تاقمی ددان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-03:21:00 - کۆدی بابەت: 2514
تاقمی ددان

ناوه‌ڕۆك

تاقمی ددان

هەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ وەک (دەست، قاچ،، ددان، گوێ) ئەگەر لەناو بچن ئەوا بۆ گێڕانەوە جوانی ڕوخسار و شێوەی ئەو مرۆڤە و کاری ئەو ئەندامە، ئەو ئەندامانەی بە شێوەی دەستکرد بۆ دروست دەکرێت. تاقمی ددانیش ئەو جێگرەوە دەستکردەیە بۆ ددانێک یان چەند ددان یا هەمووی بە مەبەستی گێڕانەوەی کاری خۆراک جوین، ئاخاوتن، ڕوخسار و دەم و چاو.
زانست و هونەری دروست کردنی تاقمی ددان دروست کردن پێی دەگوترێت پرۆسۆدۆنتیکس (prosthodontics) وە بە پزیشکی ددانی پسپۆڕ لەم بوارەدا دەوترێت پرۆسۆدێنتیست.

جۆرەکانی تاقمی ددان

بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر تاقمی ددانمان هەیە:

١- تاقمی ددانی جوڵاو.

٢- تاقمی ددانی جێگیر (نەجوڵاو).

تاقمی ددانی جوڵاو

ئەو تاقمەیە کە نەخۆشەکە دەتوانێت لە ناو دەمی دەریبکات هەروەها بیخاتەوە ناو دەمی، ئەمەش دوو جۆرە:

أ- تاقمی تەواوی نەجووڵاو.
ب- نیوە تاقمی جوڵاو.

تاقمی نەجوڵاو (جێگیر)

ئەو جۆری تاقمی ددانەیە کە نەخۆش ناتوانێت لە دەمی دەری بکات. ئەم جۆرەش چەند جۆرێکە:

أ- ڕووکەشی تاجی ددان crown

ب- پرد Bridge

ج- چاندن یان پەیوەست Implant

تاقمی جوڵاو

تاقمی جوڵاوی تەواو

ئەم جۆرە تاقمە پێک هاتووە لە دەستەیەک لە ددانی دەستکرد و شانەی پەیوەندیدار کاتێ نەخۆش سەرجەم ددانەکانی لەدەست چووبێت لە هەردوو شەویلگەدا.

نیوە تاقمی جوڵاو

ئەم جۆرە تاقمە لەو نەخۆشانەدا کە کۆمەڵێک لە ددانەکانی شەویلگەی خوارەوە یان سەرەوە یان هەردوکیان لەدەست داوە واتە کۆمەێڵیک لە ددانە خواکردەکانی خۆیان لەدەمیاندا ماوە.

تاقمی جێگیر (نەجوڵاو)

ڕووکەشی تاجی ددان Crown

ئەم ڕووکەشە دەکرێت بۆ بەشێکی ددان کە تاجی ددانەیەکەیە لەو کاتەدا کەوا تەنها تاجی ددانەکە یان بەشێکی زۆری تاجی ددانەکە لەبەر هەر هۆیەک بێت لەناو چووبێت وە ڕەگی ددانەکە ساغە و بە شێوەیەکی ئاسایی ناتوانرێت پڕ بکرێتەوە لە لایەن پزیشکی دەم و ددانەکەوە، وە ناچار بە ڕووکەش کردنی ددانەکە ددانەکە چاک دەکاتەوە.

پرد Bridge

بەو پێکهاتەی کە دوو خاڵی دوور لە یەک بەیەک دەگەیەنێت دەوترێت پرد. ئەم جۆرە تاقمەش شوێن ددانێک یان چەند ددانێکی لەدەست چوو دەگرێتەوە کە بە شێوەی پردێک دوو لای شوێنە بێ ددانەکە بە یەکەوە دەبەستێت. بە ددانەکانی تەنیشت شوێنە بێ ددانەکە دەوترێت کۆڵەکە (پایە abutment ) وە ددانە دەستکردەکان پێیان دەوترێت پۆنتیک (pontic).
لە تاقمی جۆری پرددا لەبەر ئەوەی کە تەنها شوێنی تاجی ددانە لەدەست چووەکان دەگیرێتەوە، لەبەرئەوە بۆ مەبەستی جێگیر بوون وە جوانی پزیشکی دەم و ددان ناچار دەبێت کەمێک لە تاجی ددانە پایەکان بگرێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت کە ڕووکەشی تاجی ددانەکەی کە بە تاقمی جۆری پردەکەوەیە بەسەردا بکرێت.
بەم شێوەیە تاقمی جۆری پرد بریتییە لە ددانێک یان چەند ددانێکی دەستکرد کە پەیوەستە بە ڕووکەشی ددانە پایەکانەوە. هەر نەخۆشێک کە بیەوێ ئەم جۆرە تاقمە بکات مەرج ئەوەیە کە لە تەنیشت شوێنە بێ ددانەکە پایەی هەبێت و ددانە پایەکانیش تا ڕادەیەکی باش بەهێز بن تاوەکو توانای ئەوەیان هەبێت وەک پایە بۆ تاقمەکە خۆڕاگر بن. بەڵام ئەگەر تەنها لە یەک تەنیشتەوە ددانی پایە هەبوو ئەوە چاکتر وایە لە تاقمی جۆری جوڵاو سوود وەرگیرێت.

تاقمی چێنراو یان پەیوەست Implant

ئیمپلانت مادەیەکە یان تەنێکە کە بە شێوەی تەواو یان نیمچە تەواو لە ناو لەشدا پەیوەست دەکرێت تاوەکو شوێنی شانە یان ئەندامی لەدەست چوو بگرێتەوە.

ئیمپلانتی ددانی

بریتییە لە پارچەیەک کانزا یان ماددەیەکی تر کە لە ناو ئێسکی شەویلگەدا دەچێنرێت تاوەکو وەک پایەیەک بۆ ددانە دەستکردەکان بەکار بهێنرێت.
لەم جۆرە تاقمەدا پێویستی بە ددانی پایە نییە لەبەر ئەوە پێویستی بە تاشینی ددانەکانی تەنیشت ناکات و ڕووکەشیان بەسەردا ناکرێت.

چاکی و خراپی جۆرەکانی تاقم

هەر جۆرێک لە تاقمە ددانەکان چاکی و خراپی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە تاقمی جوڵاو هەرزانە و نەخۆش دەتوانێت بە ئاسانی لە دەم دەریبکات و پاکی بکاتەوە پاشان بیخاتەوە شوێنی خۆی، بەڵام لەبەر ئەوەی جوڵاوە لەوانەیە لە کاتی خواردن یان قسەکردن شوێن گۆڕکێ بکات و بجوڵێت.
تاقمی نەجوڵاو و جێگری زیاتر لە ددانە خواکردەکانی نەخۆشەکوە نزیکترە لە شێوە و ڕوخساردا وەک لە تاقمی جوڵاو، لە کاتی قسەکردن و نان خوارندا ناجوڵێت بەڵام گرانە و پاککردنەوەیان وردییەکی زیاتری دەوێت.


سەرچاوەکان



1246 بینین