ئامادەکاری و بەڕێکەوتن بۆ داگیرکردنی میسڕ و سووریا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-14-22:57:00 - کۆدی بابەت: 11284
ئامادەکاری و بەڕێکەوتن بۆ داگیرکردنی میسڕ و سووریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئامادەکاری و بەڕێکەوتن بۆ داگیرکردنی میسڕ و سووریا (بە عەرەبی: الاستعدادات والانطلاق لغزو مصر و سوريا، بە ئینگلیزی: Preparations and launch for the invasion of Egypt and Syriaلەو کاتەی کە فەڕەنسا بڕیاری لەم هێرشەدا دەسەڵاتی ڕەها لە دەستی (دایرێکتەرەکان بوو: کە دەستەیەکی ٥ کەسی بوون دوای شۆڕشی فەرەنسا حوکمی وڵاتەکەیان دەکرد). سوپا دەسەڵاتی تەواوی پێدرابوو بۆ سەرکووت کردنی لایەنگرانی پاشا. ناپلیۆن بۆناپارت کە تازە لە سەرکەوتنەکانی شەڕی ئیتاڵیای گەڕابووەوه وڵات یەکێک بوو لەو کەسانەی لە سوپادا دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو. 

پرسی داگیرکردنی میسڕ و ناوچەکانی دەوروبەری

پرسی داگیرکردنی میسڕ و ناوچەکانی نزیکی زۆر دەمێک بوو لە پلانی فەڕەنسییەکان دابوو. کاتێک (فرانسێس بارێت دی تۆت) سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی کرد لە ساڵی ١٧٧٧ ئەم بیرۆکەیەی لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ فەڕەنسا، کە ئەم ناوچانە گرنگییەکی زۆریان دەبێت ئەگەر بکرێنە داگیرکاری فەڕەنسا. بەرپرسانی فەڕەنسا هەر ئەو کات ئەو بیرۆکەیان زۆر پێ باش بوو، بەڵام دەستیان بە کارکردن نەکرد بۆی. دواتر ناپلیۆن و چارلس تالیارن دووبارە چاویان بڕیەوە ناوچەکە، کە خۆیان لە شەڕەکانی فەڕەنسا لە ئیتاڵیا بەردەوام لە پەیوەندی دابوون و پەیوەندیەکی چڕیان هەبوو. لە ساڵی ١٧٩٨ ناپلیۆن توانی باوەڕ بە (دایرێکت)ەکان بێنێت و بۆ ئەنجام دانی هێرشەکە،  داوای کرد دەست بکەن بە دامەزراندنی ڕێکخراوێک بە ناوی (ڕێکخراوی زانست و هونەری فەڕەنسی). ناپلیۆن دەیویست دەسکەوتەکان و سوودی بازرگانی بەریتانیا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بکات و زاڵ بێت بەسەر هەژموونی بەریتانیا لە ناوچەکە، دەیویست بە هاوکاری سوڵتان (تیپو) کە شانشینی (مەیسور)ی بەڕێوە دەبرد لە هیندستان ڕێکبکەوێت تا لەوێش بەسەر ولاتەکە زاڵ بێت، چونکە سوڵتان تیپو دژی هەژموونی بەریتانیا بوو لە ناوچەکە.  فەڕەنسا لەو کاتە ئامادەنەبوو جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ بەریتانیا بکات، بۆیە دایرێکتەرەکان بڕیاریاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵیان شەڕ بکەن ئەویش بە دروستکردنی گەرووی (سوێس) کە هەردوو دەریای سپی و سووری پێکەوە دەبەستەوە. 

میسر لەوەتەی ساڵی ١٥١٧ داگیرکاری عوسمانییەکان بوو، ئەگەر چی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەسەر وڵاتەکە نەبوو وە لەلایەن مەمالیکەکان حوکم دەکرا لەو کاتەدا. بیرمەندەکانی فەڕەنسا پێیان وابوو میسڕ لانکە و دەستپێکی شارستانیەتی ڕۆژاوا بووە و زۆر ئارەزوویان دەکرد کە داگیری بکەن. بازرگانە فەڕەنسیەکان هەمیشە گازندەی ئەوەیان دەکرد کە بە ڕووباری نیل تێدەپەڕن لەلایەن مەمالیکەکانەوە هەراسان دەکرێن. ناپلیۆن دەیویست مێژوو دووبارە بکاتەوە و ئەوەی ئەسکەندەری مەزن کردی دووبارەی بکاتەوە و ڕۆژهەلات داگیربکات. ناپلیۆن بە دایرێکتەرەکانی گووت (هەر کە میسڕم داگیرکرد پەیوەندی لەگەڵ شازادەکانی هیندستان دەبەستم و لەگەڵ ئەوان هێرش دەکەمە سەر ناوچەکانی بەریتانییەکان و لەناویان دەبەم لە ڕۆژهەلات). لە ڕاپۆرتێکی تالیارن هاتووە کە لە ١٤ی مانگی شوباتی هەمان ساڵ نووسیویەتی (دوای ئەوەی میسڕمان داگیرکرد و پێگەمان لەوێ بەهێزکرد دەبێت هێز بنێرین بۆ شانشینی مەیسۆر تا هاوکاری سوڵتان تیپو بکەین و ئینگلیز لە وڵاتەکەیان بە دەربنێین). دایرێکتەرەکان پلانەکەی ناپلیۆنیان لە مانگی ئادار پەسند کرد، هەرچەندە تۆزێک نیگەرانی تێچووی هێرشەکە بوون، بەڵام هەر پەسندیان کرد چونکە پێیان وابوو ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ناپلیۆن لە چەقی دەسەڵات کە لە فەڕەنسا بوو دووربخەنەوە کە چاوی بڕیبووە هێز و دەسەڵات و ناو و ناوبانگێکی زۆری هەبوو. 

ئامادەکاری و بۆ داگیرکردنی میسڕ و سووریا

بە پێی دەنگۆکانی ئەو سەردەمە، زیاتر لە ٤٠ هەزار سەرباز و ١٠ هەزار کەشتیوان لە بەندەری تۆڵۆن ئامادەکرابوون بۆ هێرشەکە.  ژمارەیەکی زۆر کەشتی بەشداربوون لە هەڵمەتەکە، کە پێکهاتبوون لە ١٣ کەشتی گەورە و ١٤ کەشتی بچووک، لەگەڵ ٤٠٠ گوێزەرەوە. فەڕەنسییەکان زۆر زیرەکانە پلانی هێرشەکەیان بە نهێنی هێشتەوە تا دووربکەونەوە لە پێکدادان لەگەڵ کەشتییەکانی بەریتانیا کە (نێلسۆن) سەرکردایەتی دەکردن. تەنها چەند کەسێکی کەم دەربارەی هێرشەکەیان دەزانی، ئەوانیش ناپلیۆن بۆناپارت، بێرزیەر، کافەرێلی، بیرکاریزانی بەناوبانگ گاسپەرد مۆنج. ناپلیۆن بە فەرماندەی گەورەی هێزەکە دیاری کرا. هێزێک بە کەشتیەکەی تۆلۆن، هێزێکی تریش لە جیرۆنا، باستیا، چیڤیدەڤەکیا هاتنە پاڵ کەشتییەکانی تۆلۆن کە لەلایەن ئەدمیراڵ (برویس) و چەند فەرماندەیەکی تر سەرکردایەتی دەکرا. 

هێندە نەمابوو کەوا کەشتییەکان بەڕێبکەون بۆ جەنگەکە، بەڵام کێشەی نەمسا پەیدابوو، بۆیە دایرێکتەرەکان ناپلیۆن بۆناپارتیان بانگ کردەوە، چونکە لەوە دەترسان شەڕ ڕووبدات و پێویستیان بە ناپلیۆن بێت. دواتر دوای چەند هەفتەیەک توانرا کێشەکە چارەسەر بکەن، یەکسەر فەرمان بە ناپلیۆن کرا بەرێبکەوێت بۆ تۆلۆن و هێرشەکە دەست پێبکات.

دەگووترێت لە کۆبونەوەیەک لە ناپلیۆن هەڕەشەی لە دایرێکتەرەکان کردووە ئەگەر ڕێگای نەدەن لەناویان ببات بۆیە ئەوانیش بە خێرای پەسندیان کردووە. 

ناپلیۆن ٩ی مانگی ئادار خۆی گەیاندە تۆلۆن و چاوی بە (بینوا ژۆرژ دی نەیجا)، کە بەرپرسی ئامادەکردنی هێزەکان بوو بۆ شەڕەکە. ناپلیۆن بۆناپارت دەستی کرد بە ڕێکەوتن بەرەو میسڕ و وتارێکی بۆ سوپاکەی خوێندەوە پێش بەڕێکەوتن و پاشان دەستیان کرد بە گەشتەکە.


سەرچاوەکان



341 بینین