فەرمانڕەواکانی دەوڵەتی عسمانی

له‌لایه‌ن: شاهید عبدالرحمن - به‌روار: 2020-06-16-18:07:00 - کۆدی بابەت: 149
فەرمانڕەواکانی دەوڵەتی عسمانی

ناوه‌ڕۆك

عوسمانی یەکەم

لە دوای ئۆرتغرۆل، عوسمانی کوڕی سەرکردایەتیی ھۆزەکەی گرتە دەست. عوسمان لە ساڵی 1265، واتە ئەو ساڵەی کە مەغۆل بەغدادیان داگیر کرد و خەلافەتی عەبباسییەکانیان ڕوخاند و کارەساتێکی گەورەیان بەسەر ھێنان، لەدایک بوو. چالاکییە سەربازییەکانی عوسمان ڕوویان کردە خاکەکانی بیزەنتی بۆ تەواوکردنی پەیامی دەوڵەتی سەلجووقی بە فەتحکردنی ھەموو خاکی بیزەنتیەکان. ئەو لاوازییەی ئەو کاتە دەوڵەتی بیزەنتیی گرتبووەوە یارمەتیی عوسمانی دا کە بە ئاسانی بە ئاراستەی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ بڕوات . لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە لێھاتوویی عوسمان لە دانانی سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ میرنشینەکەی دەرکەوت. لەم سەردەمەدا عوسمانییەکان ھەنگاوێکی باشیان نا لە گۆڕان لە سیستەمی ھۆزەکییەوە بۆ سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی جێگیر. سوڵتان عەلائەددینی سەلجووقی پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵەکانی عوسمان دەربڕی ونازناوی عوسمان پاشای پێبەخشی .


دوای ئەوەی عوسمان پێی جێگیر کرد، لە میرنشینەکەی خۆیدا دەستی کرد بە فراوانکردنی وڵاتەکەی لەسەر حسابی بیزەنتیەکان. کاتێک مەغۆل دەستیان گرت بە سەر دەوڵەتی قۆنیەی سەلجووقییەوە، عوسمان خێرا سەربەخۆییی خۆی لەسەلجوقییەکان ڕاگەیاند، کە بەمەش بووە دامەززرێنەری ئەو دەوڵەتە تورکییە گەورەیە کە ھەر بە ناوی ئەوەوە ناونرا. عوسمان وەک سوڵتانێکی سەربەخۆ حوکمی دەوڵەتە نوێکەی ئەکرد. پاشان، لە ساڵی 1326دا ئۆرخانی کوڕی شاری بۆرسەی فەتح کرد. ھەر لەو ساڵەدا، دوای ئەوەی کە بنەڕەتی دەوڵەتەکەی دانا و ڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بۆ کردەوە، عوسمان لە تەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
عوسمان نازناوێکی تری ھەبوو کە "قەرە عوسمان"ە بە مانای عوسمانە ڕەش؛ بەڵام لە تورکیی عوسمانیدا بە مانای "ئازا"، "گەورە"، یان "مەزن" دێت.


ئۆرخانی کوڕی عوسمان

ئۆرخان لەسەر ڕێڕەوی باوکی بەردەوام بوو لە فەتح و دەسەڵاتدا، وزۆر بە بەھێزی شانشینەکەی ڕێکخست، کردی بە چەند ولایەتێک و بۆرسەی کردە پایتەخت، سکەی پارەی لێدا، و سوپای ڕێکخست، لە لاوە مەسیحیە ڕۆمەکان سوپایەکی بەھێزیان دروست کرد بە سوپای ئینکیشاری ناسراوە، و ئۆرخان ڕاھێنانی بەو لاوانە کرد زۆر بە باشی وتایبەتمەندی گەورەی دا پێیان کە ئەمەش ھۆگر کردن بە بە کەسایەتی ئۆرخان و دڵسۆز بوون بۆی، ھەروەک ئۆرخان ئیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەوڵەتەکەی، لەبەر ئەوە ئاسایی بوو کە ناکۆکیەکی بەھێز دروستبوو لە نێوان عوسمانی و بیزەنتیەکان، لە ساڵی 1337ز ھێرشی کردە سەر قوستەنتینیەی پایتەختی بیزەنتیەکان، بەڵام نەیتوانی بیگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم غەزوە ترسی خستە دڵی ئیمپراتۆری ڕۆمەوە وھەوڵی ڕێکەوتنی دا لەگەڵ ئۆرخان و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری ئۆرخان، بەڵام ئەمەش نەبووە ڕێگر لە وەستاندنی عوسمانیەکان لەبەرەو پێشچوون، وپێیان جێگیر کرد لە نیمچە دوورگەی گالیبۆلی لە ساڵی 1357ز، بەمەش جارێکی تر مەترسی عوسمانی بۆ سەر قوستەنتینیە دووبارەکرایەوە، لە سەردەمی ئۆرخاندا عوسمانیەکان یەکەم جێگیر بوونیان لە ئەوروپادا بینی، دەوڵەتی عوسمانی لە دیوارەکانی ئەنقەرە لە ئاسیای بچوکەوە تا تراقیا لە بەلقان درێژ ئەبووبەوە، وبانگەوازکاران بانگی دانیشتوانیان ئەکرد بۆ ئیسلام، ئۆرخان لە ساڵی 1360ز کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی موردای یەکەم جێگەی گرتەوە.


مورادی یەکەم کوڕی ئۆرخان

دەستپێکی ئیشەکانی موڕادی یەکەم گرتنی شاری ئەنقەرە بوو، پیاوێکی ئازا وتێکۆشەر و بەڕێز و لەخوا ترس بوو، یاسای خۆشئەویست و پەیڕەوی ئەکرد، دادپەروەربوو، سەرگەرمی غەزو ودروستکردنی مزگەوت وفێرگا وخوێندنگاکان بوو، بەرەو پێش چوو لە ئاسیای بچوک و ئەروپا لە ھەمان کاتدا، و ڕێکەوت لەگەڵ زۆر لە میرەکانی ئەنادۆڵ لە بەرژەوەندی عوسمانیەکان و ھەندێکیانی ناچار کرد واز لە دەستکەوتەکانیان بھێنن بەمەش زۆر لە دەستکەوتە تورکمانیەکانی خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لە ئەوروپا ھێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی بیزەنیەکان و شاری ئەدەرنەیان فەتح کرد لە ساڵی 1362زدا، وموراد پایتەختی گواستەوە بۆ ئەدەرنە تا ببیتە خاڵی جوڵان و جیھاد لە ئەوروپادا، دواتر چەند شارێکی تریان فەتح کرد وەک سۆفیا وسالۆنیک، بەم شێوەیە قوستەنتینیە دەورەدرابوو بە عوسمانیەکان لە ھەموو لایەکەوە، لە ساڵی 1385ز، ھێزە عوسمانیەکان لەگەڵ ھێزە سربیەکان بە یەکیاندا لە ناوچەی قوسوە کە ئێستا بە (کۆسۆڤۆ) ناسراوە، داستانێکی گەورە لە نیوانیان ڕوویدا کە بە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام سوڵتان موراد لە کۆتاییدا کوژرا لە سەر دەستی یەکیک لە سەربازە بریندارە سربیەکان.


بایەزیدی یەکەم کوڕی موڕادی یەکەم

لە دوای شەھیدبوونی موڕادی یەکەم، بایەزیدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە ئازا وبەڕێز وتێکۆشەر بوو لە پێناوی خوادا، گرنگیەکی زۆری دا بە کاروباری سەربازی وھەوڵیدا بۆ گرتنی میرنشینە مەسیحیەکانی ئەنادۆل ولە ماوەی یەک ساڵدا دەستی بەسەردا گرتن، بایەزید وەک بروسکە لە نێوان بەلقان و ئەنادۆڵ دا ئەجوڵا بۆیە ناونرا بە (ھەورە بروسکە)، شاری ئەشھەری لە دەستی بیزەنتیەکان سەند کە دواین موڵکیان بوو لە ئاسیای بچوکدا، بە تەواوی بولگاری گرت، سیگسمۆندی پاشای مەجەر ترسا لە فروانبوونی عوسمانی، ھانای برد بۆ ئەورەپای ڕۆژاوا وداوای لە پاپا (بۆنیفاسی نۆیەم) کرد کە ھێرشێکی خاچپەرستی نوێ بکەنە سەر عوسمانیەکان بۆ ڕێگرتن لەبەر پێشچوونیان بۆ ناوجەرگەی ئەوروپا، پاپای ناوبراو بەدەم داواکەوە چوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکانی فەڕەنسا وپاڤاریا ونەمسا وڕۆدس و کۆماری بوندقیە، وئینگلتەرا یارمەتی سەربازی پێشکەشکردن، ھەردوو سوپای عوسمانی و ئەوروپی ڕووبەڕووبونەوە لە ساڵی 1396ز، وداستانێکی گەورە لە نێوانیان ڕوویدا وئەوروپیەکان تێک شکان وگەڕانەوە، بایەزید دووجار قوستەنتینیەی گەمارۆدا، بەڵام قەڵاکانی ڕێگر بوون لەبەردەم ھێرشە بەھێزەکانیدا، وبایەزید کاتێک گورزە نوێکانی وەشاندە ڕۆژاوا، ئاگاداری ئەوەبوو کە مەغۆل ئامادەکاری ئەکەن بۆ ئەوەی ھێرشی بکەنە سەر لە ڕۆژھەڵاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوێکی سەربازی بەھێزیان تیا دەرکەوت کە تەیمورلەنگ بوو لە نەوەی جەنگیزخانەوە ھاتبوو، بایەزیدی ناوەندەکەی لە ئاسیای بچوک بەھێزکرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەیمورلەنگ، بەم شێوەیە فشاری عوسمانیەکان لەسەر بیزەنتیەکان کەم بوویەوە و ڕووخانی قوستەنتینیە لەسەردەستی عوسمانیەکان 50 ساڵ دواکەوت، ولە ساڵی 1402ز سوپای تەیمورلەنگ و بایەزید بەیەک گەیشتن لە (جوبق ئاباد) وداستانی تاحینە لە نێوانیان ڕوویدا کە عوسمانیەکان شکان وبایەزید بە دیل گیرا و مەغۆلەکان بردیان بۆ سەمەرقەندی پایتەختی دەوڵەتی تەیموری، دواین ڕۆژەکانی ژیانی لەوێ مایەوە ولە ساڵی 1403ز کۆچی دوایی کرد.

محەمەدی یەکەم کوڕی بایەزیدی یەکەم


موڕادی دووەم کوڕی محەمەدی یەکەم


سوڵتان محەمەد فاتیح

لە دوای مردنی موڕادی دووەم، محەمەدی کوڕی جێگەی گرتەوە، کە ناسراوە بە فاتیح و باوکی چاکەکان، بەھێزی ودادپەروەری بەیەکەوە کەسایەتی محەمەد فاتیحیان پێک ئەھێنا، لە تەسکترین خاڵ لە گەرووی بۆسفۆر قەڵایەکی بنیاتنا بەڕامبەر ئەو قەڵایەی بایەزیدی یەکەم لەسەر کەناری ئاسیا بنیاتی نابوو، لەم کاتانەدا ئیمپراتۆری قوستەنتینیە ھانای بردە بۆ وڵاتەکانی ئەوروپا کەس وەڵامی نەدایەوە تەنھا چەند شارێکی ئیتاڵیا نەبێت، وپاپا پشتگیری خۆی دەربڕی بە مەرجێک ھەردوو کەنیسەی ڕۆژھەڵات وڕۆئاوای ببنە یەک، قوستەنتین، ڕازی بوو، بەڵام خەڵک توڕە بوون لێی.
سوڵتان محەمەد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیزەنتیەکان سوپایەکی گەورەی کۆکۆدەوە لە گەشتیگەلی گەورە وتۆپخانە، بەم شێوەیە لە وشکانی ودەریاییەوە گەمارۆی دان، 53 ڕۆژ دوای گەمارۆ عوسمانیەکان چوونە شارەکەوە دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دیوارەکانی دەوریان ڕووخاند، لەگەڵ بیزەنتیەکان بەیەکیاندا وکوشتارێکی توند ڕوویدا لە نێوانیان، کە ئیمپراتۆری بیزەنتی وزۆر لە سەربازەکانی تیاچوون، کاتێک فاتیح چووە شارەکەوە داوای لە سەربازەکانی کرد شەڕ ڕابگرن، دوای ئەوەی کە دەستی گرت بەسەر بەرگری بیزەنتیەکاندا و ئاڵای ئاشتی بەرز کردەوە، سوڵتان محەمەد ناونرا بە فاتیح و موسڵمانان زۆر دڵخۆش بوون پێی لەبەرئەوەی ئەمە ھاتنەدی فەرموودەیکی پێغەمبەری ئیسلام بوو کە فەرموویەتی (فەتحی قوستەنتینیە ئەکرێت، باشترین ئەمیر ئەو ئەمیرەیە و باشترین سوپا ئەو سوپایەن)، سوڵتان محەمەد پایتەختی گواستەوە لە ئەدرنەوە بۆ قوستەنتینیە و ناوەکەی گۆڕی بۆ (ئیسلامبۆل) واتە شاری ئیسلام یان تەختی ئیسلام، سەربەستی ئاینی وئاسایشی بەخشی بە مەسیحیەکان، وئەوانەی کە لە ترسا ڕۆیشتبوون داوای گەڕاندنەوەی لێکردن بۆ ماڵ وحاڵی خۆیان، ئیمپراتۆری بیزەنتی ڕوخا لەگەڵ فەتح کردنی شارەکەدا دوای ئەوەی یانزە سەدە بەردەوام بوو، وسوڵتان محەمەد بەردەوام بوو لە فەتحکردنی ئەوروپا، وڵاتی سربی گرت وفەتحی وڵاتی مورەی کرد لە باشورییۆنان ھەروەک ھەرێمی ئەفلاق و وڵاتی بەشناق وئەلبانیای گرت وبوندقیەی مل کەچکرد و ئەنادۆڵی یەکخست لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئیمپراتۆری تەڕابزۆنی ڕۆمی ومیرنشینی قەرمان، ھەروەھا سوڵتان محەمەد ھەوڵی فەتحی ئیتاڵیای دا، بەڵام مردن مەودای نەدا لە ساڵی 1481ز، عوسمانیەکان ئەو لایەیان بە جێ ھێشت.


سەلیمی یەکەم کوڕی بایەزیدی دووەم

(سوڵتان سەلیمی یەکەم)

لە کۆتایی سەردەمی بایەزیددا ناکۆکی لە نێوان کوڕەکانیدا دروست بوو لەسەر دەسەڵات گرتنە دەست، بایەزید خەلافەتی دا بە ئەحمەدی کوڕی، بەمەش کوڕەکەی تری (سەلیم) توڕەبوو، وشۆڕشی ڕاگەیاند بەسەر باوکیدا کە ئەم شۆڕشەش ھۆکاری سیاسی ومەزھەبی وبازرگانی ھەبوو، کاتێک سەفەوییەکان دەستیان کردبووە بڵاوکردنەوەی مەزھەبی شیعە لەسەر حسابی مەزھەبی سونە لە ئەنادۆڵدا، وڕێگەی بازرگانیان داخست لەگەڵ ھیند و ڕۆژھەڵاتی ئەقسا، وڕێگەیان لە ڕۆیشتنی ھۆزە تورکمانەکان گرت لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەنادۆڵ و ئەوروپای ڕۆژھەڵات، وشا ئیسماعیل پشتگیری لە ئەحمەد ئەکرد بۆ حوکم گرتنە دەست، لەبەر ئەوە سەلیم بێدەنگ نەبوو لەم دەست تێوەردانەی سەفەوییەکان لە کاروباری عوسمانیەکان، وئینکیشاریەکانی سوپا فشاریان کردە سەر سوڵتان بایەزید تا لە دەسەڵات دابەزێت بۆ سەلیمی کوڕی، بایەزید کۆچی دوایی کرد لە ساڵی 1512ز، سەلیم دوای ئەوەی تەختی دەسەڵاتی گرتە دەست، پێی خۆی جێگیر کردو لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپا ڕێکەوت تا یەکلایی بێتەوە بۆ کێشەی سەفەوییەکان، کە مەترسیدارترین ئەزمە بوو ڕووبەڕووی عوسمانیەکان بێتەوە دوای داستانی ئەنقەرە، سەلیم براکانی ومناڵەکانی کوشتن تا ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵاتدا، ئاگربەستێکی دوور ودرێژی بەست لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپای دەوروپشتیا، پاشان ڕوویکردە ڕۆژھەڵات بۆ ڕووبەڕونەوەی سەفەوی ومەمالیکەکان، شیعەکانی ئاسیای بچوک بە پاڵپشتی سەفەویەکان وەستان لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سەلیم دەستی بەسەر ئەم شۆڕشەدا کرد و شیعەکانی گرت وچل ھەزاری لێ لەناوبردن، پاشان ڕۆیشت بۆ ڕووبەڕوونەوەی شا، ھەردولا بەیەک گەیشتن لە شەڕی چاڵدێراندا، وسوڵتان سەلیم سەرکەوت لەم جەنگە گەورەیەدا وسەلیم ڕۆیشتە پێشەوە بەرەوە تەبرێزی پایتەختی سەفەوی ودەستی بەسەراگرت.


دوای سەرکەوتنیان بەسەر سەفەویەکاندا عوسمانیەکان ملیان بەمەمالیکەکان کەچکرد، دوای ئەوە کە داستانی مەرج دابق ڕوویدا لە نێوانیان، وبە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، پاشان ڕۆیشتن بەرەو میسر وجارێکی تر ڕووبەڕوەی مەمالیکەکان بوونەوە ولە داستانی ڕیدانیە سەرکەوتن بەسەریاندا وچوونە میسرەوە بەسەربەرزی، لەو کاتانەدا ناوچەی حیجاز ملکەچیان بۆ دەربڕی و لە ھەمان کاتدا دوایین خەلیفەی عەباسیەکان لە میسر دابەزی لە دەسەڵات بۆ سوڵتانە عوسمانیەکان، بەم شێوەیە سوڵتانە عوسمانیەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپێشەوای باوەڕداران، سوڵتان سەلیم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی 1520ز.


سوڵتان سلێمانی قانوونی

لە دوای سوڵتان سەلیم، سولەیمانی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی 26 ساڵیدا، کە لە ڕۆژھەڵات بە (قانونی) ولەڕۆژئاوا بە (مەزن) ناسراوە وسەردەمەکی بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە، سوڵتان سەلیم سەرگەرمی فەتحی ڕۆژھەڵات بوو لە ھەموو ژیانیدا، لەبەرئەوە ئاسایی بوو کە سوڵتان سولەیمانی کوڕی ڕووبکاتە ڕۆژئاوە بۆ تەواوکردنی ئەو فەتحانەی کە پێشینەکانی دەستیان پێ کردبوو، سولەیمان شاری بەلگرادی گرت لە ساڵی 1521ز، پاشان دەستی گرت بەسەر دوورگەی ڕۆدس لە ساڵی 1523ز، ھەروەک بەشی باشور وناوەڕاستی مەجەڕی خستە سەر دەسکەوتەکانی عوسمانیەکان بۆ ئەمەش سودی لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی مەجارستان وەرگرت وھەروەک بارودۆخی دەرەوەش گونجاو بوو.



لەشکری عوسمانی ومەجەڕ بەیەکیاندا لە دۆڵی موھاج لە مەجەڕ سالی 1526ز، لە داستانێکدا کە ماوەی دوو سەعاتی خایاند، عوسمانیەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تیا بە دەست ھێنا وپێیان جێگیر کرد لە وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر، جان زابۆلیای پاشای ترانسلڤیای کردە فەرمانڕەوای، ھەر لەو کاتانە فەردینادی پاشاینەمسا وەفدێکی نارد بۆ لای سوڵتان تا دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەر، سوڵتان گاڵتەی پێکردن و نوێنەرەکانی بەند کرد، دوای ماوەیەک کە ئازادی کردن نامەیەکی لەگەڵا ناردن بۆ پاشای نەمسا تا خۆی ئامادەکات بۆ ڕووبەڕونەوەی، سولەیمان لەگەڵ فەردیناد جەنگا بە سوپایەکی بەھێزەوە، سولەیمان رۆیشت بەرەو ڤێیەنا وگەمارۆی ئەم شارەی دا لە ناو جەرگەی ئەوروپا، کە ئازوقە بڕا لە سەربازە عوسمانیەکان وزستان ھات بەسەریاندا، لەبەرئەوە سوڵتان گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی، ولەساڵی 1532ز جارێکی تر گەمارۆی ڤێیەنای دا، وئەمجارە ڕێکەوت لەگەڵ فەردیناند کە سوڵتان دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەڕ لەبەرامبەر سەرانەیەکدا نەمسا بیدات بە دەوڵەتی عوسمانی، ئەم ڕێکەوتنەی لەبەر ئەوەکرد ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تەماسبی کوڕی شا ئیسماعیل سەفەوی شای فارس، سوڵتان دەستی کرد بە ڕووبەڕوو بوونەوەی فارس وتەبرێزی پایتەختی فارسی گرت وپاشان بەغدای گرت وچووە ناویەوە زۆر بە شکۆ وسەربەرزیەوە. عوسمانیەکان لە ڕۆژانی سوڵتان سولەیمان چەند فەتحێکی دەریایی گەورەیان ئەنجام دا، بە چاکەی دەریاوان (خەیرەدین بەڕبەڕوس)، کە لەڕۆژانی سوڵتان سەلیمدا جەزائیریخستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان سولەیمان خیرەدینی کردە ئەمیری دەریایی لە ساڵی 1533ز، جارێکی تر گەشتیگەلی عوسمانی زۆر ئازایانە ڕاپەڕاندەوە، توانی تونس لە ژێر دەستی ئیسپانیا دەر بھێنێت ومل کەچی کات بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، لە فەتحە دەریاییە گرنگەکانی سەردەمی سوڵتان سولەیمان، فەتحی تەڕابولسی ڕۆژاوا بوو، سوڵتان سولەیمان کۆچی دوایی کرد ساڵی 1566ز، ودەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتە لە بەرزترین ئاستی تەواویدا بوو وبوونی پێویست بوو بۆ ھاوسەنگی سیاسی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وئەوروپادا.


سەرەتای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی

سەلیمی دووەم کوڕی سولەیمان قانونی

لاوازی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە و سەلیمی دووەم کە لە جێگەی سوڵتان سولەیمان قانونی باوکی ھاتە سەر حوکم، لاواز بوو و نەیئەتوانی فەتحەکانی باوکی بپارێزێت وحاکمێکی خاو ولاواز بووە، کە زیرەکی سەدری ئەعزەمی ئەو کاتە (محمد سەقلی) و گەورەیی وشان وشکۆی دەوڵەتەکە بوو پاراستیان لەوەی یەک جار بکەێت، لە ئیشەکانی محەمەد سەقلی سوپایەکی گەورەی نارد بۆ یەمەن ساڵی 1569ز، وبۆ میسر بۆ کپکردنەوەی شۆڕشە ناوخۆییەکان وچوونە شاری سەنعاء دوای ئەوەی قەڵاکانی فەتح کران، ھەر لە ئیشەکانی فەتحی قوبرسیان کرد لە دەستی بوندقیەکانی سەند، وھەر لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی دووەمدا ڕووداوی لیبانتۆی دەریایی ڕوویدا، کە کاریگەریەکی خراپی ھەبوو بۆ وێنەی ھێزی دەریایی و سوپای عوسمانی کە زۆربەی لەو باوەڕەدا بوون ھەرگیز تێک ناشکێن، کورتەی ئەو ڕووداوەش ئەمە بوو، دوای زیادبوونی ممەترسی عوسمانی بوو لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ ئەوروپا دوای ئەوەی فەتحیقوبرس و ھەندیک ناووچەی دەریای ئەدریاتیکی کران، پاشای ئیسپانیا ڕێکەوت لەگەل ھەریەک لە پاپا بیۆسی پێنجەم وگۆماری بوندقیە بۆ ڕێگرتن لەبەرەو پێچوونی عوسمانیەکان، 230 کەشتی و30 ھەزار سەربازیان کۆکردەوە و لەگەڵ عوسمانیەکان بەیەکیاندا لە یەکێک لەو داستانە گەورانەی کە لە مێژووی نوێدا ڕوویاندا و بە تێکشکانی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام ئەمە ورەی محەمەد پاشا سەقلی نەڕوخاند و خۆی ئامادەکرد بۆ ڕووبەڕونەوەیەکی نوێ لەگەڵیان، لەبەرئەوە بوندقیە بەباشی زانی ڕێکەوتنی ئاشتی بکات لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1573ز، بەم شێوەیە عوسمانیەکان یەکلایی بوونەوە بۆ شەڕی ئیسپانیا کە ھاتبووەوە بۆ داگیرکردنی تونس.



موڕادی سێیەم کوڕی سەلیمی دووەم

ساڵی 1595 کۆچی دوایی کرد .


موحەمەدی سێیەم کوڕی موڕادی سێەم


مورادی چوارەم


سولتان ئەحمەدی یەکەم

دەسەلاتی گرتە دەست لە تەمەنی 14 ساڵیدا، لەم ماوەیەدا عوسمانیەکان وازیان لە عێراقی عەجەم ھێنا بۆ دەوڵەتی سەفەوی، کە ئەمەش یەکەم ڕێکەوتن بوو دەوڵەت واز لە فتوحات بھێنێت تێیدا.


مستەفای یەکەم

مستەفای برای ئەحمەد عەرشی گرتە دەست تەنھا بۆ ماوەی 3 مانگ، پێش ئەوەی کە عوسمانی دووەم دەستنیشان بکرێت بۆ جێگری.


عوسمانی دووەم

حوکمی گرتە دەست کە بۆ یەکەم جار لەم سەردەمەدا ئەوە ڕوویدا کە ئاماژەبوو بۆ ئاستی دابەزینی دەوڵەت لەو کاتانەدا، ئینکیشاریەکان لاوازبوون لە شەڕدا، عوسمان ویستی دەرسیان بدات وبە سەربازی نوێی ڕاھێنراو جیگەیان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد وکوشتیان ومستەفای مامیان گێڕایەوە بۆ دەسەڵات.


موڕادی چوارەم

توانی دەوڵەت پاک بکاتەوە لە ھەندێک لە شۆڕشەکان، وەک، شۆڕشی ئەبازە پاشی والی ئەرزەڕۆم و شۆڕشی ئینکیشاریەکان وبزوتنەوەی ئەمیری لوبنان، ھەروەک بەغدا و ھەمەدان تەبرێز و یەریڤان و ھەموو ئازربایجانی سەندەوە لە سەفەوییەکان.

هەرچەندە لاوازی و بێ هێزی دەوڵەت هەر بەردەوام بوو بەڵام
چەند سوڵتان و فەرمانڕەوای تر هاتنە سەر حوکم بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی عوسمانی .

سوڵتان ابراهیم


سوڵتان محمد کۆبرۆلی چوارەم


سوڵتان سلێمان خان


سوڵتان ئەحمەدی دووەم

سوڵتان موستەفای دووەم کوڕی موڕادی چوارەم

دواتر دەسەڵاتی گرتە دەست، عوسمانیەکان سەرکەوتن بەسەر پۆڵەندا وقەیسەری ڕوسیان ناچارکرد گەمارۆ لە سەر شاری ئازوڤ ھەڵگرێت، وبۆسنەو ھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجەیان گێڕایەوە، بەڵام ڕوس ئەونەی نەبرد گەڕانەوە بۆ گرتنی ئازوڤ وسەرکەوتن بەسەر عوسمانیەکان لە شەڕی زانتە، وڕێکەوتن لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا لە دژی دوڵەتی عوسمانی وناچاریان کرد ڕێکەوتننامەی کارلۆڤیچ ئیمزابکات کە شاری ئازوڤی لە دەستدا لە بەرژەوەندی ڕوسیا، وپاشماوەی وڵاتی مەجەر بۆ نەمسا بێت وئۆکرانیا وبودۆلیا بۆ پۆڵەندا بێت، دلماسیا وھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجە بۆ بوندقیە بێت. ئەم ڕێکەوتنە سەرەتای کشانەوەی عوسمانیەکان بوو لە ئەوروپا وچوونە سەردەمی خێرا لێک ھەڵوەشانەوە بوو، ئینکیشاریەکان داوای لابردنی سەدریان کرد وخەلیفە ڕەتی کردەوە لەبەر ئەوە خەلیفەیان لابرد وچوار مانگ دوای ئەوە مرد.


سەردەمی سوڵتان ئەحمەدی سێیەم

بارودۆخی عوسمانی زیاتر تێک چوو لەسەرەتای سەدەی 18دا و سوید داوای یارمەتی لە عوسمانیەکانی کرد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕوسدا، عوسمانیەکان ئەو فرسەتەیان لەبەردەستا بوو کە دەست بگرن بەسەر قەیسەری ڕوس بوتڕسی گەورە، بەڵام سەدری ئەعزەم گەمارۆکەی ھەڵگرت لەبەرامبەر ڕەشوەدا، ئەمەش عوسمانیەکانی ناچار کرد ڕێکەوتنێکی تازە ئیمزا بکەن (ڕێکەوتنی بیسارۆڤیچ) کە عوسمانیەکانیان ناچارکرد دوورگەی کریت بگێڕنەوە بۆ بوندقیە، ودەست لە بەلەگراد و بەشێکی وڵاتی سڕب و ئەفلاق ھەڵگرێت بۆ نەمسا وبوندقیە کۆنترۆڵی دلماسیا بکات لەبەرامبەردا مۆرە بگێڕێتەوە بۆ عوسمانیەکان، ھەروەک ئەم سەردەمە سەرەتای وریابوونەوەی عوسمانی بوو بە کرانەوە بەڕووی ڕۆژئاوادا، ھەندێک دانراوی ڕۆژئاوایی وەرگێڕان، وڕیگە درا بە دانانی ناوەندی چاپکردن لە پایتەختا، ڕوخساری چاکسازی ئەوروپیان وەرگرت ھاوشان لەگەڵ پارێزگاری کردن لە بنەما عوسمانیە ئیسلامیەکان وشارستانی ڕۆژاوا ھاتە ناو دەوڵەتەکەوە بە شێوەی جیاواز وبەھێواشی، ھەندێک لە عیلمانیەکان دەرکەوتن، ھەروەک چەند وەفدێکی شارەزا ھاتن و شارەزاییەکەیان خستە خزمەتی دەوڵەت.

سوڵتان محمودی یەکەم

سوڵتان عوسمانی سێیەم

سوڵتان موستەفای یەکەم

سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم

دوای نەخۆش کەوتنی سوڵتان مستەفای سێیەم  حوکمی گرتە دەست و شەڕ بەردەوام بوو لە نیوان ڕوس و عوسمانیدا تا ھەردوولا لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتن لە بەرامبەر چەند خاڵێک لە بەرژوەندی ڕوسیا، کە گرنگترینیان، حەقی ڕوسیا بوو لە پاراستنی ھەموو مەسیحیە ئەرسەدۆکسیەکانی دەوڵەتی عوسمانی. لە ساڵی 1778ز سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم وەفاتی کرد.

سوڵتان سەلیمی سێیەم

سەردەمی چاکسازیی ڕاست ودروست لە سەردەمی سولتان سەلیمی سێیەم دەستی پێردکە لە پێشەنگی چاکساز وسەرکردە ڕاستیەکانی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، وئەوانی دوای خۆی ڕێگای ئەمیان گرت، وچاکسازیەکانی ھەموو ڕوویەکی ژیانی گرتەوە، لە بەڕێوەبردن وڕۆشنبیری وئابوری وکۆمەڵایەتی وسەربازی. وخاوەن ڕۆشنبیریەکی فراوان بوو، کاتێک ھاتە سەر حوکم سەروەتەکانی وڵات لە ئاستیکی نزمدا بوو، وعوسمانیەکان لەشەڕدا بوون لەگەڵ نەمسا وڕوسیا بەڵام لێرەدا چاودێری قەدەر ھات وشۆڕشی فەڕەنسا ھەڵگیرسا، ئیمپراتۆری نەمسا ترسا لەوەی بگاتە وڵاتەکەی ئەویش، ڕێکەوت لەگەڵ عوسمانیەکان وبەلەگراد و وڵاتی سربی گەڕاندەوە بۆیان، سوڵتان سەلیم سودی لە پێشکەوتنی ڕۆژاوا وەرگرت و بیرۆکەی ڕژیمی سەربازی دانا لە جێگەی سوپای ئینکیشاری کە بووبونە سەرچاوەیەک بۆ ئاژاوە و شکست وقەڵای نوێی بنیاتنا وکەشتی لەسەر شێوەی فەرەنسی دروستکرد وداوای یارمەتی سویدی کرد بۆ دانانی تۆپخانە، وسەرچاوە زانتسیەکانی بیرکاری و ھونەری سەربازی وەرگێڕا، ڕژێمێکی ھەڕەمی دانا بۆ سەرکردایەتی سەربازی، ئاسایی بوو کە ناڕەزایی دروست بێت لەلایەن پارێزگارەکانەوە بۆ ئەم یاسا نوێیانە، ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد لەبەر ئەو یاسا سەربازیە نویێە وازیان نەھێنا بە لابردنی سوڵتان بەڵکو کوشتیشیان لەسەر فەرمانی جێنشینەکەی.

لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی سوڵتان سەلیمی سێیەم، ھەڵمەتە فەڕەنسیەکان بوو بۆ سەر میسر بە سەرکردایەتی ناپۆلیۆن بۆناپارت، بەم شێوەیە دوژمنەکانی دوێنێ بوونە ھاوڕێ وبە پێچەوانشەوە، ھاوڕێیەتی فەڕەنسی عوسمانی کۆتایی ھات کە لە سەردەمی سوڵتان سلێمان قانونی کرابوو، وڕوسیا وبەریتانیا ڕێکەوتن لەگەڵ عوسمانیەکان بۆ دەرکردنی فەڕەنسا لە میسر، ھەر لەم سەردەمەدا کۆمار سەربەخۆی یۆنان پێک ھات لە ژێر چاودێری عوسمانیەکان.

سوڵتان موستەفای چوارەم


سوڵتان محموودی دووەم

لە دوای داگیرکردنی میسڕ و شام لە لایەن محمد پاشاوە لە دواین رۆژەکانی سوڵتان مەحمود ھەولی گەڕانەوەی میسر و شامی دا و سوپایەکی نوێی کۆکردەوە و کاتێک لە فوراتەوە ھێرشی کردە سەر شام توشی کارەساتێک ھاتن وسوپای میسریی شکاندنیان لە شەڕی نەسیبین ساڵی 1839ز، بەڵام سوڵتان چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ھەواڵی ئەم شکاندنەی پێ بگات وەفاتی کرد.

 

سوڵتان عبدالمجیدی یەکەم

لاوێکی 18 ساڵان بوو کە لە دوای باوکی(سوڵتان محموودی دووەم ) هاتە سەر حوکم و لە سەردەمی ئەمدا میسڕ و شام گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتداری عوسمانییەکان و توانی پەیماننامەی لەندەن تایبەت بە گەرووەکان لەگەڵ ئەوروپییەکان ببەستێت کە تا جەنگی جیهانی یەکەم بەردەوام بوو .جەنگی قەڕم کە ساڵی 1854ز دەستی پێکرد لە نیوان ڕوسیا ودەوڵەتی عوسمانی لە گرنگترین قۆناغەکانی کێشەی ڕۆژھەڵات بوو، ئەم شەڕە قەیرانیکی دروست کرد لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا، ھاوپەیمانیە سیاسیەکان گۆڕان، بەریتانیا وفەڕەنسا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی وەستان بۆ پاراستنی زەویەکانی لە دژی ڕوس. لە کۆتاییەکانی سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەمدا، ئاژاوەیەکی تائیفی گەورە لە شام بڵاوبوویەوە لە دیمەشق وبیقاع وشاخی لوبنان لە نێوان مەسیحی وموسڵمانەکان بە گشتی ودروز وموارنە بە تایبەتی، کوشتارگەی گەورە ڕوویدا لە نیوانیان وژمارەی قوربانیەکان گەیشتە 12 ھەزار کەس. سوڵتان عەبدول مەجید کۆچی دوایی کرد ساڵی 1861ز، دوای ئەوەی چەند چاکسازیەکی باشی کرد، دیارترینیان فەرمانی یەکسانی ئاینی بوو لە نێوان ھەموو دانیشتوانی دەوڵەتەکەیدا لە ساڵی 1856زدا دەرچوو و بارودۆخی عوسمانیەکانی باش کرد وژمارەی خوێندەوارەکانی زیاد کرد، کە دواتر یارمەتی ژیانەوەی ئابوری دەوڵەتەکەی دا.

سوڵتان عبدالعزیزی یەکەم

سوڵتان مورادی پێنجەم

 

سوڵتان عبدالحمیدی دووەم

گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی عەبدول حەمید ئەزمەی ئەرمەنی وھەڵایسانی بزوتنەوەیسەھیۆنیەت بوو، کە ھەستان بە شێواندنی وێنەی دەولەتی عوسمانی وسوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم، داوای بنیاتنانی دەوڵەتی یەھودیان کرد لە فەلەستین وھانی یەھودیان دا کۆچی بۆ بکەن، بەڵام سوڵتان عەبدول حەمید بڕیاری ڕێ لێگرتنی بۆ دەرکردن، بەڵام لە کۆتاییدا لەژێر فشاری دەوڵەتە ئەوروپیەکان ھەڵیانوەشاندەوە.



سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت

بیرە نەتەوەیەکان بە تەواوی دەستیانگرت بەسەر دوایین سەردەمەکانی عەبدول حەمیدی دووەم، کۆمەڵەی ئیتیحاد وتەرەقی دامەزرا کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لەناو دەوڵەتەکە، زۆر لە ئەفسەرەکان چوونە ناویەوە، سوڵتان عەبدول حەمید ویستی بەرگریان بکات وزانکۆی ئیسلامی دامەزراند بەڵام شکستی خوارد لەبەردەمیاندا، بە تایبەت دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر زۆربەی سوپادا، ئیتیحادیەکان ڕاگەیاندنی دەستورێکی نوێیان سەپاند بەسەر سوڵتاندا تا جێگەی دەستوری یەکەم بگرێتەوە کە لە ساڵی 1876ز ڕاگەیەندرابوو، دەستورەکە ڕاگەیەنرا وئیتیحادیەکان دەستیان گرت بەسەر زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان، کە بینیان سوڵتان ڕێگرە لە بەردەمیاندا، لایانبرد ومحەمەدی پینجەم لە جیگەی دانرا.


سوڵتان محەمەدی پێنجەم

دوای ڕێککەوتنی عوسمانیەکان لەگەڵ ئەڵمانیادا و ڕێگەدان بە ئەڵمانیا کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هێرش بکاتە سەر ڕووس و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زۆر گەورە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوەتی چووە ناو جەنگی جیهانی یەکەمەوە.سوپای عوسمانی لە زۆربەی لاوە چوونە شەڕەوە بێ ئەوەی ئامادەکاری تەواویان بۆ کرد بێت، لەلای ڕوسیاوە تێکشکان، لە باشورەوە بەریتانیەکان لە فاوەوە ھاتنە کەنداوی عەرەبی ودەستیان گرت بە سەر عێراقدا، بەڵام پڕۆسەینۆکەندی سوێس پیش کاتی خۆی تەقیەوەو عوسمانیەکان لەگەڵ میسریەکان ڕێکەوتن بۆ شەڕی بەریتانیەکان بەلام شکستیان خوارد، کەشتیگەلی ھاوپەیمانان ھێرشیان کردە سەر گەرووی دەردەنیل لە ھەنگاوێدا بۆ دەستگرتن بە سەر ئەستانە ودەرکردنی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕدا، ئەم کەشتیگەلە گەورەیە نەیتوانی گەرووەکە بگرێت، عوسمانیەکان تێکیان شکاندن لە داستانێکی وشکانیدا، کە تەنھا سەرکەوتنیان بوو لە بەرامبەر ئەو ھەموو بێھیوابوونەدا، لەم شەڕەدا مستەفا کەمال دەرکەوت. دوای شکستی عوسمانی لە میسڕدا کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی عەرەب و والی حیجاز پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ بەریتانییەکان هەبوو , بۆ ئەوەی شۆڕش بکەن دژ بە دەسەڵاتداری عوسمانی و دەریان بکەن لەبەرامبەردا هاوپەیمانان دەسەڵاتی سەربەخۆیان پێ بدەن.
دواتر عوسمانیەکان ڕێکەوتنی (مودرۆس) یان بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان و لە شەڕ چوونە دەرەوە.سوڵتان محەمەدی پێنجەم مرد چەند مانگێک پێش کۆتایی جەنگ.

محەمەد (وەحیدەدین) ی شەشەم 

دوای سوڵتان محەمەدی برای هاتە سەر دەسەڵات, مانگێک دوای ڕێکەوتننامەی مۆدرۆس ھێزە دەریاییە بەریتانی وفەڕەنسی وئیتاڵی وپاشان ئەمەریکیەکان چوونە سەدەی زیڕینەوە، ھێزەکانیان دابەزاند لە ئەستانە کە کردیانە بنکەیەک بۆ چالاکیە سەربازیەکانی ھاوپەیمانان، ودەستیان گرت بەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشدا، وخاکەکانی تورکیایان دابەشکرد، فەڕەنسیەکان میرسین و ئەدەنەیان گرت، وئیتاڵیەکان ئەنتاکیە وکوشاداسی وقۆنیەیان گرت، یۆنانیەکان ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ وتراقیایان گرت، تورکەکان ملیان کەچ نەکرد بۆ داگیرکاری وپڕۆژەکانی، شۆڕش لە ھەموو وڵات ھەڵگیرسا بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی لەخۆ ئەگرت کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی ئەکرد، وحوکمەتێکی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال دامەزرا ھەموو یاساکانی حوکمەتی پێشووی ھەڵوەشاندەوە، وسولتان وحوکمەتەکەی خستە دەرەوەی یاسا، سولتان ویستی دەست بگرێت بەسەر ئەم بزوتنەوەیە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.



تورکیای نوێ و کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی

سوڵتان ڕیکەوتننامەی سیڤەری ئیمزا کرد لەگەڵ ھاوپەیمانان، بەڵام حوکمەتە کەمالیەکە ڕەتیان کردەوە وپلانیان دانا بۆ ڕزگارکردنی تورکیا وسوڵتان داببڕن لە دەسەڵات، مستەفا کەمال توانی دوای چەند پێکدادانێکی توند لەگەڵ یۆنانیەکان سەرکەوتوو بێت وزەویە داگیرکراوەکانیان لێ بسەنیتەوە، ئاگربەستێکی نوێیان لەگەڵ ھاوپەیمانان گرێدا کە یۆنان دانی نا بە سەرکەوتنەکانی تورکیا، سوڵتان وازی لە ژیانی سیاسی ھینا ووڵاتی بە جێ ھێشت بەرەو ماڵتا ڕۆیشت، لە 17ی تشرینی یەکەمی 1922ز.

عبدالمجیدی دووەم

عەرشی عوسمانی گرتە دەست، دوای ئەوەی مستەفا کەمال ڕێکەوتننامەی لۆزانی بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان ودەستی لە زۆربەی زەویە عوسمانیە ناتورکیەکان ھەڵگرت، پاشان مستەفا کەمال کەوتە ھەوڵی شکۆدارکردنی خۆی و خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی 1924ز، وعەبدول مەجیدی دەرکرد لە وڵات، بەم شێوەیە دەولەتی عوسمانی ڕوخا دوای ئەوەی 600 ساڵ بەردەوام بوو، وخەلافەتی ئیسلامی لەگەڵیدا کۆتایی پێھات دوای ئەوەی 14 سەدە بەردەوام بوو.


سەرچاوەکان

1607 بینین