ترساندنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-17:08:00 - کۆدی بابەت: 1993
ترساندنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ترساندنی منداڵ

ترس و تۆقاندن، خۆی لە خۆیدا پەتایەکی بڤە و مەترسیدارە، بە تایبەتی بۆ منداڵ، چونکە بەهرە و توانای مرۆڤ لەناودەبات و وا دەکات کە نەتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێ و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ.
بۆیە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ترساندن و تۆقاندنی منداڵ، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • دەکوتکردن و بێدەنگکردنی منداڵ.
  • سنووردانان بۆ خواست و داواکارییەکانی منداڵ.
  • لاوازی ئاستی زانستی و پەروەردەیی دایک و باوک.
  • پەنگخواردنەوەی بوغز و قین لە ناخیاندا و خاڵیکردنی ئەو بوغز و قینە.
  • لە پێناو خۆدەرخستن و نیشاندانی باسک و ماسوولکەکانیان.
  • کولتور و داب و نەریتی کۆمەڵگە.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوەی کەسانی دیکە.
  • هەبوونی فشاری دەرەکی لەسەر دایک و باوک.

بێگومان پەنابردن بۆ چەکی ترس، کارێکی زۆر بڤە و مەترسیدارە، چونکە ئەم زیانانەی بۆ منداڵ بە تایبەتی و، کۆمەڵگەش بە گشتی دەبێ:

  • منداڵ بڕوا و متمانە بەخۆی نامێنێ و ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ و لەسەر قاچەکانی بوەستێ.
  • لە ژیانی خۆیدا کەسێکی ترسنۆک دەبێت.
  • ناتوانێ بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆی بکات.
  • کەسایەتییەکی لاوازی دەبێ و ناتوانێ بەرگەی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان بگرێ.
  • خەڵک ناتوانێ پشتی پێ ببەستێت.
  • لە کارەکانیدا ڕاڕا و ذڕدۆنگ دەبێ.
  • لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێ و دووچاری نسکۆ دەبێت.
  • توانای بڕیاردانی نابێ، بە تایبەتی لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ لە دوای دێوەزمەی ترس ڕزگاری بێت و لە ژیانی خۆیدا کەسێکی دڵێر و بوێر و چاونەترس بێت، دەبێت دایک و باوکی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • نابێ منداڵەکانیان بترسێنن، بە تایبەتی لە تەمەنی زوودا، چونکە ترساندنی منداڵ بە جنۆکە یان دێو، یاخود شتە ترسێنەرەکان، وا دەکات، کەوا منداڵ ببێتە کەسیکی ورەبەزیو و تۆقیو و ترسنۆک و پشت بەخۆ نەبەستوو.
  • دەبێ دایک و باوک ترسەکانی منداڵ بڕەوێننەوە و لەترس و دڵەڕاوکێ ڕزگاری بکەن.
  • نابێ منداڵ ببەن بۆ شوێنێک، کە بۆ منداڵ سەرچاوەی ترش بێت، تاکو بۆی ڕووننەکرێتەوە  و ترسەکانی نەڕەوێتەوە.
  • نابێ بەنازپەروەردەکردنی منداڵ بگاتە ئاستێک، کە منداڵ بەبێ دایک و باوکی نەتوانێ لە ماڵەوە دەربچێت یان لە ماڵەوە بمێنێتەوە.
  • نابێ بۆ ژیرکردنەوەی منداڵ، پەنا بۆ ئامێر و ئامراز و ئاژەڵە ترسناکەکان ببەن، یاخود باسی ئەو شتانە بکرێت کە سەرچاوەی ترس تۆقاندنن بۆ منداڵ، تاکو ترس لە ناخ و دەروونیدا چەکەرە نەکات.


سەرچاوەکان



883 بینین