ئاو

له‌لایه‌ن: - ویداد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2021-04-18-05:45:00 - کۆدی بابەت: 5
ئاو

ناوه‌ڕۆك

ئاو

ماددەیەکی کیمیایییە، کە بە H2O ھێما دەکرێت، یەک مۆڵگە لە ئاو پێکدێت لە گەردێک ئۆکسجین و دوو گەرد لە ھایدرۆجین کە بە بەندی ھاوبەش پێکەوە بەستراون، ئاو شلە لە باری پێوانەییدا، بەڵام لەسەر زەوی زۆرتر بەشێوەی ڕەق، سەھۆڵبەند و بەشێوەی گاز ھەیە. ئاو 70٫9٪ ی ڕووی زەوی دادەپۆشێت.

لەمرۆڤدا، ھەموو خانەکانی لەش لە سەرەوە تا سەری پەنجەکانمان پێویستی بە ئاوە بۆ بەردەوامبوونی ژیان، لەشی مرۆڤ نزیکەی 2/3 (دوو لەسەر سێ) ی پێکھاتەکەی ئاوە، ئەندامێکی وەک مێشک ئاو ٪90ـی پێکدەھێنێت، بۆیە ئەگەر ئاوی پێویست نەگاتە مێشک و ئەندامەکانی تر، ئەوا لەش ناتوانێت کارەکانی خۆی بەباشی بەڕێوە بەرێت، ئەگەر ھاوسەنگی ڕێژەی ئاو لە لەشدا ڕانەگیرێت ئەوا زیان و ئازار بەلەش دەگەیەنێت. کاتێک مرۆڤ ماسوولکەکانی لەشی بەکار دەھێنێت، بڕێکی زۆر ئاو بەکار دەھێنێت و ونی دەکات، تەنھا لە جوڵەی ئاسایی ڕۆژانەی ماسوولکەکاندا دوو کووپ ئاو بەکار دەھێنێت، کرداری ھەناسەدانی ئاسایی مرۆڤ ڕۆژانە نزیکەی 3-4 کووپ ئاو لە لەش دەکاتە دەرەوە، سەر باری ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆری ئاو بە پاشەڕۆ و ئارەقکردنەوە دەکرێتە دەرەوە.

ئاو لە لەشی مرۆڤدا

ئاو لە لەشدا ڕۆڵی بنەڕەتی ھەیە:

  • شێدارکردنی ھەوا لە سییەکاندا بۆ ڕاگرتنی سەلامەتی سییەکان.
  • یارمەتیدانی مێتابۆلیسمی لەش.
  • سەقامگیرکردنی گەرمای لەش لە ئاستێکی جێگیردا.
  • پاکردنەوەی لەش لە ماددە زیانبەخشەکان.

سوود و بەکارھێنانەکانی

خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەی پێویست کۆمەڵێک سوودی زۆری ھەیە کە گرنگە ھەموومان بزانین تا بەردەوام ڕێژەی ئاوی پێویست بخۆینەوە:

  • خواردنەوەی ئاو دەبێتە ھۆی دابەزاندنی کێش، چونکە یارمەتی شۆردنەوەی لەش دەدات لە پاشماوەی ھەرسکردنی چەوری، ئاو ھیچ وزەیەکی تێدا نییە کە ئەمەش دەبێتە ھۆی بەکارھێنانی چەوری لەش، خواردنەوەی ئاو برسێتی کەم دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن.
  • زۆربەی کات ژانەسەر بەھۆی کەمیی ڕێژەی ئاوەوەیە لە لەشدا، بۆیە خواردنەوەی ئاو ھۆیەکە بۆ چارەسەری ژانەسەر بە شێوەیەکی سروشتی، گرنگە پێش ئەوەی بیر لە بەکارھێنانی دەرمانی ئازارشکێن بکەینەوە، ئاو بخۆینەوە.
  • ئاو دەبێتە ھۆی شێداری پێست بەم ھۆیەش پێکھاتە لاستیکیەکەی پێست دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە چرچبوون و وشکبوونەوە.
  • چالاکی دەبەخشێتە لەش بەھۆی چالاکردنی مێشک و یارمەتیدانی ماسوولکەکان.
  • ئەو کەسانەی کە وەرزش دەکەن پێویستە ڕێژەی پێویست ئاو بخۆنەوە بە شێوەیەکی ھێمنانە تا یارمەتیی ماسوولکەکان بدات و گرژبوونی ماسوولکە کەمبکاتەوە بەھۆی گواستنەوەی خۆراک و ئۆکسجین بۆ ماسوولکەکان و ڕزگارکردنی ماسوولکەکان لە پاشەڕۆ خۆراکییەکان.
  • خواردنەوەی ئاو جگە لەکاتی خواردن، یارمەتیدەرە لە کرداری ھەرس و دورکەوتنەوە لە قەبزی و زیادکردنی جوڵەی ڕیخۆڵەکان، بە پێچەوانەوە زۆر ئاو خواردنەوە لەکاتی نان خواردندا دەبێتە ھۆی ڕێگری لە کرداری ھەرس بەھۆی دابەزاندنی ترشێتی گەدە و ھەڵاوسانی.

زۆر خواردنەوەی ئاو

خواردنەوەی ئاو بەڕێژەیەکی زۆر لەسەریەک، دەبێتە ھۆی ژەھراویبوون بە ئاو (بە ئینگلیزی :Water Intoxication)، بە تایبەتی لە منداڵی ساوادا کە ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەگەڵ شیر وەردەگرێت (کاتێک کە شیری زۆر ڕوونی پێدەدرێت) یا لەکاتی کەشوھەوای گەرم خواردنەوەی لەسەریەکی ئاو، ئەمەش دەبێتە ھۆی ھەڵاوسانی خانەکانی لەش و کەمبوونەوەی خەستی خوێن و بەرزبونەوەی په‌ستانی خوێن بەھۆی زیادبوونی قەبارەی خوێنەوە.

دۆخەکانی ئاو

ئاو لەسێ دۆخی جیادا ھەیە:

  • دۆخی شلی
  • دۆخی ڕەقی (بەستوو)
  • دۆخی گازی (ھەڵم)


سەرچاوەکان



17839 بینین