دەریای ئارافورا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-09-21:30:00 - کۆدی بابەت: 7547
دەریای ئارافورا

ناوه‌ڕۆك

دەریای ئارافورا

دەریای ئارافورا بە ئینگلیزی (Arafura Sea)، دەریایەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای زەریای هێمنەوە و درێژدەبێتەوە بەسەر کەناری کیشوەری نێوان ئوسترالیا و ڕۆژئاوای پاپوا گینێی نوێ کە بەشێکی ئیندۆنیدیایی "مالیزیایی" یه لە دوورگەی گینێی نوێ.

لەڕووی جوگرافییەوە

دەریای ئارافورا لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ کەنداوی کارپێنتاریا و کیشوەری ئوسترالیا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ دەریای تیمۆر و لە ڕۆژئاوای باکوورەوە لەگەڵ دەریاکانی باندا و سەرام و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەربەندی تۆرێس، (بەدرێژایی دەربەندەکە و دوور لە بەشی ڕۆژهەڵات، دەریاکە دەکەوێتە دەریای کۆڕاڵەوە)، هەروەها دەریای ئارافۆرا 1290 کیلۆمەتر (800 میل) درێژە و 560 کیلۆمەتر (350 میل) پانە، قوڵی دەریاکە لە زۆربەی شوێنەکان 50 بۆ 80 مەترە (160 بۆ 260 پێ) و قوڵاییەکەی بەرەو ڕۆژئاوا زیاتر دەبێت، دەریاکە دەکەوێتە سەر تەپی دەریایی ئارافورا کە بەشێکە لە تەپی دەریایی سەهول (Sahul Shelf)، کاتێک ئاستی دەریا لە دوا لووتکەی سەهۆڵدا نزم بوو، دەپی دەریایی ئارافورا و کەنداوی کارپێنتاریا و دەربەندی تۆرێس پردێکی خاکی گەورە و تەختیان پێکهێنا کە وڵاتانی ئوسترالیا و پاپوا گینێی نوێ پێکەوە دەبەستێتەوە و کۆچی هاوڵاتیان لە ئاسیاوە بۆ ئوسترالیا ئاسان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووبەرە فراوانە یەکگرتووەی زەوی کیشوەری سەهولیانی پێکهێنا، پۆوتانەکانی دەریای ئارافورا بریتیە لە  9°00′S 133°0′E و ڕووبەری ڕووەکەی 650,000 کیلۆمەتر دووجایە (250,000 میل دووجا)، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی چوار دوورگەیە.

ناوی دەریاکه لە چییەوه سەرچاوەی گرتووە؟

بەرواری تۆمارکردنی ناوی "دەریای ئارافورا" لە تۆماری ئەوروپیدا بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1663، کاتێک جوان بلاو (Joan Blaeu) لەسەر نەخشەکەی خۆی کە تایبەت بوو بە دوورگەکانی خۆرهەڵاتی هند ئەوەی تۆمارکرد کە دانیشتوانی ناوخۆیی دوورگەکانی مۆلۆکا (Moluccas) بە خۆیان دەڵێن "ئالفۆرێس"، هەرچەندە پێشنیازکراوە کە ناوی دەریای ئارافورا گۆڕانێکی وشەی پۆرتوگالی "ئالفۆرس" بێت کە بە واتای "مرۆڤی ئازاد یان پیاوی ئازاد" دێت، بەڵام پێدەچێت دەریاکە بە ناوی هاررافۆرا (Harrafora) ناوی ڕەسەنی "گەلی شاخەکان" لە دوورگەکانی مۆلۆکا ناونرابێت، ئەمەش ئەو لێکدانەوەیە بوو کە ئەفسەرانی هۆڵەندی کۆلف و مۆدێرا لە ساڵانی 1830کاندا تۆماریان کرد،هەروەها تۆماس فۆرێست (Thomas Forrest) لە ساڵی 1775دا بەناو دوورگەکانی مۆلۆکادا گەشتی کرد و بە وردەکارییەوە ئەوەی تۆمارکرد کە کەسانێک هەبوون خۆیان بە "هەرافۆرا" ناودەبرد و ئەم خەڵکانەش لە بەشی کۆتایی ڕۆژئاوای گینێی نوێدا دەژین، تۆماس ئەوەشی تۆمارکردووە کە ناوی دەریاکە لەنێو دانیشتوانی ماگیندانۆ (مینداناۆ)ـشدا بوونی هەیە کە دانیشتوانی دەشتە لافاوییەکان و دوورگەی مینداناۆ دەگرێتەوە، هەروەها جوگرافیانووس کۆنراد ماڵت برون (Conrad Malte-Brun) لە ساڵی 1804دا ڕاپۆرتەکانی فۆرێستی سەبارەت بە نەتەوەی هەرافۆراس دووبارە کردەوە و بۆرنیۆ (Borneo)شی خستە لیستی ئەو شوێنانەی کە ئەم گروپەی لێ نیشتەجێبوون.

ڕاوگەی ماسی

دەریای ئارافورا سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕاوگەی ماسییە، بەتایبەتی ڕۆبیان و ماسی بنکی دەریا، لەڕووی ئابووریشەوە جۆرە گرنگەکان بریتین لە ماسی دەریایی ئاسیا و ماسی گروپەر "جۆرە ماسییەکی دەریایی دەم گەورەیە" و خێزانی پەنیدی ڕۆبیان و ماسی دەریایی پەڕەکە دەزوویی، لە کاتێکدا کە زۆرێک لە سیستەمی ژینگەیی نیشتە دەریاییەکان و کۆگاکانی خەزنکردنی ماسی لە سەرانسەری جیهاندا کەم دەکرێنەوە یان دەڕوخێندرێن، دەریای ئارافورا وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین ڕاوگەکانی ماسی دەریایی لەسەر زەوی دەریایەکی زۆر باشتر و گرنگترە بە بەراورد بە هەموو دەریاکانی تر، هەرچەندە سەرچاوە سروشتییەکانی دەریای ئارافورا بەهۆی چالاکییە نایاسایی و ڕاپۆرت‌نەکراو و کۆنتڕۆڵ‌نەکراوەکانی ڕاوەماسییەوە لەژێر گوشارێکی زیادکراودا بووە، هەروەها کۆڕی پسپۆڕی دەریایی ئارافورا و تیمۆر (ATSEF) لە ساڵی 2002 دامەزراوە بۆ برەودان بە بەڕێوەبردنی ئەم دەریانە لەڕووی ئابووری و ژینگەییەوە.


سەرچاوەکان



590 بینین