دەرئاساکەی بێرن چیە لە نێو دونیای تۆپی پێدا؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-21:30:00 - کۆدی بابەت: 12686
دەرئاساکەی بێرن چیە لە نێو دونیای تۆپی پێدا؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەرئاساکەی بێرن چیە لە نێو دونیای تۆپی پێدا؟ (بە عەرەبی؛ ما هي معجزة برن في عالم كرة القدم؟، بە ئینگلیزی؛ what was the miracle of Bern in the world of football?

ناوەڕۆک

لە جامی جیهانی  ساڵی ١٩٥٤ کە لە وڵاتی سویسرا بەرێوەدەچوو، ئەڵمانیای رۆژاوا و هەنگاریا دەگەنە کۆتای پاڵەوانیەتییەکە. هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوو کە هەنگاریا بە ئەنجامێکی یەکجار گەورە سەرکەوتن لە دژی ئەڵمانیای رۆژاوا تۆماردەکات، چونکە پێکهاتەی ئەوکاتەی هەنگاریا لە لوتکەبوو بە پێکهاتەی زێڕینی هەڵبژاردەکە ناسرابوو و پوشکاش یەکێک لە هێما دیارەکانی دونیای تۆپی پێ سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی دەکرد و لە لوتکەی ئاستی دابوو، جگە لەوە لە قۆناغی کۆمەڵەکان هەردوو هەڵبژاردە بەر یەک کەوتبوون و هەنگاریا بە ئەنجامی ٨ بە ٣ لە ئەڵمانیای بردبووە و وێرانی کردبوو. بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کە هەنگاریا هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا دووچاری شکستێکی گەورە بکات. هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت بوو، چونکە تازە جەنگی دووەمی جیهانی تەواو ببوو لە زۆربەی لایەکانەوە دژایەتیەکی زۆر دەکرا بۆیە هەڵبژاردنەکە دەیویست لە ڕێگای بردنەوەی نازناوەکە گەورەیی خۆیان بسەلمێنەوە بۆ جیهان، وە سوکنایەک بە هاونیشتمانیان ببەخشن کە لە سەخترین کاتەکانیان دابوون بەهۆی ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی.

پێش یارییەکە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا گووتی ئەگەر بێت و باران ببارێت دەیبەینەوە، بەڵام ئەگەر باران نەبارێت وێران دەبین. یارییەکە  لە رێکەوتی ١٤ی مانگی ٧ی ساڵی ١٩٥٤ لە یاریگای وێنکدۆرف شاری بێرن ئەنجام درا هەنگاریا هەر زوو دوو گۆڵ تۆماردەکات کە دانەیەکیان هی پوشکاش بوو، بەڵام دواتر باران دەست پێدەکات و هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا سێ گۆڵ تۆمار دەکەن لە گەڕانەوەیەکی مێژووییدا دەبێتە پاڵەوانی جامەکە (بە پێی هەندێک دەنگۆ بێت دەڵێن گوایە پێڵاوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا بە تایبەت دیزاین کرابوو بۆ کەشی باراناوی). ئەم کۆتاییە بە یەکێک لە کۆتاییە هەرە مەزنەکانی جامی جیهانی دادەندرێت بووە سەرەتایەک بۆ هەڵسانەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا و کە دوای ئەم جامە سێ دانەی تریشی بەدەست هێناوە. ئەم جامی جیهانیە باشترین دەستکەوتی هەڵبژاردەی هەنگاریایە لە مێژوودا کە پلەی دووەمی بەدەست هێنا. ئەم ڕووداوە بە دەرئاساکەی بێرن ناسراوە لە مێژوودا، چونکە هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕۆژاوا هەمووانی تووشی شۆک کرد بەو گەڕانەوەی و بردنەوەی جامەکە.


سەرچاوەکان



43 بینین