چارەسەری سەرەتایی لە کاتی کارەبا گرتندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-14-16:53:00 - کۆدی بابەت: 12507
چارەسەری سەرەتایی لە کاتی کارەبا گرتندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چارەسەری سەرەتایی لە کاتی کارەبا گرتندا (بە ئینگلیزی: First aid for electrical shock، بە عەرەبی: الإسعافات الأولية للصدمة الكهربائية) کارەبا گرتن بریتییە لە تێپەڕبوونی تەزووی کارەبا بە جەستەدا، ئەمەش کاتێک کە کەسەکە بەرکەوتنی لەگەڵ تەزووی کارەبا هەبێت ڕوودەدات. مەترسیی کارەبا گرتن لەسەر سەرچاوەی تەزوو، پەستانی کارەبا، چەنێک تەزووەکە بە جەستەدا تێپەڕیووە، تەندروستی کەسەکە و خێرایی چارەسەرکردنی کەسەکە بەند دەبێت. تەزووی کارەبا ڕەنگە ببێتە هۆی سووتان یان ڕەنگە هیچ نیشانەیەک لەسەر جەستەدا دروست نەکات. تێپەڕبوونی تەزووی کارەبا بە جەستەدا، دەکرێت زیان بە ئەندامەکانی جەستە بگەیەنێت و ببێتە هۆی وەستانی دڵ و برینداربوون. لەژێر هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە تەزووی کارەبا ئەگەر بڕێکی کەمیش بێت ببێتە هۆی مردن. هەر کەسێک کە دووچاری کارەبا گرتن ببێتەوە پێویستە چاوی بە پزیشک بکەوێت. 

  • دەست لەو کەسە مەدە کە کارەبا گرتوویەتی لە کاتێکدا بەرکەوتنی بە سەرچاوەی کارەباکە هەبێت.
  • بە زووترین کات پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بکە و نزیکەی شەش مەتر لەو شوێنە بە دوور بوەستە ئەگەر لە شوێنەکەدا وایار یان سەرچاوەی کارەبا هەبێت.
  • هەرگیز کەسەکە مەجووڵێنە، تەنها ئەگەر بارودۆخێکی ترسناک نەبێت.

پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بکە ئەگەر ئەم نیشانانەت بینی

  • سووتاویەکی زۆر
  • شێواوی
  • قورسی لە کاتی هەناسەداندا
  • کێشە لە لێدانی دڵدا
  • ئازاری ماسولکەکان
  • گەشکە یان فێ
  • لەهۆشخۆچوون

لە کاتی چاوەڕوانی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریدا ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدە

  • ئەگەر گونجا سەرچاوەی کارەباکە بکوژێنەوە، ئەگەر نا بە کەرەستەیەک کە کارەبا نەگەیەنێت سەرچاوەی کارەباکە دوور بخەرەوە.
  • بە زووترین کات بوژانەوەی دڵ (CPR) بۆ کەسەکە ئەنجام بدە، ئەگەر هیچ نیشانەیەکی وەک هەناسەدان، کۆکە و جووڵە نەبینرا.
  • ڕێگە مەدە کەسەکە سەرمای ببێت
  • پەڕۆیەکی پاک یان هەرشتێکی تر بەکاربهێنە تاکوو شوێنی سووتاوی ئەگەر هەبوو دابپۆشی. خاولی یان ئەو کەرەستانەی فایبەریان تێدایە بەکارمەهێنە، چونکە بە برینەکەوە دەنووسێت.
  • شوێنی سووتاوییەکانی بە ئاو ساردبکەرەوە، تاکوو بڕی سووتاوییەکە زیاد نەکات.
  • ئامۆژگاری کەسە زیان بەرکەوتووەکە بکە کە نەجووڵێت.
  • ئەگەر کەسەکە بێهۆش بوو باشترە سەری لە جەسەتەی بەرزتر بێت و قاچەکانیشی بەرزبکرێتەوە.

بەرکەوتن بە کارەبا دەبێتە هۆی

  • سووتان
  • فێ یان کەشکە
  • بێهۆشبوون
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • سەرئێشە
  • هەستکردن بە مێروولەکردن لە دەست و پێ یەکاندا

ڕەنگە هەندێک کەس هیچ نیشانەیەکی مەترسیداریان لەسەر جەستە نەبێت، یان ڕەنگە دووچاری ئازاری تێکشکاندنی شانەکانی جەستە ببنەوە. بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی کارەبا گرتن لە ماڵەوە ڕوودەدات، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە بەبەردەوامی سەیری سەرچاوەکانی کارەبای ماڵەوە بکرێت و لە باشی و خراپییان دڵنیا بن.

ئایا دوای کارەبا گرتن تەزووی کارەبا لە جەستەدا دەمێنێتەوە؟

کارەبا بە خێرایی ڕووناکی تێدەپەڕێت و ناتوانێت لەناو جەستەدا بمێنێتەوە، بەڵکوو بە جەستەدا تێدەپەڕێت. تێپەڕبوونی کارەبا بە جەستەدا ئەلیکترۆنەکان بارگاوی دەکاتەوە، کە دەتوانێت زیانی ناوەکی بە کەسەکە بگەیەنێت. بەشێوەیەکی گشتی کارەبا لە قاچەکانەوە دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەگونجێت لەهەر خاڵێکی تری جەستەوە بێت لەش جێبهێڵێت. 


سەرچاوەکان



65 بینین