ئەلعەزیز ـ زاڵ و دەسەڵاتدار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-13-17:58:00 - کۆدی بابەت: 13162
ئەلعەزیز ـ زاڵ و دەسەڵاتدار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتاکەی

ئەلعەزیز یان العەزیز (بە عەرەبی: العزيز، بە ئینگلیزی: Al-Aziz) ناوێکە لە ناوە پیرۆزەکانی خوای گەورە، واتای هەمیشە زاڵ و دەسەڵاتدار و بەتوانایی ڕەها دەبەخشێت، واتا خوای گەورە بەسەر بوونەوەر و بەندە و دروستکراوەکانی زاڵە و دەسەڵاتداری ڕەهای هەیە. واتای ناوی ئەلعەزیز لە زمانی عەرەبی یان لەڕووی زمانەوانییەوە بریتییە لە دەسەڵات و بەهێزییەکی ڕەهای زاڵ، واتای نەبەزێنراویش دەبەخشێت، وشەی ئەلعەزیز لە وشەی (العز: واتای شکۆمەندییە) وەرگیراوە کە واتای زاڵ و نەبەزێنرا و هێزێکی شکۆمەند دەبەخشێت. خودای گەورە زاتێکی بەهێزی نەبەزێنراوە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوونەوەرەکانی هەیە و زاڵە بەسەریانەوە، ئەم عیززەت و شکۆ و دەسەڵاتەی بۆ هەتاهەتاییە، هاوکات ناوەکە وەک سیفەتێکی ڕەهایە بۆ زاتی خوای گەورە بەکاردێت.

هاتنی ناوی ئەلعەزیز لە قورئانی پیرۆزدا

ناوی ئەلعەزیز ٩٢ جار لە قورئانی پیرۆز هاتووە و بە زۆرێک لە ناو و سیفات و تایبەتمەندییەکانی تری خوای گەورەوە پەیوەست کراوە، چەند نموونەیەک لەو ئایەتانەی کە ناوی ئەلعەزیزی تێدا هاتووە:

  • لە قورئانی پیرۆز خوای گەورە ناوی ئەلعەزیزی وەکوو وەسف و تایبەتمەندی بۆ زاتی خۆی بەکارهێناوە کە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایشبه‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.
  • ناوی ئەلعەزیز لەگەڵ ناوی ئەلحەکیم لە قورئاندا لە چەند ئایەتێک هاتووە کە زانایان و شارەزایان دوو لێکدانەوەیان بۆ کردووە، ئەلحەکیم لە زمانی عەرەبیدا لەگەڵ ناوی ئەلعەزیز و پەیوەستبوونیان بەیەکەوە دوو لێکدانەوەی لە ڕووی واتاییەوە بۆ کراوە: 

یەکەم: ئەلحەکیم واتای دانایی یان زانایی ڕەها دەبەخشێت کە واتای ئەوەیە خوای گەورە زاڵی و دەسەڵاتەکەی بە زاناییەوە بەکاردەهێنێت و زاتێکی کاربەجێیە.
دووەم: لێکدانەوەی دووەم واتای ئەلحەکیمیان لە (حکم) وەرگرتووە کە واتای دەسەڵاتدار یان حوکمدەر و کاربەدەست دەبەخشێت کە پەیوەستبوون و کۆبوونەوەی لەگەڵ ناوی ئەلعەزیز واتای ئەوەیە کە خوای گەورە حوکمدەر و دەسەڵاتدەرێکی بە عیززەت و شکۆدار و زاڵە.

  • لە چەندان ئایەت ناوی ئەلحەکیم و ئەلعەزیز بە یەکەوە هێنراون و پەیوەستکراون، بۆ نموونە لە سوورەتی (البقرة) لە کۆتایی ئایەتی ١٢٩ هاتووە: (إِنَّكَ أَنتَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْحَكِيمُ)، واتا به‌ڕاستی هه‌ر تۆ خوایه‌كی باڵاده‌ست و دانایت.
  • لە چەند ئایەتێک ناوی ئەلعەزیز بە ناوی ئەلعەلیم پەیوەستکراوە، کە واتای دەسەڵاتدەرێکی زانا دەبەخشێت، واتا زاتی خوایگەورە دەسەڵات و زاڵییەکەی بە زاناییەوە بەکاردەهێنێت، نموونەی لە سوورەتی (یس) لە ئایەتی ٣٦ خوای گەورە دەفەرموێت: (وَٱلشَّمْسُ تَجْرِى لِمُسْتَقَرٍّ لَّهَا ۚ ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ ٱلْعَزِيزِ ٱلْعَلِيمِ)، واتا به‌ڵگه‌یه‌كی تر بۆیان خۆره‌، كه‌ به‌رده‌وام دێت و ده‌چێت تاکوو كاتی دیاریكراوی خۆی بۆ راوه‌ستان و له‌كاركه‌وتن، ده‌بینی بۆ خولگه‌ی خۆی هه‌ر له‌ گه‌ڕدایه‌ تاکوو ئه‌وكاته‌ بۆی دیاری كراوه‌، ئه‌و هاتووچۆ و گه‌ڕانه‌ به‌وشێوه‌ ورده‌ خه‌مڵاندنی خوایەکی به‌ده‌سه‌ڵاتی زانایه‌.
  • ناوی ئەلعەزیز لەگەڵ ناوی ئەلغەفوور لە چەند ئایەتێک هاتووە، کە واتای ئەوە دەبەخشێت خوای گەورە سەرباری ئەوەی زاتێکی دەسەڵاتدار و زاڵە، بەڵام لێبووردەیە و لە تاوانەکان خۆش دەبێت، نموونەی سوورەتی (فاطر) لە ئایەتی ٢٨ (إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ غَفُورٌ)، واتا بێگومان خودا شتێک بیه‌وێت ده‌یكات ئەو تاوانپۆش و لێبوورده‌یه‌ و زاتێکی زاڵ و لێبووردەیە.
  • ناوی ئەلعەزیز لەگەڵ سیفەتر (انتقام/تۆڵەسێنەر) هاتووە و خوای گەورە لە سوورەتی (آل عمران) لە ئایەتی ٤ دەفەرمووێت (وَٱللَّهُ عَزِيزٌ ذُو ٱنتِقَامٍ)، واتا خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەسێنە.
  • لە چەند ئایەتێکی قورئان ناوی ئەلعەزیز لەگەڵ ناوی ئەلغەفار هاتووە، نموونەی سوورەتی (ص) ئایەتی ٦٦ خوای گەورە دەفەرموێت (رَبُّ ٱلسَّمَـٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا ٱلْعَزِيزُ ٱلْغَفَّـٰرُ)، واتا ئه‌و خوایه‌ خاوه‌ن و په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان و زه‌وی و ئه‌وه‌ی نێوانیانە، زاتێکی به‌ده‌سه‌ڵاتی لێبورده‌یه‌.
  • ناوی ئەلعەزیز لەگەڵ ناوی ئەلحەمیدیش هاتووە نموونەی سورەتی (البروج) ئایەتی ٨ خوای گەورە دەفەرموێت (وَمَا نَقَمُوا۟ مِنْهُمْ إِلَّآ أَن يُؤْمِنُوا۟ بِٱللَّهِ ٱلْعَزِيزِ ٱلْحَمِيدِ)، واتا ئه‌و ڕق و داخه‌یان له‌ ئیمانداران ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌وان باوه‌ڕی به‌تینیان ده‌هێنا به‌ خوای باڵاده‌ست و دەسەڵاتداری سوپاسکراو.

ناوەڕۆک و واتای ناوی ئەلعەزیز لە ڕوانگەی وتەی زانایانەوە

زانای ئیسلامی ئیبن قەییم واتای ناوی ئەلعەزیز بەوە وەسف کردووە کە خوای گەورە زاتێکی بەعیززەت و شکۆمەندی و زاڵ و دەسەڵاتدارە و لە سێ خاڵ ڕوونی کردووەتەوە کە بریتین لە:

  • شکۆمەندی و عیززەتی هێز، واتا خوای گەورە ئەو زاتەیە کە دەسەڵاتدارە و لەگەڵ دەسەڵاتەکەی زاتێکی بەهێز و مەتینە.
  • شکۆمەندی و عیززەتی ئەوەی کە خوا زاتێکە پێویستی بە هیچ کەسێک یان یارمەتیدەرێک یان هاوەڵێک نییە، زاتێکە کامڵە و دەسەڵاتەکەی بێ بەرییە لە هەر هاوەڵ و شەریکێک.
  • عیززەت و شکۆمەندی دەسەڵاتێکی زاڵ، واتا خوای گەورە بەسەر هەموو بوونەوەر و بەندە و دروستکراوەکانیدا زاڵە، ئاگاداری هەموو شتێکە و هێز و دەسەڵاتی ڕەها و زاڵبوونی تەواوی هەیە.


سەرچاوەکان



76 بینین