میسیسیپی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-16-23:10:00 - کۆدی بابەت: 10919
میسیسیپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی میسیسیپی (بە ئینگلیزی: Mississippi، بە عەرەبی: مسيسيبي)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە ٣٢ـەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکا و ٣٥ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی وڵاتەکەیەتی. ژمارەی دانیشووانی میسیسیپی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی سێ ملیۆن کەس بوو و چڕی دانیشتووانەکەشی ٢٤٫٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها داهاتی تاکەکانی کەمترینی نێو ویلایەتەکانی وڵاتەکەیەتی. پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە جاکسەنە. گەورەشاری جاکسەن قەرەباڵغترین گەورەناوچەی ویلایەتەکەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٥٩١٫٩٧٨ کەس بوو.

لەڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی میسیسیپی لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی تێنێسی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەلاباما، لە باشوورەوە لەگەڵ کەنداوی مەکسیک، لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ لویزیانا و لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ئەرکەنسا هاوسنوورە. سنووری ڕۆژاوای میسیسیپی زۆرجار بە ڕووباری میسیسیپی دەناسرێت. ڕووبەری ویلایەتەکە ١٢٥٫٤٤٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٢١٫٦٠٧ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣٫٩٤٠ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٣٪ـی ڕووبەری گشتی ئاوییە. هەروەها درێژی میسیسیپی ٥٤٥ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٢٧٥ کیلۆمەترە. سەرەڕای ئەوەش، میسیسیپی بەتەواوی لە ناوچە نزمەکان پێکهاتووە، بەرزترین خاڵ لە ویلایەتەکەدا شاخی ووداڵ (Woodall)ـە، کە ٢٤٦ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە، نزمترین خاڵ ئاستی دەریایە لە کەناری کەنداو. میسیسیپی کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە.

مێژووی ویلایەتەکە

لە ١٠ـی کانوونی یەکەمی ١٨١٧ـدا میسیسیپی بوو بە بیستەم ویلایەتی ئەمریکا. لە ساڵی ١٨٦٠ـدا بەرهەمهێنەری سەرەکی لۆکەی وڵاتەکەی بوو و ٥٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە کۆیلەکان پێکهاتبوو. ویلایەتەکە لە ٩ـی کانوونی دووەمی ١٨٦١ جیابوونەوەی خۆی لە یەکێتییەکە ڕاگەیاند و یەکێک بوو لە حەوت ویلایەتە کۆنفیدڕاڵەکان کە گەورەترین ویلایەتە کۆیلەدارەکانی وڵاتن. دوای شەڕی ناوخۆ لە ٢٣ـی شوباتی ١٨٧٠ گەڕێنرایەوە بۆ یەکێتییەکە. هەتا کۆچە گەورەکەی ساڵانی ١٩٣٠ـیەکان، ئەمریکییە ئەفریقییەکان زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٧٫٦٪ـی دانیشتووانی میسیسیپی ئەمریکییە ئەفریقییەکان بوو. میسیسیپی بە یەکێک لە هەژارترین ویلایەتەکانی ئەمریکا مەزندە دەکرێت و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پشتبەستنی بە کشتوکاڵی لۆکە لە پێش و پاش شەڕی ناوخۆ. بەڵام پێش جەنگی ناوخۆیی، میسیسیپی یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا و سەرچاوەی دەوڵەمەندییەکەشی بەهۆی چاندنی لۆکەوە بوو کە بەدرێژایی ڕووبارەکانی ناوچەکە دەچێنرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی میسیسیپی لە سەرژمێری ساڵی ١٩٣٠ـی ئەمریکادا دوو ملیۆن کەس بوو، ئەم ژمارەیە هەتا سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هات و گەشتە ٢٫٩ ملیۆن کەس. میسیسیپی بە پێچەوانەی ئەلاباما و لویزیاناوە هێواشترین گەشەی دانیشتووانی لەنێو هەر سێ ویلایەتەکانی کەناری کەنداودا هەبوو.

ڕەگەز و نەتەوە

ئەمریکییە بە ڕەچەڵەک سکۆتلەندی-ئیرلەندی، ئینگلیز و سکۆتلەندییەکان لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا هەن. دەیڤد هاکێت فیچەر (David Hackett Fischer)ـی مێژووناس ٢٠٪ـی دانیشتووانی میسیسیپی بە ڕەگەز ئینگلیز دەخەمڵێنێت و ڕێژەیەکی گەورەی تری دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سکۆتلەندییەکان پێکدێن. هەردووکیان پێکەوە خۆیان بە ئەمریکی دەناسێنن چونکە بۆ ماوەی چەندین سەدە خانەوادەکانیان لە ئەمریکای باکوور ژیاون. لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی میسیسیپی ١٫٩٤٦٫٧٧٥ کەس بوو و لەو ژمارەیەش ٦٥٦٫٣٧١ دانیشتوویان بەڕەچەڵەک ئینگلیز بوون کە لەو کاتەدا ٣٨٪ـی دانیشتووانیان پێکدەهێنا.

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا میسیسیپی خاوەنی زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی ئەمریکی ئەفریقی بوو لە وڵاتدا. لەڕووی مێژووییەوە، لە سەدەی نۆزدەدا ئەمریکی ئەفریقییەکان یان وەکوو جوتیار خاوەنی زەوی بوون لە ویلایەتەکەدا یان لەسەر کێڵگەکانی لۆکە کاریان دەکرد. هەروەها سەرەتا لە ساڵانی ١٨٧٠ـدا چینییەکان ڕوویان لە میسیسیپی کرد و وەکوو کرێکار لە کێڵگەکانی لۆکەدا کاریان دەکرد. پاشان و لە ساڵانی نێوان ١٩١٠ و ١٩٣٠ـدا زۆربەی خێزانە چینییەکان هاتنە ویلایەتەکە و لە زۆربەی شارۆچکە بچووکەکاندا دووکانی میوەیان دادەنا. پاشان و لە سەدەی بیستەمدا زۆربەیان ڕوویان لە شارە گەورەترەکان کرد و لە سەدەی بیست و یەکدا ژمارەیان لە سەرتاسەری ویلایەتەکەدا زیادی کرد. جگە لەوانەش، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری ڤێتنامییەکان کۆچیانکرد بۆ میسیسیپی و ویلایەتەکانی سەر کەنداوی مەکسیک، لەوێ خۆیان بە ڕاوەماسییەوە خەریککرد و بەردەوامیان بە ژیاندا.

زمان

ئینگلیزی زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی میسیسیپیە و لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٩٦٫٤٪ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و بەرەوسەری ویلایەتەکە لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد. بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠ زمانە نائینگلیزییەکانی دانیشتووانی میسیسیپی بریتی بوون لە:

  • ئیسپانی: ١٫٩٪
  • فەڕەنسی: ٠٫٤٪
  • ئەڵمانی، ڤێتنامی و چۆکتاو: ٠٫٢٪
  • کۆری، چینی، تاگالۆگ و ئیتالی: ٠٫١٪

ئایین

مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی میسیسیپییە. بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٠ـی (ARDA)، کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور ٩٠٧٫٣٨٤ لایەنگری هەبوو و گەورەترین گرووپی ئایینی دانیشتووانی ویلایەتەکە بوو، بە دوای ئەویشدا کڵێسای یونایتد میتۆدیست و کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی دێن کە یەکەمیان خاوەنی ٢٠٤٫١٦٥ لایەنگر و دووەمیان خاوەنی ١١٢٫٤٨٨ لایەنگر بوو. بەپێی زانیارییەکانی هەمان ساڵ، ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلام ٥٫٠١٢ کەس، ئایینی هیندۆسی ٤٫٣٨٩ و ئایینی بەهایی ٨١٦ کەس بوو. ڕاپرسییە گشتییەکان ویلایەتی میسیسیپیان بە ئاییندارترین ویلایەتی ئەمریکا داناوە چونکە ٥٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە خۆیان بە زۆر ئاییندار دەدەن لە قەڵەم. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە و ڕێژەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • پرۆتستانت: ٦٧٪
  • کاسۆلیکی: ١٢٪
  • مەسیحییەکانی تر: ١٪
  • بێ ئایین: ١٥٪
  • ئایینەکانی تر: ١٪

بەپێی پرسنامەیەکی گالۆپ لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا ٦٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هەفتانە دەچنە کڵێسا، لە کاتێکدا بەرزترین ڕێژەی تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکا ٤٢٪ و نزمترین ڕێژەش لە ویلایەتی ڤێرمۆنت تۆمارکرا کە ٢٣٪ بوو. ڕاپرسنامەیەکی گالۆپی تر لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ئەوەی دەرخست کە ٨٥٪ـی دانیشتووانی میسیسیپی ئایین بە بەشێکی گرنگی ژیانیان زانی، لە کاتێکدا تێکڕای نیشتیمانی ٦٥٪ـە.

کەشوهەوا

ویلایەتی میسیسیپی کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە و هاوینی درێژ، گەرم و شێدارە و زستانی کورت و مامناوەندە. تێکڕای پلەی گەرمی ویلایەتەکە نزیکەی ٢٧ پلەی سەدی لە تەممووز و نزیکەی ٦ پلەی سەدییە لە کانوونی دووەمدا. لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی لە تەواوی ویلایەتەکەدا کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام لە زستاندا ناوچەی نزیک گەرووی میسیسیپی گەرمترە لە بەشی ناوخۆیی ویلایەتەکە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٨- پلەی سەدی بوو کە لە ساڵی ١٩٦٦ـدا تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦ پلەی سەدی بوو کە لە ساڵی ١٩٣٠ـدا تۆمارکرا.

بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارین لە باکووری ویلایەتەکەوە بۆ باشوور زیاد دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناوچانەی نزیکترن لە کەنداوەکەوە زیاتر شێدارن. ساڵانە لە باکووری ڕۆژاوا نزیکەی ١٫٣٠٠ مللیمەتر و لە باشوور نزیکەی ١٫٥٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها لە بەشەکانی باکوور و ناوەڕاستی ویلایەتەکە بەفرێکی کەم دەبارێت و ناوبەناویش لە بەشی باشووری میسیسیپی دەبارێت. لە کۆتایی وەرزەکانی هاوین و پاییزدا مەترسی زریان لەسەر ویلایەتەکە هەیە کە لە کەنداوی مەکسیکەوە دێن. زریانەکانی ساڵی ١٩٦٩ و ٢٠٠٥ دوو لە توندترین و وێرانکارترین زریانەکانی ویلایەتەکەن کە بووە هۆی کوشتنی ٢٣٨ کەس. ساڵانە بە تێکڕایی ٢٧ گەردەلوول لە میسیسیپی ڕوودەدات و دوو لە پێنج گەردەلوولە کوشندەکانی ئەمریکا لەم ویلایەتەدا ڕوویانداوە.

ئابووری ویلایەتەکە

نوسینگەی شیکاری ئابووری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ویلایەتی میسیسیپی لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بە ٩٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندەکرد. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا گەشەی GDP لە سەدا پێنج و داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ٢٦٫٩٠٨ دۆلاری ئەمریکی بوو کە نزمترینی هەموو ویلایەتەکانی تر بوو. میسیسیپی زۆرجار لە نێو ویلایەتەکانی ئەمریکادا لە پێوەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و گەشەپێداندا لە نزمترین پلە و لە پێوەرەکانی هەژاریدا لە بەرزترین پلەدا پلەبەند دەکرێت. پیشەسازییە ئابوورییە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی میسیسیپی بریتین لە کشتوکاڵ و دارستانەوانی. ئەم ویلایەتە زیاتر لە نیوەی پشیلەماسی وڵاتەکەی بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمهێنەری سەرەکی پەتاتەی شیرین و لۆکە و تڵپەدار. پیشەسازییە سەرەکییەکانی تری میسیسیپی بریتین لە بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.


سەرچاوەکان



392 بینین