هەڵاوسانی ئابووری

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-24-01:10:00 - کۆدی بابەت: 407
هەڵاوسانی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

پێشەكی

هەڵاوسان بە یەكێك لە گیروگرفتە ئابووریە سەرەكییەكان دادەنرێت كە لەم سەردەمەدا جیهان پێوەی دەناڵێت، سەرەڕای بایەخدانی ئابووریناسەكان بەم دیاردەیە هەتا ئێستا مشتومڕێكی زۆر هەیە دەربارەی هۆكارەكانی و كاریگەری ئابووریان لەسەر ڕژێمی ئابووری و باشترین ڕامیاری كە پێویستە پەیڕەو بكرێت تا زاڵ بین بەسەریدا یان چارەسەر بكرێت.

لەمڕۆدا هەڵاوسان شوێنێكی گەورەی دیاریكردووە كە لێكۆڵێنەوەی زانستی ئابووریدا لەبەر چەند هۆیەك كە لە گرینگترینیان:

بیری كلاسیكی(كۆن) هەمیشە هۆكارەكەی بە زۆربوونی بڕی دراو و بەرۆزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەكان دەبەستێتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكانی تر بكات.

مەترسی لە كاریگەری هەڵاوسان لەسەر چالاكییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان.

هەڵاوسان دوای جەنگی جیهانی دووەم بووە بە دیاردەیەكی بڵاو لە زۆربەی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان و تازە پێگەیشتووەكان دا.

پێناسەی هەڵاوسان

(هەڵاوسان ئەو بەرزبوونەوە بەردەوام و هەست پێكراوەیە لە ئاستی گشتی نرخەكاندا ڕوودەدات لە دەوڵەتێكدا لەوە دروست بووە كە خواستێكی زیاتر هەیە لە چاو خستنە ڕووی شمەك و كارگووزارییەكاندا لە ماوەی دیاری كراودا كە لە شەش مانگ زیاترە.)

یان ئەو زۆربوونی بڕی پارەیەیە كە بە ڕادەیەكە لەگەڵیدا بەهای پارە لە بازاڕەكاندا دادەبەزێت.

جۆرەكانی هەڵاوسان

 

  • هەڵاوسانی خشۆك(هەڵاوسانی مام ناوەندی)

ئەو هەڵاوسانەیە كە نرخەكان بە تێكڕایەك زیاد دەكات ناگاتە %10 و زۆر لەسەرخۆ دەبێـت زیادبوونەكە

  • هەڵاوسانی سەركێش

ئەو هەڵاوسانەیە كە ئاستی گشتی نرخەكان بە تێكڕاییەكی زۆر بەرز زیاد دەكەن و تیایدا دەستاودەستكردنی دراو زۆر دەبێ و دراوەكان لە ئەركی سەرەكی خۆیان دەوەستن كە كۆكردنەوەی بەهاكانن، ئەمەش دەبێـتە هۆی هەرەسهێنانی سیستەمی نەختینەیی و نەمانی بەهای یەكەی دراو، وەك ئەوەی لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1921 ڕوویدا ئەم جۆرەش بە زۆری بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی شەڕ و شۆڕش و جێگیر نەبوونی باری ڕامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەوڵەتەوە.

  • هەڵاوسانی كپكراو

بریتییە لە دانانی نرخ لە لایەن دەسەڵاتدارە بەرپرسەكانەوە و بارێكی كاتییە، چونكە یان ئەوەتا دەسەڵاتداران دەتوانن باری ئابووری ڕاست بكەنەوە بە كار ڕاپەراندنەكانیان لە ڕیگەی نرخی زۆرەملێ و دابەشكردن بە كۆبۆن یان ئەوەتا بارەكە لەدەست دەردەچێت و هاڵاوسانەكە ڕوو لە زیادبوون دەكات و زۆرجار ئاڵۆزتر دەبێت و دەگۆڕێت بۆ هەڵاوسانی سەركێش.

  • هەڵاوسانی بەخێرای زیاد بوو

بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخەكان بە تێكڕایەك كە زۆرترە لە تێكڕایی زیادبوونی هەڵاوسانی خشۆك، بەڵام ماوەی مانەوەكەی لە هەڵاوسانی خشۆك كەمترە.


سەرچاوەکان



21131 بینین