابووری ئەلاباما پشت بە ئۆتۆمبێل، دارایی، گەشتیاری، بەرهەمهێنان، فڕۆکەوانی، دەرهێنانی کانزا، چاودێری تەندروستی، پەروەردە، بازرگانی وردە و تەکنەلۆجیا دەبەستێت. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی شیکاری ئابووری ئەمریکا، تێکڕای بەرهەمی گشتی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ١٧٠ ملیار دۆلار و داهاتی تاکەکانی ٢٩,٤١١ دۆلار بوو.

کەشوهەوا

بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای ویلایەتی ئەلاباما نیمچە خولگەیی شێدارە و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٨ پلەی سەدییە. پلەکانی گەرما لە بەشی باشووری ویلایەتەکە و نزیک لە کەنداوی مەکسیک گەرمترە، لە کاتێکدا بەشەکانی باکووری ویلایەتەکە، بەتایبەتی لە زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان لە باکووری ڕۆژهەڵات، کەمێک ساردترە. بەگشتی هاوینی ویلایەتەکە زۆر گەرمە و زستانی مامناوەندە، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و ساڵانە بە تێکڕایی ١,٤٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

هاوینی ئەلاباما لەنێو گەرمترینی ئەمریکادایە و تێکڕای پلەی گەرمی بەرز بەدرێژایی هاوین و لە هەندێک ناوچەی ویلایەتەکەدا ٣٢ پلەی سەدیە. زستانی ئەلاباما وەکوو تەواوی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگشتی مامناوەندە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم لە مانگی کانوونی دووەمدا لە دەوروبەری ٤ پلەی سەدی لە شاری مۆبایل و لە دەوروبەری سفر پلەی سەدی لە بێرمینگهام. هەرچەندە بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتی ئەلاباما شتێکی دەگمەنە، بەڵام لە ناوچەکانی باکووری مۆنتگۆمێریی پایتەخت ڕەنگە هەموو زستانێک کەمێک بەفر ببارێت. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم ویلایەتەدا ٤٤ پلەی سەدیە کە لە ٥ـی ئەیلوولی ١٩٢٥ـدا تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٣- پلەی سەدیە کە لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٦٦ـدا تۆمارکرا. جگە لەوەش زۆرترین گەردەلوولی F5 (گەردەلوولی F5: خێرایی با لە نێوان ٤٢٠ بۆ ٥١٢ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا) و EF5 (گەردەلوولی EF5: خێرایی با ٣٢٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدان) لەم ویلایەتە و ویلایەتی ئایۆوا و ئۆکلاهۆمادا ڕوودەدات و ڕەشەبای بروسکاوی لە باشووری ویلایەتەکە باوە.


سەرچاوەکان



305 بینین