گرنگی یەکەمین ددانی خڕێی گەورەی هەمیشەیی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-03:12:00 - کۆدی بابەت: 2512
گرنگی یەکەمین ددانی خڕێی گەورەی هەمیشەیی

ناوه‌ڕۆك

گرنگی یەکەمین ددانی خڕێی گەورەی هەمیشەیی

ئەم ددانە بە ددانی شەش ساڵی ناسراوە بەپێی خشتەی ژماردنی ددانەکان لە پزیشکی دداندا ژمارەی شەشی وەرگرتووە، ئاسایی لە تەمەنی شەش ساڵیدا لە دەمی منداڵدا دەردێت.

ئەم ددانە پشتگوێ دەخرێت بەهۆی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

  1. ئەم ددانە لە پشتەوەی ددانە شیرییەکانەوەیە لە کۆتایی دەمدایە، لەبەر ئەوە لەبەرچاوەی دایک و باوکدا نییە، لە لایەکی ترەوە ئەم ددانە بە زۆری بێ ئەوەی هیچ گرفتێک دروست بکات دەردێت و سەرنجی منداڵ و دایک و باوک ڕاناکێشێت.
  2. ئەم ددانە جێگەی ددانی شیری ناگرێتەوە، وە بۆ دەرهاتنی پێویستی بە کەوتنی ددانی شیری نییە چونکە لە کۆتایی دەمدایە لە دوای ددانە شیرییەکانەوە بە بێ هیچ گرفتێک دەردێت.
  3. هەروەک زانراوە ژمارەی ددانە شیرییەکان بیست (٢٠) ددانە بەڵام ژمارەی ددانە هەمیشەییەکان سی و دوو (٣٢)، لەبەر ئەوە زیاتر لەوەی کە بیست (٢٠) ددانی هەمیشەیی لە ژێر ڕەگی ددانە شیرییەکاندایە و دوای کەوتنیان بە دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکان جێگەیان دەگیرێتەوە، ١٢ ددانی تر لەگەڵ گەورەبوونی شەویلگەی مندالدا لە ناو دەمدا دەردەکەون، ئەم ١٢ ددانەش بریتین لە ٣ ددانی خڕێ لە هەر نیوە شەویلگەیەکدا، لەبەر ئەوە کاتی دەرهاتنی دانە خڕێیەکان ددانی شیری ناکەوێت.
  4. ئەم ددانە لە تەنیشت ددانە شیرییەکاندایە لەبەر ئەوە منداڵ لە تەمەنێکدایە کە تەواوی ددانەکانی شیرییە، ئەم ددانەش وەک ئەوانی تر پشت گوێ دەخرێ.
  5. ئەم ددانە لە کۆتایی دەمدایە لەبەر ئەوە لە کاتی دەم و ددان شۆردندا دەست گەیشتن پێی ئاسان نییە و پاک نابێتەوە.
    پشت گوێ خستنی یەکەم ددانی هەمیشەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم ددانە بە شێوەیەکی خێرا تووشی کلۆری بێت و ئازار و ناڕەحەتی بۆ منداڵەکە دروست بکات، بەداخەوە هەندێ جار وەک ددانێکی شیری دەکێشری، بە کێشرانی ئەم ددانەش لەگەڵ ئەوەی کە منداڵەکە تا کۆتایی ژیانی ددانە هەمیشەییەکەی لەدەست ئەدات، دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکانی تر ڕووبەڕووی کێشە و گرفت دەکاتەوە.

لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکرێت کە منداڵەکانیان گەیشتە تەمەنی شەش ساڵی ئاگاداری ددانی شەش ساڵی بن و پشت گوێی نەخەن، یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لە پاک و خاوێن ڕاگرتنی، وە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێک و پێک بۆ چاودێری کردن و چارەسەر بیبەنە لای پزیشکی دەم و ددان.


سەرچاوەکان



883 بینین