سێ مانگی دووەمی دووگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-14-01:06:00 - کۆدی بابەت: 502
سێ مانگی دووەمی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

هەفتەکانی سێ مانگی دووەمی دووگیانی

سێ مانگی دووەمی دووگیانی لە هەفتەی ١٤ دەست پێ دەکات تاکوو هەفتەی ٢٥ـی دووگیانی.

هەفتەی ١٤ـی دووگیانی

ئەگەری لەبارچوونی منداڵ زۆر کەم بووەتەوە، وە هەروەها لە زۆرینەی خانماندا نیشانەی دڵتێکچوون و ڕشانەوە زۆر کەم بووەتەوە و لەجێی ئەوە دڵەکزە جێی گرتووەتەوە، هەروەها زۆرینەی هاوسەران لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا حەزی سێکسییان زۆر دەبێت و چونکە حاڵەتی دڵتێکچوون نەماوە و وزەی جەستە زیاد دەکات.

هەفتەی ١٥ـی دووگیانی

تاکوو ئێستا نزیکی دوو کیلۆگرام کێشت زیادی کردووە، و لەوانەیە لە هەندێک خانمدا کەمتر و لە هەندێکی تردا زیاتر بێت کە ئەمە ئاساییە و چونکە جەستەی خانمێک بۆ خانمێکی تر جیاوازە، ئەگەر تووشی لووت گیران بوویت ئەوا  زۆر دڵگران مەبە و ئەویش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی لەم ماوەیەدا، لەم ماوەیەدا لەوانەیە تووشی هەڵامەت و هەستیاری ببیت لەم کاتەدا پێویستە کە دووربکەویتەوە لەو شوێنانەی کە هەوایان پیسە، هەروەها دووکەڵی جگەرە و نێرگەلەش، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش شەوان هەڵم بەکاربهێنە تاکوو گیرانی لووتت نەمێنێت هەروەها دەتوانی قەترەی نۆرماڵ سەلاین بەکاربهێنیت بۆ بەربوونی لوتت.

هەفتەی ١٦ـی دووگیانی

دایکەکە ئیتر بە تەواوەتی لەم ماوەیەدا ترسی نەماوە و چونکە ئەگەری لەبارچوون زۆر کەم بووەتەوە، یەکەمین جوڵەی منداڵەکە لەوانەیە وەک و لەرزینێک بێت، لە هەفتەکانی داهاتوودا هەست بە لەقە هاوێشتنی منداڵەکەت دەکەیت.

هەفتەی ١٧ـی دووگیانی

بە هۆی ئەوەی ئیتر سکت گەورە بووە و کێشیشت زیادی کردووە، لەوانەیە هەندێک کات لە کاتی ڕۆشتندا هاوسەنگی خۆت لە دەست بدەیت، ئیتر لەم کاتەوە دووربکەوەرەوە لە لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز تاکوو ئەگەری کەوتنت کەم ببێتەوە، زۆر وریابە ئەگەر شۆفێریت کرد پشتێنی سەلامەتی بەکاربهێنە، بەڵام مەیهێنە بە سەر سکتدا، لە ژێر سنگتەوە و لە بەشی خوارەوەی سکت داینێ.

هەفتەی ١٨ـی دووگیانی

بە هۆی گەورەبوونی سکەوە ئیتر پێویست دەکات جلوبەرگی فراوانتر لەبەربکەیت، وە وا باشترە ئیتر بە لای چەپدا بخەویت، نابێت بە پشتدا بخەویت چونکە منداڵدانت فشار دەخاتە سەر ئێسکەکانی ناوچەی حەوزت، بە تایبەت ئەم فشارە دەگات بە ئەو خوێنهێنەرە گەورەیەی کە فەرمانی گەڕاندنەوەی خوێنە لە ئەندامەکانی خوارەوەوە بۆ دڵ.

لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا بە ئەگەری زۆرەوە فشاری خوێنت کەمتر دەبێت لە ڕێژەی ئاسایی، بۆیە کاتێک پاڵکەوتوویت یاخود دانیشتوویت لەناکاو هەڵمەستەرەوە تاکوو سەرت گێژ نەخوات.

هەفتەی ١٩ـی دووگیانی

ئەگەر تا ئێستاش سۆنەرت نەکردووە، ئەوا بە دڵنییایەوە دەبێت لەم ماوەیەدا بیکەیت، ئەم پشکنینە یارمەتیتی پزیشک دەدات کە بزانێت چەند منداڵت لە سکدایە و بارودۆخ و گەشە کردنیان چۆنە، هەروەها ئاگاداری وێڵاش و ناوکە پەتکیش بێت.

هەفتەی ٢٠ـی دووگیانی

لەم ماوەیەدا لەوانەیە ئازارت هەبێت لە بەشی خوارەوەی سکتدا، ئەم ئازارە مەترسیدار نییە، بەڵام ئەگەر کاتی پشوودانیشت هەر بەردەوام بوو و یاخود توندتربوو ئەوا پێوستە سەردانی پزیشکەکەت بکەیت، هەروەها لەوانەیە گۆڕانکاری لە پێستتدا ڕووبدات، بۆ نموونە ناو دەستت سوور ببێتەوە ئەمە بە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوەیە، هەروەها دروستبوونی پەڵەی تۆخ و قاوەیی لەسەر پێست زۆر ئاساییە و هەر زوو دوای منداڵبوون نامێنێت، وا باشە کە نەچیتە بەر تیشکی خۆر، کاتێک دەچیتە دەرەوە هەموو جەستەت با داپۆشراو بێت و کڵاو و چاویلکەی بەر خۆر بەکاربهێنە و کرێمی دژە خۆریش بدە لە ڕووخسارت.

هەفتەی ٢١ـی دووگیانی

لەم ماوەیەدا بەهۆی کێشهاتنی پێستی سک و مەمکت لەوانەیە هەست بە خوران بکەیت، ئەگەر پێستت وشکە ئەوا بە شێداری بیهێڵەوە و کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە تاکوو خورانەکەی نەمێنێت، هەروەها لەوانەیە چاوەکانت هەستیار بن بە ڕووناکی و هەست بە وشکبوونەوەی چاوت بکەیت یان ئەوەی کە هەست بکەیت شتێک چووەتە چاوتەوە.

هەروەها گرنگە کە پشکنینی شەکرە بکەیت تاکوو دڵنیا ببیتەوە دووچاری شەکرەی کاتی دووگیانی نەبوویت، وە ئاگاداری نیشانەکانی منداڵبوونی پێش وەختە بیت کە وردە وردە لەوانەیە دەربکەون، ئەگەر زۆر تەڕایت هەبوو لە دامێن، یاخود هەندێک جار کەم کەم خوێن ئەوا خێرا سەردانی پزیشک بکە.

هەفتەی ٢٢ـی دووگیانی

ئەگەر کێشت هەر کەم بووە و لاواز بوویت پێشتر، ئەوا پێویستە لەم ماوەیەدا کە کێشت زیاد بکات، ماددەی ئاسن بەکاربهێنە و هەروەها ئەو خواردنانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن وەک، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، ماسی، هێلکە، کەرەوز، دانەوێڵەکان.

هەفتەی ٢٣ـی دووگیانی

بە هۆی زیادبوونی چەوری جەستەتەوە لەوانەیە پێستت زیپکە بکات، هەر بۆیە ڕۆژانە دووجار ڕووخسارت جوان بشۆ و وریابە لە خۆوە ماددەی پاککەرەوەی کیمیایی بەکارنەهێنێت بە بێ پرسی پزیشک، لەم ماوەیەشدا خوێنهێنەرەکانی قاچت دەئاوسێن و ئازاری قاچت زیاد دەکات.

هەفتەی ٢٤ـی دووگیانی

لەم ماوەیەدا واباشە کە بە لای چەپدا ڕابکشێیت و سەرینێک بخەیتە ژێر قاچتەوە تاکوو ئازارت کەم ببێتەوە، هەندێک خانم لەسەر پێستی قاچیان هەست بە کێش هاتنی پێستەکە دەکەن و خوران زیاتر دەبێت بە هۆی ئەم کێش هاتنەوە.

هەفتەی ٢٥ـی دووگیانی

ئەو سەرئێشانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا تووشی دەبوویت بە تایبەت سێ مانگی یەکەمی دووگیانی، لەم ماوەیەدا کەمتر دەبێتەوە و وردە وردە نامێنێت.


سەرچاوەکان

7246 بینین