هەسارەی نیپتۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-22:52:00 - کۆدی بابەت: 1514
هەسارەی نیپتۆن

ناوه‌ڕۆك

هەسارەی نیپتۆن

هەسارەی نیپتۆن هەشتەم هەسارەیە لە دووری لە خۆر و دواهەمین هەسارەی ناو کۆمەڵەی خۆرە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ یەکێتی جیهانی گەردوون ناسان پلۆتۆیان دەرهێنا لە لیستی هەسارەکان و خستیانە سەر لیستی قەزەمە هەسارەکان، نیپتۆن بە چاوی ئاسایی دەبینرێت و تاکە هەسارەیە لە ڕێگەی هاوکێشەی ماتماتیکی دۆزرابێتەوە نەوەک لە ڕێگەی چاودێری کردن بە تەلیسکۆپ، ئەم کارەش لە لایەن (ئەلێکساندەر بۆوڤارد) ئەنجام درا لە ساڵی ١٨٤٦ کە گەردوون ناسێکی فەڕەنسی بوو دوای ئەوەی هەستی بە لادانێکی هەسارەی ئۆرانۆس کرد لە خولگەکەی، ئەو کاتە (ئەلێکسیس) گومانی لەوە بوو کە ئەم لادانە بەهۆی هەسارەیەکی تری نزیک ئۆرانۆس ڕووبدات، یەکسەر دوای ئەوەش لە ڕێگەی تەلەسکۆپەوە نیپتۆن بینرا، ئەمەش بووە هۆی سەلماندنی گومانەکەی (ئەلێکسیس).

هەسارەی نیپتۆن چوارە گەورە هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە، تیرەکەی ٤٩،٢٤٤ کیلۆمەترە، دووریەکەی لە خۆر ٤،٤٩٨ ملیۆن کیلۆمەترە، بە ماوەی ١٦٥ ساڵ جارێک بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە، هەروەها بە ١٦ کاتژمێر و ٦ خولەک جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، بارستاییەکەی ١٧ ئەوەندەی بارستایی زەویە.

نیپتۆن وەکو هەسارە گازیەکانی تر پێکهاتەی سەرەکی بەرگە هەواکەی بریتیە لە گازی هایدرۆجین و هیلیۆم، هەروەها لەبەر دووریەکەی لە گۆی زەوی نەتوانرا وەکو پێویست لە گۆی زەویەوە چاودێری بکرێت، تاوەکو لە ساڵی ١٩٨٩ کەشتی ڤۆیەجەر ٢ توانی بە لایدا تێبپەڕێت و کۆمەڵێک زانیاری نوێی لەسەر کۆکردەوە، دوای ئەوەش لە ڕێگەی تەلەسکۆپی هابل توانرا زانیاری تریشی لەسەر کۆ بکرێتەوە.
نیپتۆن بە ڕەشەبا و گەردەلوولە بەهێزەکانی بەناوبانگە، خێرایی با لەسەر ڕووەکەی هەندێک جار دەگاتە ٢،٢٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە ساڵی ١٩٨٩ ڤۆیەجەر توانی وێنەی گەردەلولێک بگرێت کە درێژی ١٣ هەزار کیلۆمەتر و پانیەکەی ٦٦٠٠ کیلۆمەتر بوو.
کرۆکی نیپتۆن ڕەقە و لە ئاسن و نیکڵ و بەردی سیلیکات پێک دێت، ئەویش دەورەدراوە بە چینێکی بەستوو لە ئاو و ئامۆنیا، دوایی چینێکی گازی دێت کە بەشی زۆری هایدرۆجین و هیلیۆم پێک دێت، چینی دەرەوەش بریتییە لە چینی سەرەوەی بەرگە هەوا کە لە هەورە گازیەکان پێک دێت.
نیپتۆن چواردە پاشکۆ یان مانگی هەیە، گەورەترین و بەناوبانگترینیان مانگی (تریتۆن)ە کە تیرەکەی ٢٧٠٦ کیلۆمەترە، تریتۆن تا ئێستا بە ساردترین تەن لە کۆمەڵەی خۆر دادەنرێت و  پلەی گەرمەیەکەی ٢٣٥ پلەی سەدی لە ژێر سفرە.


سەرچاوەکان



2555 بینین