بەرهەمهێنانی شیرەمەنی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-19-09:27:00 - کۆدی بابەت: 3459
بەرهەمهێنانی شیرەمەنی

ناوه‌ڕۆك

بەرهەمهێنانی شیرەمەنی بە مەبەستی بازرگانی

بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لەو ناوچانەدا بڵاوە کە شێدار و هاوینیشی مام ناوەندییە و مەیلەو ساردە، ئەمەش کار دەکاتە سەر ئەوەی بەهەڵمبوون لە لەشی ئاژەڵدا کەمتر بڕوات لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە گژوگیا ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت لە ساڵەکەدا، ئەمەش کار دەکاتە سەر ئەوەی کە بەرهەمی شیرەمەنی زیاتر بێت، ئەو ناوچانەی ئەم شێوازی کشتوکاڵەی تیا باوە لەچاو خۆیدا زەوییەکەی سەختە و کەم بەرهەمە، ئەمەش وا لە کەشتیارەکان دەکات کە کشتوکاڵ نەکەن، لەباتی ئەوە بە کشتوکاڵی ئالیک وەبەری بهێنن، ناوچە سەرەکییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوردا دەردەکەون. لە کیشوەری ئەوروپاشدا بە شێوەی پشتێنەیەک دەردەکەوێت کە لە بەریتانیا و باکووری فەرەنساوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە بەشەکانی خۆرئاوای روسیای فیدراڵ. بەڵام لە ئەمەریکای باکووردا لە کەناری زەریای ئەتڵەس لە کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە درێژ دەبێتەوە بەرەو خۆرئاوا، ناوچەکانی تری بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە بەشی کەنارەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئوستوڕاڵیا و دوورگەی تەسمانیا و دوورگەی باکووری نیوزەلەندەدا دەردەکەوێت، بێجگە لەو شوێنانەی دەوروبەری شآرە گەورەکانیشی گرتووەتەوە.

خاسییەتەکانی بەرهەمهێنانی شیر

  • لە ئەنجامی زۆری چڕی دانیشتوان قەبارەی کێڵگەکە بچووکە، بەرزی نرخی زەوی لە چآو ئەو کێڵگانەی نزیک شآرن کاری کردووەتە سەر بچووکی قەبارەکەی.
  • لە چوارچێوەی ئەم شێوازەدا ئاژەڵداری ڕووی کردووەتە مانگا بەخێوکردن بۆ بەرهەمهێنانی شیرەمەنی وەک مانگای هۆڵشتاین و جرس. تەمەنی ئەو مانگایەی شیرەمەنی بەرهەم دەهێنێت دەگاتە (٥) ساڵ بە پێچەوانەی مانگای گۆشت هەر کە گەیشتە دوو ساڵ سەردەبڕدرێت.
  • لە چوارچێوەی ئەم شێوازەدا کێڵگە تەرخان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی چەشنی تایبەتی لە بەروبوومی شیرەمەنی بەپێی نزیکی لە بازاڕەوە، ئەوانەی نزیکن شیرەمەنی تازە بەرهەمدەهێنن، لە کاتێکدا دوورە بازاڕەکان کەرە و پەنیر دێننە بەرهەم کە دەتوانرێت بۆ شوێنی دوورتر بگوێزرێتەوە بێ ئەوەی خراپ بێت وەک شیرەمەنی تازە. بێجگە لەوەی گواستنەوەشی کەمتری تێدەچێت، چونکە بەرهەمهێنانی کیلۆیەک پەنیر پێویستی بە بیست کیلۆ شیر هەیە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پیشەسازی شیرەمەنی وەک کەرە و پەنیر و شیری وشک بۆچی لە کەنەدا و ئوستورالیا و نیوزلەندە دامەزراوە هەرچەندە لە بازاڕەکانیانەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا دوورن.
  • سەرمایەیەکی گەورە بەکاردێنێت بۆ کڕینی ئاژەڵ و ئامێر و خانووبەرە دروست کردن بۆ پاراستنی ئاژەڵ.
  • بۆ جێبەجێکردنی کاری بەرەدوامی ڕۆژانە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە کارگەران هەیە، بۆ نموونە دەبێت هەموو ڕۆژێک مانگا دوو جار بدۆشرێت.
  • ئاژەڵداری پشت بەو ئالیکە دەبەستێت کە لە ناو کێڵگەدا بەرهەم دەهێنرێن، یان لەسەر ئەو ئالیکەی لە دەرەوەی کێڵگە بەرهەم دەهێنرێن، ئەگەر قەوارەی کێڵگەکە بچووک بێت وەک لە دانیمارک و ئوستورالیا و نیوزلاند لەوە بەدەرن چونکە پشت بە گژوگیای سروشتی دەبەستن بێ ئەوەی پێویستیان بە کشتوکاڵی ئالیک هەبێت.

 


سەرچاوەکان



1162 بینین