یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محمد سمیع - به‌روار: 2021-06-01-14:07:00 - کۆدی بابەت: 120
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کورت دەکرێتەوە بۆ ی.ن.ک و لەنێو خەڵکدا بە "یەکێتی" ناو دەبرێت، پارتێکی سیاسی عیلمانی لیبراڵیی باشووری کوردستانە و لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە، کە نیشینگەی سەرەکی دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەندامە لە ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی.

دامەزراندن

جەلال تاڵەبانی کە بە مام جەلال ناسرابوو سکرتێری بووە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو مردنی لە ساڵی 2017، لەدوای ئەو هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆک بوون هەتاوەکوو هەشتی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١.

پڕۆگرام

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کاردەکات بۆ دەستخستنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردەکان لە عێراقێکی دیموکراتی یەکپارچەدا و داوای چارەسەری سیاسی دەکات بۆ پرسی نەتەوەی کورد لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ھەروەھا داننان بە شوناسی نەتەوەیی و کلتوری کورددا. ی.ن.ک کار بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەکات بە رێکخراوە مەدەنییەکانەوە لە کوردستانی عێراق. ھەڵبژاردنی ئازاد و کراوە، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادی رادەبڕین و رۆژنامەوانی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە یەکسانییشەوە لەو بابەتانەن کە ی.ن.ک لە پڕۆگرامەكەیدا نوسیویەتی. لەبەرئەوەی خۆی لە ئاڕاستەی سۆشیال دیموکراتی جیھاندا دەبینێتەوە، باوەڕی وایە کە سیاسەتی حکومەت و ھێزی بازاڕ دەبێ یەکبخرێت بۆ گەشەیەکی ھاوتای ئابووری و کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی. ی.ن.ک باوەڕی وایە کوردەکان تاکە قوربانی دەستی ڕژێمی عێراق نەبوون و کار بۆ پاراستنی مافی کەمەنەتەوایەتی و کەمایەتییە ئایینییەکانی تر دەکات لە عێراقدا. لەمبارەیەوە، ی.ن.ک کار لەگەڵ نوێنەری جڤاتی تورکمان و ئاشورییەکاندا دەکات، ھەروەھا نوێنەری رێکخراوەکانی ژنانیش. ئەم دیدە وای کردووە تورکمان و ئاشورییەکان دامەزراوەی فێرکردن و کلتوری خۆیان ھەبێت، ھەروەھا کەنیسەش گەڕاوەتەوە سلێمانی و شارەکانی تر بۆ ئەو کەسانەی کە مەسیحیین. ی.ن.ک چالاکانە بەشێکە لە ھێزە دیموکراتییەکان لە عێراقدا و کار بۆ ھێنانەدی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی دەکات بۆ عێراق. ی.ن.ک داوای دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی بۆ عێراق دەکات کە تێیدا کوردەکان و جڤاتە قەومی و کلتورییەکانی تر بتوانن ئابووری، کلتوور و کۆمەڵگەی خۆیان بەرەو پێش بەرن.

ئەرک

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بانگەشەی وایە کە کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردەکانی عێراق.

پێکھاتە و سه‌ركردایه‌تی 

له‌ دوای كۆچی دوای جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئێستادا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكایه‌تی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت.

ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانی ی. ن. ک

مەکتەبی رێکخستن

مەکتەبی ڕێکخستن (پێشی دەگووترێت مەکتەب ڕێکخستن) رێکخراوەکانی ی. ن. ک لە سەرتاسەری ھەرێمەکەدا بەڕێوە دەبات و بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی و زانیاری بەسەر ئەندامەکاندا لە ئەستۆی ئەم مەکتەبەیە. جگە لەمانە، سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەکانی ھەڵبژاردن دەکات لە رێکخراوەکەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان. مەکتەبی رێکخستن دەربارەی ھەل‌ومەرجی ئەندامێتی لە ی.ن.ک و پێشنیارەکان بۆ ھێشتنەوەی ی.ن.ک لە ئاستێکدا کە زۆرترین ئەندامی ھەبێت، راپۆرت بۆ مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە. مەکتەبەکە سەنتەرەکانی ڕاھێنان بەڕێوەدەبات کە تێیدا کادرەکانی یەکێتی ھۆشیار دەکرێن و ڕادەھێنرێن لە ڕووی یاسایی و فکری و مەیدانی سیاسی و ڕێکارە چالاکییەکان. ئەم ڕاھێنانە ئەندامەکانی پارتەکە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی چالاکانە بەشداری بکەن لە چالاکییەکانی پارتەکە و پێگە ئیدارییەکان لە پارتەکەدا و یان پێگە ئیدارییەکان لە ناوچەکەدا.

مەکتەبی راگەیاندن

مەکتەبی ڕاگەیاندن سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکانی ی.ن.ک ـی لە ئەستۆیە. ئێستا ی.ن.ک چەند کەناڵێکی ھەیە:

  • تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (لە سلێمانی)، کە کەناڵی سەرەکی تەلەفزیۆنە و چەند کەناڵێکی تری تەلەفزیۆنی ناوخۆیی لە شارو شارۆچکەکاندا لە ناوچەکە
  • دەنگی گەلی کوردستان، کە ڕادیۆیەکە پەخشی کوردی و عەرەبی ھەیە. دەگاتە سەرتاسەری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئەوروپا.
  • هەروەها کوردستانی نوێ كە ڕۆژنامەیەکی رۆژانەیە.
  • ھەفتەنامەی ئەلئیتیحادی عەرەبی و (زی مۆنیتەر)، چاپکراوێکی رۆژانەی کوردی و عەرەبییە، کە چاودێری ئاژانسە جیھانییەکان دەکات دەربارەی ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کورد و عێراقەوە.

مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان

مەکتبەی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان وەک ھاوکارێکی رێکخراوە پیشەیی و کلتورییەکان کاردەکات نمونە وەک:

  • کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
  • یەکێتیی ژنانی کوردستان
  • کۆمەڵەی نووسەران

مەکتەبی ئیدارەو دارایی

مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی کاروباری دارایی و ستافی کارگێڕی رێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی وردبینییەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەم مەکتەبە دەکات.

مەکتەبی مافی مرۆڤ

مەکتەبی مافی مرۆڤ بەمەبەستی چاودێریی ھەلومەرجی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی عێراقدا بنیاد نرا، بە تایبەت بۆ لەبەرچاوگرتنی ھەڵسوکەوتی ئەندامانی ی.ن.ك و سەرکردایەتییەکەی. ئەم مەکتەبە وەکو ھاوکارێکی رێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ کاردەکات و بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە دەربارەی بنەماکانی مافی مرۆڤ، رۆڵی یاسا و دیموکراسی ئەنجامدەدات. ھەروەھا بۆ دڵنیابوون لە پابەندیی ی.ن.ك بە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ. ئەم مەکتەبە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی بۆ سکرتێری گشتی ی.ن.ك بەرز دەکاتەوە.

مەکتەبی کۆمەڵایەتی

مەکتەبی کۆمەڵایەتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوچەکە، ئەم مەکتەبە کارئاسانی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەتایبەت لەو بابەتانەدا کە پەیوەستە بە زەوی و زار و کێشەی عەشایرییەوە.

مەکتەبی شەھیدان

ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری پەیوەست بە شەھیدان و دابینکردنی مافەکانی شەھیدانە، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لە داموو دەزگاکانی ی.ن.ك و حکومەتدا دیاری کراوە. ھەروەھا بەرنامە بۆ ڕاگرتنی سەروەری و یادی شەھیدان و تۆمارکردنی مێژووی خەباتیان دادەڕێژێت و پلانی جێبەجێکردنیان دادەنێت. ئەم مەکتەبە بەشێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبار و پێداویستییەکانی نەوەکانی شەھیدان، کە لەلایەن نەوەکانی شەھیدان خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان پێکدێت لە ٥–٧ ئەندام دەزگا. ئەرکی دەزگاکە بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەت و ڕێزلێنانی پێویست و شایستە بە پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین و زیندانە سیاسییەکان. ھاوکات کار بۆ بە دواداچوونی داخوازییەکانیان لەمەڕ دابینکردن و جێبەجێکردنی مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان و ڕەچاوکردنی یەکسانی، دەکات. کاردەکات بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانیان. پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان، بە حوکمی خەباتیان لە ھەر دەزگایەکدا بن، لە کاتی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان، مافی خۆیانە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.

مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکان

مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان پێکدێت لە (٩) ئەندام مەکتەب. مەکتەبی پەیوەندییەکان ئەرکی ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی ی.ن.ك ـە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ولاتانی دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ. مەکتەبەکە لە چەند بەشێک پێک دێت و ھەر بەشێک ئەندام مەکتەبێک سەرپەرشتی دەکات.

دەزگای چاودێریی دارایی

دەزگای چاودێری دارایی پێکدێت لە ٧ ئەندام دەزگا بە لێپرسراوەکەیەوە کە خەڵکی پسپۆڕن لەو بوارەدا. چاودێری چۆنیەتی داھات و خەرج دەکات لە گشت ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکان ی.ن.ک. پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سکرتێری گشتی ی.ن.ك ـەوە دەبێت، ڕاپۆرتی وەرزی و ساڵانە پێشکەش بە سکرتێری گشتی دەکات.

مەکتەبی چاودێریی و بەدواداچوون

مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوون پێکدێت لە ٧ ئەندام مەکتەب. ئەرکی چاودێری کردنی ڕەوشی کاروباری ئۆرگانەکان و بە دواداچونی ئیشوکارەکانیان دەگرێتە ئەستۆ. لە کەموکوڕی ئۆرگانەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە.

ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران

ئەم ئەکادیمیایە بە پێی پێویست پێکدێت لە چەند کادیرێکی شارەزا و پسپۆڕ. کردنەوەی خول لە بواری جیا جیادا بۆ کادیرانی ی.ن.ك لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. ھەروەھا ڕێکخستنی ئەرشیف و دۆکیومێنت کردنی مێژووی ی.ن.ك و دەرکردنی گۆڤارێکی فیکری. بایەخدان بە توێژینەوە و بیر و ڕۆشنبیریی ھاوچەرخ و سازکردنی کۆڕ و کۆنفرانس. ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی ناو بە ناو دەربارەی ڕووداوەکانی ناوچەکە، و جیھان و ئاڕاستەکانی ڕای گشتی خۆماڵی کە تایبەتە بە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان.

دەزگای ھەڵبژاردن

دەزگای ھەڵبژاردن پێکدێت لە ٥–٧ ئەندام و ئامادەکاری و سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە دەکات، کە بریتین لە:

  • ئامادەکردنی لیستی دەنگدەران و پاڵێوراوان
  • ڕاگەیاندنی پرەنسیب و ڕێساکانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن
  • ڕێکخستنی پرۆسەی دەنگدان
  • جیاکردنەوەی دەنگەکان
  • وردبوونەوەی لە تانە و سکاڵاکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن

دەزگای ھەڵبژاردن سەرپەرشتی ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانە دەکات کە لە دەستووری عێراق و یاساکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەگەڵ ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ی.ن.ک و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە.

دەزگای ھەڵبژاردن، لە پەیڕەوی کاری خۆیدا ئەو بەش و ئەرکانە دیاری دەکات کە لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردندا لە کۆنگرەدا پەسەند کراوە.

1/6/1975 لە وڵاتی سوریا دامەزراوە لە یەکگرتنی چەندباڵێک کە دیارترینیان شۆڕشگێڕان بەسەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا بوو. 

ئه‌زموونی ڕامیاری

جەلال تاڵەبانی کە پێشتر سەرکردەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو لە کاتی دامەزراندنییەوە لە 1975 تاوەکو کۆچی دوایی لە 2017.

ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە 32 کەسن سکرتێری گشتی و 11 ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵدەبژێرن.

لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا و چوار ئەندام مەکتەب سیاسی لێی جیابوەوە و 25 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا و لە سنوری ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین کە پێشتر بەزۆنی سەوز دەناسرا بنکەی جەماوەری خۆی قایم کرد و ناوچەکەش لەو بەروارەوە بە زۆنی سەوز و نیلی کە ئاماژەیە بۆ ڕەنگی بزوتنەوەی گۆڕان ناسرا.

سەرباری ئاڕاستەی کارکردنی جیاواز و شەڕی ناوخۆ لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکەمین پارتی باشوری کوردستانە پێکەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن.


سەرچاوەکان



8021 بینین