دروستبوونی تۆوەخانەكان لە نێرەدا

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-24-23:42:00 - کۆدی بابەت: 498
دروستبوونی تۆوەخانەكان لە نێرەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نێر دەست دەكات بە دروستبوونی تۆوەكان لە تەمەنی توخمە پێگەیشتندا، واتە لە قۆناغی هەرزەكاریدا، ئەو كاتە دەكرێت زۆربوون ڕووبدات، بەهۆی ئەو لەشە گۆڕانكارییە گونجاوانەوە. دوو هۆرمۆن هەن پلی پێشەوەی ژێر مێشكە ڕژێن دەریان دەدەن كاری هەردوو گونەكە ڕێكدەخەن. هۆرمۆنی هاندەری تەنی زەرد ، ئەو هۆرمۆنە هانی دەردانی توخمە هۆرمۆنی هاندەری تێستێسترۆن دەدات، ئەویش نێرە توخمە هۆرمۆنی سەرەكییە، كە دەردەدرێت لە لایەن ئەو خانانەی كە دەكەونە نێوان تۆوە بۆریچكەكانەوە لە هەردوو گوندا. وە هۆرمۆنی هاندەری چیكڵدانە، بە هاوكاری لەگەڵ تێستێسترۆن هانی دروستبوونی تۆودا دەدەن لە تۆوە بۆریچكەكاندا. ئاسایی نێرە بەردەوام دەبێت لە بەرهەم هێنانی تۆودا، لە زۆربەی ماوەی ژیانیدا، بەم جۆرە دەمێنێتەوە ئەگەر خەستی تێستێسترۆن بە بڕێكی تەواو بمێنێتەوە.

كرداری دروستكردنی گەمیتەكان لە مرۆڤدا كرداری كەمە دابەشبوون دەگرێتەوە، كە دەبێتە هۆی نیوە كردنی جووت كۆمەڵەی كرۆمۆسۆمی (46=2n) بۆ تاك كۆمەڵەی كرۆمۆسۆمی (23=1n)، چوار تۆو دروست دەبن لە هەر خانەیەك كە چووەتە ناو كەمە دابەشبوونەوە. تۆوە خانەكان بۆ ئەوەی پێ بگەن بە گۆڕانكاری گرنگدا تێپەڕ دەبن، ئامادەیان دەكەن بۆ تێپەڕ بوون بە ناو مێیە كۆئەندامی زاوزێدا.

سەرنج بدە تۆو لە سێ بەش پێك دێت ئەوانیش سەرو ناوەندە پارچە و كلكن یان قامچی . لوتكەی سەری تۆو ئەو ئەنزیمانەی تێدایە، كە یارمەتی تۆوەكان دەدات لە كاتی پیتێندا بۆ بڕینی چینە پارێزەرەكانی دەوری هێلكە. هەروەها ناوچەی سەر 23 كرۆمۆسۆمی تێدایە كە لەگەڵ كرۆمۆسۆمەكانی هێلكە یەك دەبن. ناوەندە پارچەكەش ژمارەیەكی زۆر مایتۆكۆندریای تێدایە ، كە وزەی پێویست بۆ جووڵەی تۆوەكە دابین دەكەن. كلك لە یەك قامچی بەهێز پێك دێت كە تۆوەكە دەجوڵێنێت.

                      

ڕێبازی تۆوەكان بە نێرە كۆئەندامی زاوزێدا

تۆوە پێگەیشتووەكان بە ژمارەیەك پێكهاتەی نێرە ئەندامی زاوزێی دیكەدا دەگوازرێنەوە. هەندێكیان تۆوەكان ئامادە دەكەن، بۆ گەشتی چاوەڕوانكراو بە مێیە كۆئەندامی زاوزێدا.

تۆوەكان لە تۆوە بۆریچكەكانی گونەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئاڵۆزە، كە بۆرییەكی درێژی پێچ خواردووە، بە گوونەوە بەستراوە. تۆوەكان پێدەگەن لە ناو ئاڵۆزەدا، كە دروستبوونی كلك(قامچی) تەواو دەبێت، تۆوەكان توانای جووڵە پەیدا دەكەن. سەرەرای ئەوەی كە زۆربەی تۆوەكان لە ئاڵۆزەدا كۆكراوەن، هەندێكیان ئاڵۆزە بە جێدێڵن و بە لوولەی گوێزەرەوەدا تێدەپەڕن، ئەو جۆگەیە لە ئاڵۆزەوە درێژ دەبێتەوە ئەو لووسە ماسولكانەی كە لوولەی گوێزەرەوە دادەپۆشن گرژ دەبن، بۆ بەشداری كردن لە گواستنەوەی تۆوەكان كە لەش بەجێدێڵن. لوولەی گوێزەرەوەش دەچێتە ناو سكە كەلێنەوە كە بە دەوری میزەڵداندا پێچ دەخوات، لەگەڵ میزەڕۆ یەكدەبێت. هەروەها میزەڕۆش جۆگەیەكە كە میز بەناویدا میزەڵدان بەجێدێڵێت، بەم جۆرە هەر یەكە لە میز و تۆو لەشی نێرە بە جێدێڵن بە میزەڕۆدا بەڵام لە هەمان كاتدا نابێت.

لە میزەڕۆدا تۆوەكان تێكەڵ بەو شلانە دەبن كە لە لایەن سێ ڕژێنەوە دەردەدرێن، ئەوانیش تۆواوە چیكڵدانەكان و ڕژێنی پڕۆستات و دوو ڕژێنی كۆپەرن. ئەو جۆگانەی لەم ڕژێنانەوە دەردەچن، بە میزەڕۆ دەگەن. ئەو ڕژێنانەش شلەكان دەردەدەن كە خۆراك دەدەن بە تۆوەكان و دەیانپارێزن، لە كاتی تێپەڕبوونیان بە ناو مێیە كۆئەندامی زاوزێدا. تۆواوە چیكڵدانەكان كە دەكەونە نێوان میزڵدان و ڕێكەوە، شلەیەك دەردەدەن كە پڕە لە شەكرەكان، تۆوەكان وەكو سەرچاوەی وزە بەكاری دێنن. ڕژێنی پڕۆستات كە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر میزڵدانەوە، شلەیەكی تفت دەردەدات، بۆ هاوتاكردنی ترشەكانی مێیە كۆئەندامی زاوزێ. پێش ئەوەی تۆوەكان لەش بەجێبهێڵن هەردوو ڕژێنی كۆپەر، شلەیەكی تفت دەردەدەن، بۆ هاوتاكردنی پاشماوەی ترشیەتی میز لە میزەڕۆدا. تۆوەكان و ئەو دەردراوانەش پێكەوە، تۆواو پێكدێنن كە یارمەتی جووڵەی تۆوەكان دەدات لە مێیە كۆئەندامی زاوزێدا. هەروەها تۆواو پڕۆستاگلاندینی تێدایە، كە هانی گرژبوونی لووسە ماسولكەكانی ناوپۆشی ڕێڕەوەكانی زاوزێی مێیە دەدات.

گەیاندنی تۆوەكان

جۆگەی میزەڕۆ بە چووكدا دەڕوات. ئەویش ئەندامێكە ، كە تۆوەكان دەگەیەنێتە ناو مێیە كۆئەندامی زاوزێ. تۆواو بەهێز لە چووكەوە پاڵدەنرێت، گرژبوونی لووسە ماسولكەكان كە دەوری میزەڕۆ دەدەن پاڵیان دەدەن ئەم كردارەش ناو دەبرێت بە ڕژان. قەبارەی هەر ڕشتنێك لە نێوان 3 تا 4 میلیلیترە لە تۆواو. تۆوەكان تەنها 10%ی قەبارەی ئەم شلەیە پێك دێنن. لەگەڵ ئەوەشدا لە یەك ڕشتندا 300 تا 400 ملیۆن تۆو هەیە، بڕێكی زۆر كەم لەم تۆوانە دەگەنە شوێنی پیتێن، چونكە ژینگە ترشیەكەی ڕێڕەوەكانی زاوزێی مێیە زۆربەی تۆوەكان دەكوژن.

 


سەرچاوەکان

49 بینین